پۆلیسی مه‌هاباد رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له روداوێكی ته‌قه‌كردندا له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی دادگای مه‌هاباد، كه‌سێك كوژراوه‌و چوار كه‌سی دیكه‌ش برینداربون و ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ش ده‌ستگیركراوه. به‌قسه‌ی پۆلیس، هۆكاری روداوه‌كه، "كێشه‌ی دوژمندارییه‌وه" بوه.
ئاوێنه: ئەمیرڕەزا ڕەسولیان، فه‌رمانده‌ی پۆلیسی شاری مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ره‌سمی هه‌واڵی ئێران وتی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، لەبەردەم باڵه‌خانه‌ی دادگای مەهاباد پێنج کەس دراونه‌ته به‌ر ده‌ستدڕێژی گوللـه‌و له ئاكامدا یه‌كێكیان گیانی له‌ده‌ستداوه‌و چوار كه‌سه‌كه‌ی دیكه‌ش برینداربون.
وتیشی، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس دەریده‌خەن کە هۆكاری روداوه‌كه "دوژمنداری و بابەتی تۆڵەسەندنەوە بوە."
فەرماندەی پۆلیسی مەهاباد ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بەپێی لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوەکان، کوڕی کەسی ته‌قه‌كه‌ر چەند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر کوژراوه و ئه‌ویش ئەمڕۆ لەبەردەم دادگا تەقەی لە ئەندامانی خێزانی ئەو کەسە کردوە کە بە بەرپرسیاری کوشتنی کوڕەکەی زانیوە.
رەسولیان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ته‌قه‌كه‌ره‌كه ڕاستەوخۆ دوای ڕوداوەکە دەستگیرکراو بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر درایە دەست پۆلیس.
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم ڕوداوە لەژێر لێکۆڵینەوەدان، وتیشی: زانیاریی زیاتر دەربارەی وردەکارییەکانی ڕوداوەکە دوای تەواوبونی لێکۆڵینەوەکان ڕادەگەیەنرێت.