نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا: سه‌روه‌ری ته‌نیا كشانه‌وه‌ی هێزی بیانی نییه‌، به‌ڵكو به‌رپرسیارێتییه‌كی نیشتمانییه‌
  2026-10-01     

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی به‌شداریكردنیدا له‌ رێوڕه‌سمی "رۆژی سه‌روه‌ری" له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، سەروەری، تەنیا کشانەوەی هێزى سەربازيی بیانی نییە، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە. ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات، کاتی ئەوە هاتووە تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناو ماڵی عێراقی، لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداوه‌ تا پرسی چەک، چارەسەر بکەین. ده‌شڵێت، با ئەم وەرچەرخانە بکەینە دەستپێکی متمانەیەکی پتەوتر لەنێوانماندا.

ئاوێنه‌: نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەغدا بەشداریی لە ڕێوڕەسمی رۆژی سه‌روه‌ریدا كرد كه‌ بە ئامادەبونی عه‌لى فالح زه‌يدى، سەرۆک وەزیران و هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و نوێنەرانی نێودەوڵەتی بەڕێوەچو و وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد.

نێچیرڤان بارزانی له‌ وته‌كه‌یدا وتی "پێوەری سەرکەوتنی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی ئەوە نییە تا هەتایە هێزى‌ بيانى لێره‌ بمێنێتەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە ئێمەی عێراقی؛ ئەمڕۆ بەتەواوی؛ توانامان هەبێت بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان لەئەستۆ بگرین."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "به‌ كۆتاييهاتنى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق، ئەمڕۆ دەچینە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە توانا نیشتمانییەکانمان. چاومان لەوەیە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمه‌ریکا و وڵاتانی هاوپەیمان، لە پێداویستییەکانی شەڕی دژی تیرۆرەوە، بگوازرێتەوە بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەنی هاوسەنگ لە بوارەکانی ئه‌منى، ئابووری، وەبەرهێنان، وزە، پەروەردە، تەکنەلۆژیا و دیپلۆماسیدا."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"سەروەری، تەنیا کشانەوەی هێزى سەربازيی بیانی نییە، بەڵکوو بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە. سەروەری واتە دەوڵەت خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت. واتە ده‌ستوور و فيدراڵى جێبه‌جێ بكرێت و دامەزراوە دەستوورییەکان مەرجەعی هەمووان بن. واتە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی شەرعیى ده‌وڵه‌تدا بێت."

سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "هێزی عێراق له‌ چه‌كى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت و له‌ ئاڵۆزى و ناسه‌قامگيريدا نييه‌. هێزى عێراق له‌وه‌دايه‌ به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. لەوەدایە کە لۆژیکی دەوڵەت و دەستوور زاڵ بێت و هاوسه‌نگى و مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى بپارێزێت."

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ "ئيتر کاتی ئەوە هاتووە تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناو ماڵی عێراقی، لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداوه‌ تا پرسی چەک و مافی سەرجەم پێکهاتەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی عێراقییانە چارەسەر بکەین، نەک ڕێگە بدەین ببنە قەیرانی بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتوو."

وتیشی "ئێمە خوازیاری عێراقێکی ده‌ستووريى فیدراڵی، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی تەواوین. وڵاتێک کە بێ جياوازى پارێزەری ژيان و ئاسایشی هەموو پێكهاته‌كان و هاووڵاتییانی بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێ و دۆستانیدا هەبێت و نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵکوو ببێتە چەقی ئاشتی، گفتوگۆ و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد "ئەو عێراقە بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەموومانە. ئێمەش لە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ هەر هەنگاوێک کە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەهێز بکات. لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و تەواوی هێز و پێکهاتەکانی عێراقدا، بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور کاردەکەین؛ هاوکات جەخت لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان پێشمەرگە، سوپا و تەواوی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان دەکەینەوە."

نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو"با ئەم وەرچەرخانە بکەینە دەستپێکی متمانەیەکی پتەوتر لەنێوانماندا؛ دەستپێکی قۆناغێک کە تيایدا عێراق بە یەکڕیزی، سەروەریی یاسا و هاوبەشیی دەستووریی هەموو پێکهاتەکانی، به‌رز و پارێزراو بێت."

ده‌قی وته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

به‌ڕێز جه‌نابى عەلی فالح ئەلزەیدی

سه‌رۆكوه‌زيران و فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌ چه‌كداره‌كان،

به‌ڕێز سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق

ئامادەبووان و میوانانی بەڕێز،

سڵاوى خواتان لێ بێت..

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم بۆنە نیشتمانییەدا لە بەغدا لەگەڵتانم، لە ساتەوەختێکی ڕاگوزەر و وەرچەرخاندا بۆ وڵاتەکەمان کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.

بۆ چەندین دەیە، عێراق بە قۆناغی زۆر سەخت و دژواردا تێپەڕی. کاتێکیش تیرۆریستانی داعش هێرشیان هێنایە سەر وڵاته‌كه‌مان، هەموو عێراقییەکان پێکەوە لە یەک سەنگەردا لە دژی تیرۆر وەستانەوە.

سوپای عێراق، پێشمەرگە، حه‌شدى شه‌عبى له‌گه‌ڵ تەواوی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان، بە خوێن و قوربانیدانی هاوبەش بەرگرییان لەم نیشتمانە کرد. لێره‌دا، به‌وپه‌ڕى‌ ڕێزه‌وه‌ له‌ قوربانيدانى هه‌موويان ده‌ڕوانين. دروود و سڵاو بۆ گيانى پاكى ته‌واوى شه‌هيدان ده‌نێرين.

