دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (MHP) ڕایگەیاند، لە پرۆسەی چەکداناندا، ئەرکی ڕێکخەریی بەسیاسیکردن مافی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکەشە.
ئاوێنە: دەوڵەت باخچەلی لەدوای بەرێوەچوونی بۆنەی کردنەوەی قوتابخانەی «سیاسەت و سەرکردایەتی»ی پارتەکەی لە ئەنقەرە، لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووساندا، سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە وتی "هەوڵەکانی بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر بەشێوەیەکی زۆر تەندروست بەڕێوەدەچن. تورکیا قۆناغێکی گرنگی بڕیوە و ئەنقەرە خاوەنی ئەم پرسەیە".
وتیشی "توتکیای بێ تیرۆر ئێستا بووەتە سیاسەتێکی دەوڵەت. بوارەکانی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە بریتین لە یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری.
پێویستە خۆمان لەو هەڵسوکەوتانە بپارێزین کە دەکرێت بەهۆی لێکدانەوەی جیاوازەوە تورکیا جارێکی دیکە بکەنەوە بە دابەشبوون و ململانێی و شەڕ".
بەوتەی باخچەلی "یاساکە بەڕێژەیەکی زۆر بەرز لە پەرلەمان پەسەندکراوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستا نۆرەی ئەوەیە کە بەپێی ئەو یاسایە، هەندێک دەستە و دامەزراوە پێکبهێنرێن و دەست بە کار بکەن".
ئەوەشی وت "لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا گەڕانەوە بۆ دواوە نییە. قبوڵکردنی گەڕانەوە بۆ دواوەش مومکین نییە. بۆیە هەر کەسێک ئەم وڵاتەی خۆش دەوێت، دەبێت بە ڕۆحی برایەتییەوە هەڵسوکەوت بکات".
دەربارەی ئۆجەلانیش، سەرۆکی گشتیی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت ئەو دامەزراوانەی یاساکە پێشبینیی کردوون پێکبهێنرێن و ئەگەر کەسانێک لەو ڕووەوە داوای بەرپرسیارێتی بکەن، پێویستە بەرپرسیارێتییان پێ بدرێت. "یەکێک لەم بەرپرسیارییانەش، لە پرۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردندا، ڕێکخەریی بەسیاسیکردنە کە مافی ئەو کەسەشە کە لە ئیمراڵییە".
دەشڵێت "پێویستە ئەو پێگەیەی پێ بدرێت، تاوەکو بتوانین بە تەواوی پرۆسەکە بگەیەنینە کۆتایی، چەکەکان دابنرێن، بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانە دژی دەوڵەت و بەکارهێنانی توندوتیژی لە سیاسەتدا کۆتایی پێ بێت".
ناوبراو زیاتری رونکردەوە "دەبێت ڕاگەیاندنە بەردەوام و بەهادارەکانی ئەو(ئۆجەلان)، کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ و ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٦ کردوونی، قبوڵ بکەین و وەک کۆمەڵگا بە تەواوی پشتگیری لەوە بکەین کە کۆماری تورکیا بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە".
وتیشی "ئێمە وەک پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی، بەڵێنمان بەڵێنە؛ پشت لە هیچ شتێک ناکەین کە وتوومانە. گەڕانەوەشمان نییە. هەمووان دەبێت ئەمە بزانن".
جێی ئاماژەیە، پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەعەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا، بە بڵاوکردنەوەی دەقێک بە ناونیشانی "ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک". بانگەوازی لە پەکەکە کرد کە چەک دابنێت. هەروەها ڕێکخراوەکە لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاند کە چەکی دابنێت. لە ٣٠ی ئەو مانگەشدا، ٣٠ ئەندامی ڕێکخراوەکە لە شاری سلێمانیی عێراق، چەکەکانیان لە ناو بەرمیلێکدا سووتاند.
هاوکات، بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە، لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیتەیەک بە ناوی "کۆمیتەی هەماهەنگی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێنرا. سێ ئەندامی ئەم کۆمیتەیە لە پارتی داد و گەشەپێدان (AKP)، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (MHP) و پارتی DEM، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە.
هەروەها، تۆماری نووسراوی ئەو دیدارە لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا لە ماڵپەڕی پەرلەمانی تورکیا بڵاوکرایەوە. کۆمیتەکە لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٦دا ڕاپۆرتێکی هاوبەشی سەبارەت بە پرۆسەکە پەسەند کرد. دوای ئەوە، شاندی ئیمراڵی چەندین جار لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە. پەرلەمانی تورکیا لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٦دا یاسایەکی ١٢ ماددەیی بە ناوی "یاسای بەهێزکردنی هەماهەنگی نەتەوەیی و یەکگرتوویی کۆمەڵگا" پەسەند کرد، کە ئامانجی سەرەکیی بریتی بوو لە ڕێکخستنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە. یاساکە لە ١٨ی ئابدا لە گۆڤاری فەرمیی دەوڵەتدا بڵاوکرایەوە.