هه‌ردو وه‌زاره‌تی كاره‌با و سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نن، به‌هۆی ده‌ستپێكردنی قۆناغی دوه‌می چاكسازییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیای دانه‌غازه‌وه، له سه‌عات 12ی ئه‌مشه‌وه‌وه بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ، به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با به بڕی 1070 مێگاوات كه‌م ده‌كات و به‌وه‌ش پێدانی كاتژمێره‌كانی كاره‌با به هاوڵاتیان كه‌م ده‌بێته‌وه.
ئاوێنه: هه‌ردو وه‌زاره‌تی كاره‌با و سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم، ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتیان"کاتژمێر 12ی ئەمشەو بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، کۆمپانیای دانه‌غاز دەست بە قۆناغی دوەمی چاکسازییەکەی دەکات و هەناردەی غاز لە 520 ملیۆن پێ سێجا بۆ 260 ملیۆن پێ سێجا کەم دەکات."
ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه "بەمه‌ش بڕی 1070مێگاوات کارەبا کەم دەکات. لەماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا، هەردو وەزارەت هەمو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت."
دوپاتیشیان كردۆته‌وه كه ئەم کەمبونەوەیە لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی غازی شلی ماڵان ناکات.