دەستەی دەستپاکی لە عێراق ئاشکرایکرد، بە ناوی کەسێکی مردوو و چەند هاوڵاتییەکی دیکەوە هەزاران تۆن گەنم وەرگیراوە و بەهۆیەوە ٣١ کەس لەو دۆسیە گەورەی گەندەڵیی لە کەرکوک تێوەگلاون.
ئاوێنە: رۆژی سێشەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند "تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە کەرکوک، پاش بەدواداچوون لە کۆمپانیای (ما بەینولنەهرەین)، گەندەڵی و سەرپێچییەکی گەورەیان ئاشکرا کردووە کە لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا، هەزاران تۆن گەنم بە شێوازێکی نایاسایی و ناڕێکوپێک ساخکراوەتەوە".
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو بڕە گەنمە زۆرە بە ناوی سێ هاوڵاتییەوە وەرگیراوە کە یەکێکیان کۆچی دوایی کردووە، سەرەڕای ئەوەی هیچ پلانێکی کشتوکاڵیشیان نەبووە. لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە دیاریکردنی کەمتەرخەمیی ٣١ فەرمانبەری کۆمپانیاکە لەنێویاندا بەڕێوەبەرانی پێشوو، لەگەڵ چەند فەرمانبەرێکی بانکی کشتوکاڵی کە دەستیان لە خەرجکردنی پارەکەدا هەبووە، تاوەکو ئێستاش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١٠ تۆمەتبار جێبەجێ کراوە.
لایخۆشییەوە عەبدوڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پارێزگای کەرکوک لەلێدوانێکدا وتی "ئەم بابەتە پەیوەندی بە گەنمی ئەم ساڵەوە نییە، بەڵکو ساڵی رابردوو هەندێک کەس ناویان تۆمار کرابوو کە تەنانەت خەڵکی دەرەوەی پارێزگای کەرکوکیش بوون".
وتیشی "کۆمپانیای (ما بەینولنەهرەین) خۆی بەڕاستی شوێنێکی گەندەڵییە. ئەم کۆمپانیایە ساڵانە بڕێکی زۆر گەنم وەرناگرێت، بەڵکو نزیکەی ٨ بۆ ١٢ هەزار تۆن بنەتۆ وەردەگرێت، کە خۆیان تۆوەکە دەدەنە جوتیاران، چاودێری دەکەن و دواتر لێیان وەردەگرنەوە تاوەکو دەرمانی بکەن و دووبارە بیدەنەوە بە جوتیاران."
سەبارەت بە چۆنیەتی ئاشکرابوونی ئەو کەیسە؟ سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ دەڵێت "دیارە خەڵکێک هەیە ئەم دۆسیەیەی جوڵاندووە. لە کەرکوک کاتێک دەست بۆ دۆسیەیەک دەبەیت، ٢٠ کەس تەلەفۆنت بۆ دەکەن و دەستت دەگرن، بەڵام دواجار دۆسیەکە جووڵێنراوە و هەندێکیان بە کەفالەت ئازاد کراون و هەندێکیشیان دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوە بەردەوامە".
"تاوەکو ئێستا بە تەواوی و بەوردی بڕی ئەو گەنمە نادیارە نازانرێت کە چەند بووە و لێکۆڵینەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان وردەکاریی زیاتر ئاشکرا دەکات". عەبدوڵا میروەیس