بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی لێپرسینەوەیەکی پەیوەست بە دۆسیەی گەندەڵی، هێزەکانی پۆلیس ٥٩ کەسیان دەستبەسەر کرد کە سێ سەرۆک شارەوانیی سەرەکیی تێدایە.
ئاوێنە: پرۆسەی دەستبەسەرکردنەکە لەسەر فەرمانی داواکاری گشتیی بووە و هەریەک لە وەهاب سەچەر، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری مێرسین، عەبدوڵا ئۆزییگیت، سەرۆکی شارەوانیی یەنیشەهیر، لەگەڵ ئەحمەد سەرکان تونجەر، سەرۆکی شارەوانیی مەزیتلی دەگرێتەوە. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بەرپرسانە و ڕێکارەکانی دەستبەسەرکردنیانی جێبەجێ کردووە.
لێکۆڵینەوەکان بە دیاریکراوی لەسەر بانگەشەکانی بوونی گەندەڵییە لە ناو شارەوانییەکانی گەورەشاری مێرسین، یەنیشەهیر و مەزیتلی. بەپێی زانیارییەکانی ناو دۆسیەکە، وردبینی لە ١٣ تەندەر و ٦٣ گرێبەستی کڕینی ڕاستەوخۆدا کراوە، کە گومان دەکرێت بەهۆیانەوە بڕی ٣٣٠ ملیۆن و ٩٤٥ هەزار لیرە زیان بە کەرتی گشتی و سامانی دەوڵەت گەیەنرابێت.