لەو قۆناغە سەختەدا، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق، ئەمه‌ریکا له‌گه‌ڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دۆستانمان، لەپاڵ ئێمه‌دا وەستان و هاوکارییان کردین. ئێمە، هه‌موو عێراقييه‌كان ئەوەمان لەبیرە و پێزانینمان بۆ پاڵپشتییان هەیە.

ئه‌مڕۆش كه‌ به‌پێى ڕێككه‌وتنيان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ؛ خاكى عێراق جێده‌هێڵن، ئێمه‌ هه‌رگيز ئه‌و هاوكارى و پشتيوانييه‌ له‌بير ناكه‌ين و بۆ هه‌ميشه‌ به ‌ڕێزه‌وه‌ لێى ده‌ڕوانين، بەڵام پێزانینی ڕاستەقینە دەبێت بەرەو هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی نيشتمانى له‌ عێراق گەشە بکات.

پێوەری سەرکەوتنی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی ئەوە نییە تا هەتایە هێزى‌ بيانى لێره‌ بمێنێتەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە ئێمەی عێراقی؛ ئەمڕۆ بەتەواوی؛ توانامان هەبێت بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان لەئەستۆ بگرین.

به‌ كۆتاييهاتنى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق، ئەمڕۆ دەچینە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە توانا نیشتمانییەکانمان. چاومان لەوەیە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمه‌ریکا و وڵاتانی هاوپەیمان، لە پێداویستییەکانی شەڕی دژی تیرۆرەوە، بگوازرێتەوە بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەنی هاوسەنگ لە بوارەکانی ئه‌منى، ئابووری، وەبەرهێنان، وزە، پەروەردە، تەکنەلۆژیا و دیپلۆماسیدا.

هاوبەشییەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەت، بە جۆرێک کە لە خزمەت هەموو عێراق و ته‌واوى پێكهاته‌كانى و ئارامى و سەقامگیریی ناوچەکەدا بێت.

ئامادەبووانی بەڕێز،

كاتێك ئەمڕۆ باس لە سەروەری دەکەین، دەبێ بە ڕوونی پێناسەی بکەین:

سەروەری، تەنیا کشانەوەی هێزى سەربازيی بیانی نییە، بەڵکوو بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە.

سەروەری واتە دەوڵەت خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت. واتە ده‌ستوور و فيدراڵى جێبه‌جێ بكرێت و دامەزراوە دەستوورییەکان مەرجەعی هەمووان بن.

واتە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی شەرعیى ده‌وڵه‌تدا بێت.

هێزی عێراق له‌ چه‌كى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت و له‌ ئاڵۆزى و ناسه‌قامگيريدا نييه‌. هێزى عێراق له‌وه‌دايه‌ به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. لەوەدایە کە لۆژیکی دەوڵەت و دەستوور زاڵ بێت و هاوسه‌نگى و مافى هه‌موو پێكهاته‌كانى بپارێزێت.

بۆيه‌ ئيتر کاتی ئەوە هاتووە تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناو ماڵی عێراقی، لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداوه‌ تا پرسی چەک و مافی سەرجەم پێکهاتەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی عێراقییانە چارەسەر بکەین، نەک ڕێگە بدەین ببنە قەیرانی بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتوو.

ئێمە خوازیاری عێراقێکی ده‌ستووريى فیدراڵی، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی تەواوین. وڵاتێک کە بێ جياوازى پارێزەری ژيان و ئاسایشی هەموو پێكهاته‌كان و هاووڵاتییانی بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێ و دۆستانیدا هەبێت و نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵکوو ببێتە چەقی ئاشتی، گفتوگۆ و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە.

ئەو عێراقە بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەموومانە. ئێمەش لە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ هەر هەنگاوێک کە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەهێز بکات. لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و تەواوی هێز و پێکهاتەکانی عێراقدا، بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور کاردەکەین؛ هاوکات جەخت لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان پێشمەرگە، سوپا و تەواوی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان دەکەینەوە.

با ئەم وەرچەرخانە بکەینە دەستپێکی متمانەیەکی پتەوتر لەنێوانماندا؛ دەستپێکی قۆناغێک کە تيایدا عێراق بە یەکڕیزی، سەروەریی یاسا و هاوبەشیی دەستووریی هەموو پێکهاتەکانی، به‌رز و پارێزراو بێت.

زۆر سوپاستان ده‌كه‌م، هيواى ئێواره‌يه‌كى خۆشتان بۆ ده‌خوازم

زۆرترین بینراو
هۆكاری دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب
"سەیری تۆ دەکەم‌و شێرێک دەبینم"، دیداری ناتانیاهۆ لەگەڵ پاڵەوانی گەشتی فڵای دوبەی
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق دو مه‌رج بۆ كاركردنی كۆڕه‌ك تیلیكۆم دیاری ده‌كات
ئۆجه‌لان: ده‌بێت یه‌به‌شه‌ له‌ شه‌نگال بمێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌بێت، نه‌‌ بارزانی و نه‌ عه‌ره‌به‌كان مافی ژیانیان پێناده‌ن
سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆرى عێراق بۆ داواى لێبووردن دەچێتە پردێ
نه‌تانیاهو: یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌وانه‌كان به‌ چه‌قۆ له‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی تری داوه‌و ویستویه‌تی فڕۆكه‌كه‌ بخاته‌ خواره‌وه‌
مەسعود بارزانی لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانان: پێشمەرگە ئامادەیە هەموو هەڕەشە و دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێم تێکبشکێنێت
په‌یامی تره‌مپ له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق
کاریگەرییەکانی کشانەوەی ئەمریکا لەسەر ئابووریی عێراق
گومانەکانی ئیسرائیل لە هەوڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەک؛ گەشتێکی دوبەی-تەلئەبیب ئاراستەکەی دەگۆڕێت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×