لە ماوەی زۆربەی ڕۆژەکانی مانگی ئەیلوولدا، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە "دەنگی تەقینەوە لە دەريادا بیستراوە"، کە ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ بوونی جووڵەی سەربازی لە گەرووی هورمز. لە کاتێکدا ئەو ڕاپۆرتانە سەرەتا لایەنی بەرپرسیان لە هێرشەکان دیاری نەدەکرد، دواتر دەرکەوت کە ئێران خۆی لە پشت ئەو کارانەوە بووە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییە نهێنییەکان کە بەرپرسێکی ئەمنیی ڕۆژئاوایی – بە مەرجی نهێنیبوونی ناسنامەکەی بەهۆی هەستیاریی زانیارییەکانەوە – بە ڕۆژنامەی «نیویۆرک تایمز»ی داوە، ئێران هەفتانە دەیان هێرش لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە دەکاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووەکەدا. ئەم هێرشانە، هەرچەندە زۆرجار ئامانجەکانیان ناپێکن، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر لە چاوی ڕای گشتی دوور خراونەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، وادیار بوو کە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمین جار بەرپرسیارێتیی خۆی لەو تەقینەوانە ڕاگەیاند کە نزیکەی هەموو ڕۆژێک لە کەناراوەکانی باشووری ئێرانەوە دەبیسترێن، و ئاماژەی بەوە کرد کە هەر ٢٤ کاتژمێر جارێک ئامانجەکان لە گەرووی هورمز دەپێکن. لەم بارەیەوە، وتەبێژی سوپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنی فەرمیدا وتی: "ڕێگری لە تێپەڕبوونیان دەکەین، بەڵام ماوەیەکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ وەڵامێکی نەبووە."
ئەم پێشهاتانە ئەوە دەردەخەن کە هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا هێشتا مەترسیی لەسەرە، هەرچەندە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی هەژموونیدا بپارێزێت.
گرێگۆری برو، شیکەرەوەی تایبەت بە کاروباری ئێران لە گرووپی «ئۆراسیا»، دەڵێت: "دانوستانەکان هیچ بەرەوپێشچوونێکیان بەخۆوە نەبینیوە و هیچ کام لە لایەنەکانیش ئامادەیی ڕاستەقینەیان بۆ پاشەکشە نیشان نەداوە، بۆیە ئێستا لە دۆخێکی چەقبەستووداین." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە گرژییەکانی گەرووەکە ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخەیە کە هەردوو لایەن تێیدان، چونکە هیچ کامیان نایەوێت ململانێکان بە توندی ئاڵۆزتر بکات، بەڵام هەردووکیان دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییەدا بسەپێنن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەرپرسە ئەمنییە ڕۆژئاواییەکە خستوویەتە ڕوو، لە سەرەتای مانگی ئابەوە، ئێران هەفتانە نزیکەی ٣٠ هێرشی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ١٠ هێرشی بە مووشەکی دژە کەشتی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ناو گەرووی هورمز ئەنجام داوە. بەرپرسەکە ڕوونیشی کردەوە کە لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا بەلایەنی کەمەوە چوار کەشتیی بازرگانی لەلایەن ئێرانەوە پێکراون.
لە لایەکی دیکەوە، ئامارەکانی ڕێکخراوێکی چاودێریی سەر بە هێزی دەریایی بەریتانیا دەریدەخەن کە لە ١٠ی ئەیلوولەوە تا ئێستا، لانی کەم ١٣ کەشتی (کە زۆربەیان نەوتهەڵگرن) بەر مووشەک یان پارچەی مووشەک کەوتوون. شارەزایانی بواری دەریایی پێیان وایە کە وردەکارییەکانی ئەم ڕاپۆرتانە – هەرچەندە پشت بە زانیارییە خۆبەخشییەکانی تیمەکانی کەشتییەکان دەبەستن و ناوی لایەنی هێرشبەر بە ڕوونی ناهێنن – ئاماژە بە تێوەگلانی ئێران دەکەن لە زۆربەیاندا.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدا بەردەوامن کە هەناردەی نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دەگاتەوە ئاستەکانی پێش دەستپێکردنی جەنگ. شیکەرەوەکان هۆکاری ئەم بوژانەوەیە دەگەڕێننەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا کە ئامانج لێیان پاراستنی کەشتییەکانە لە هێرشەکان، ئەمەش بووەتە هۆی هاندانی وڵاتانی سەرەکیی هەناردەکاری نەوت وەکو سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بۆ زیادکردنی بارەکانیان.
ئەو کەشتییانە بە نێو ئاوە هەرێمییەکانی عوماندا و بە ڕێڕەوێکدا تێدەپەڕن کە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت، هەروەها لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و کۆپتەرە هێرشبەرەکانی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە کەشتییەکان ئامێرەکانی ناسینەوە و پەیوەندیکردنیان (Transponders) دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی بەبێ تێبینی تێپەڕن.
بەڵام شیکەرەوەکان پێیان وایە دابینکردنی ئەم پاراستنە سەربازییە لەلایەن ئەمریکاوە پێویستی بە سەرچاوەیەکی دارایی و سەربازیی زۆر هەیە و سەختە بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام بێت. بەپێی داتاکانی کۆمپانیای «کپلەر» (Kpler) کە تایبەتە بە بەدواداچوونی جووڵەی بارە بازرگانییەکان، بەشێکی زۆری زیادبوونی قەبارەی هەناردەی ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئەو ڕێڕەوانەی کە بە تەواوی خۆیان لە گەرووی هورمز دەپارێزن.
ئانا سوباسیچ، شیکەرەوەی مەترسییە بازرگانییەکان لە کۆمپانیای «کپلەر»، لەم بارەیەوە دەڵێت: "تەنها زیادبوونی ژمارەی کەشتییەکان و بڕی ئەو نەوتەی دەگوازرێتەوە بەراورد بە قۆناغەکانی پێشووی جەنگەکە، بەو مانایە نایەت کە جووڵەی کەشتیوانی گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی."
جێی ئاماژەیە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ڕەتی کردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو هێرشانە بدات کە کراونەتە سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە مانگی ئەیلوولدا. هاوکات، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە سەرەتای هەمان مانگەوە ئەنجامدانی هیچ جۆرە هێرشێکی بۆ سەر ئێران یان کەشتییەکانی ئەو وڵاتە ڕانەگەیاندووە.