کاردانەوەکانی سزادانی ئامەدسپۆر؛ دەم پارتی تۆمەتی "رەگەزپەرستی" ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکات
  2026-10-04     

دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا سزایەکی دارایی قورسی بەسەر یانەی ئامەدسپۆردا سەپاند، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رەخنەی توندی لە دامەزراوە وەرزشییەکانی ئەو وڵاتە گرت و بڕیارەکانی بە "رەگەزپەرستانە" وەسف کرد.

ئاوێنە: ​لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە کەرتی وەرزش، بەتایبەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێ و لێژنەی ناوبژیوانان، لەلایەن "کەسانێکی بێتوانا"وە بەڕێوەدەبرێن. ناوبراو پێی وایە تا پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیا جێگیر نەبێت، ناتوانرێت ژینگەیەکی پاک بۆ وەرزش و تۆپی پێ دابین بکرێت. هەروەها بێدەنگیی فیدراسیۆنەکەی بەرانبەر بەو هەڕەشە و جیاکارییانە سەرکۆنە کرد کە لە نێو یاریگاکاندا رووبەڕووی یانە کوردییەکە دەبنەوە، و پرسیاری ئەوەی وروژاند کە بۆچی دەبێت یانەیەکی کوردی بەردەوام رووبەڕووی ئەم جۆرە دژایەتییانە ببێتەوە.

​هاوسەرۆکی دەم پارتی تەنیا باسی لە ئاستی یانەکان نەکرد، بەڵکو رەخنەی ئاراستەی هەڵبژاردەی نیشتمانیی تورکیاش کرد. بە گوتەی ئەو، رێگری لەو یاریزانە کوردانە دەکرێت کە لە خولەکانی ئەوروپا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی درێسی هەڵبژاردەی تورکیا بپۆشن، هۆکارەکەشی تەنیا بۆ "شوناسی کوردیی" ئەو یاریزانانە گەڕاندەوە.

​ئەم کاردانەوانە لە کاتێکدان، لێژنەی رێککاریی سەربە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، بە پاساوی "بەرزکردنەوەی دروشمی سیاسی" لە کاتی یارییەکاندا، سزایەکی دارایی بە بڕی زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیرەی تورکی بەسەر ئامەدسپۆردا سەپاند. ئەم هەنگاوەش لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتار و سیاسەتمەداری باکووری کوردستانەوە نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە و وەک درێژکراوەی سیاسەتی پەراوێزخستن و نادادپەروەری دژی یانەکە لێکدراوەتەوە.

​یانەی ئامەدسپۆر کە نوێنەرایەتیی شاری ئامەد دەکات، مێژووییەکی پڕ لە ململانێی لەگەڵ لێژنە تەمێکارییەکانی تۆپی پێی تورکیادا هەیە و یەکێکە لەو یانانەی زۆرترین سزای بەسەردا سەپێنراوە. بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، سزاکانی پێشوو تەنیا پەیوەست نەبوون بە دروشمی هاندەرانەوە، بەڵکو پێشتریش یانەکە بە بیانووی هەبوونی نووسین و دروشمی کوردی لەسەر درێسەکانیان سزای دارایی توند دراون، سەرباری ئەوەی بۆ چەندین ساڵ هاندەرانی یانەکە لە ئامادەبوون لەو یارییانە بێبەش کرابوون کە لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەڕێوەدەچوون.

​سەرەڕای ئەو بەربەستانە، ئامەدسپۆر لە وەرزی رابردوودا توانی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات و خۆی بگەیەنێتە خولی پلە یەکی تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی یانەکە و چالاکوانان باس لەوە دەکەن کە هێشتا یانەکە رووبەڕووی گوشاری بەردەوامی دەسەڵاتدارانی وەرزشی و رەفتاری نەخوازراوی بەشێک لە یانەکان دەبێتەوە، پرسێک کە لەلایەن لایەنە کوردییەکانەوە وەک "جیاکارییەکی ئاشکرا" پێناسە دەکرێت.

زۆرترین بینراو
ڕاپۆرتێکی ئیسرائیلی: کشانەوەی ئەمریکا خاکی عێراق دەکاتە ئامانجێکی کراوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانمان
سه‌باح نوعمان: ئه‌وانه‌ی له‌ به‌غدا سوكایه‌تییان به‌ ئاڵای ئه‌مریكا كرد، ده‌ستگیركران
کاردانەوەکانی سزادانی ئامەدسپۆر؛ دەم پارتی تۆمەتی "رەگەزپەرستی" ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکات
لەنێوان هەڕەشە و دیپلۆماسیدا؛ تڕەمپ هۆشداری بەکارهێنانی هێز دەدات و تارانیش پلانێکی حەوت ڕۆژە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێشنیار دەکات
حەوت ساڵە هەفتانە ڕوو لە چیاکان دەکەن: ٨٠ ژنی هەورامان گرووپێکی شاخەوانییان پێکهێناوە
"هه‌فته‌ی داهاتو به‌غدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم خه‌رج ده‌كات"
«شەپۆلێکی تاوەباران و هەورەبروسکە ڕوو لە هەرێم دەکات؛ زۆرترین کاریگەری لەسەر سلێمانی و هەڵەبجە دەبێت»
بڕیاری دادگا دەرچوو؛ مەزڵوم عەبدی بەفەرمی ناوی خۆی لە تۆمارەکانی دەوڵەتدا گۆڕی
په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌: سه‌فین دزه‌یی له‌باره‌ی بڕینه‌وه‌ی دار له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان لێدوانی نه‌داوه‌
نرخی شیش و چیمەنتۆ و کەرەستەی بیناسازی بەرزبووەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×