نزیکەی هەفتەیەکە نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە و بەوتەی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی نرخی دۆلار کاریگەری زۆری کردووەتە سەر نرخی بازاڕ و هاوڵاتییەکی زۆر سکاڵایان تۆمارکردووە. دەشڵێت "نرخی فەردەیەک برنجیان کردووەتە ٥٨ هەزار".
ئاوێنە: بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە وتی "بەهۆی بەرزبوونەی دۆلار دڵەڕاوکێی لەنێوان هاوڵاتییان دروستکردووە و هەروەها نرخی شتومەکیشی بەرزکردەوە و بەهۆیەوە هاوڵایەتییەکی زۆر سکاڵایان تۆمارکردوە و قائیمقامیەت بە زووی لیژنەکانی راسپارد، رۆژانە سەردانی هەموو ئەو شوێنانە دەکەین کە سکاڵای لەسەرە و ئەوەی پابەند نەبووبێت پسوڵەی سەرپێچی و سزامان داوە".
وتیشی "سەردانەکانمان چەند رۆژێکی دیکەش بەردەوام دەبن، ئەو کۆگایانەی کە داواکاری یان دابەشکاری دەکەن؛ زۆربەیان کارەکانیان وەستاندووە و هاوڵاتییەکی زۆر سکاڵای هێناوە کە دابەشکاری ناکەن، هێشتا ئامارەکانم لەبەردەست نییە تاوەکو بزانین سکاڵاکە چەندە، بەڵام سکاڵایەکی زۆر هاتووە و چەندین شوێنمان سزا داوەو پێبژاردنمان بۆ کردوون".
ئەو زیاتری رونکردەوە "کۆگا هەبووە پێنج دۆلاری خستووەتە سەر دابەشکردنێکی ئاسایی. هەروەها مارکێتەکان هەستاون بە بەرزکردنەوەی نرخەکانیان و ئەوانیشمان سزا داوە، بە نمونە کەیسێکمان هەبوو؛ برنج ٥٠ هەزار بوو ئەو رۆژەی دۆلار بەرزببوەوە کردبووی بە ٥٨ هەزار یاخود کیلۆیەک هەناریان بە شەش هەزار فرۆشتووە".
"هەموو دابەشکارە سەرەکییەکانی سلێمانی هەموویان پسوڵەی سەرپێچییان بۆ کراوە، هەروەها نرخی دۆلار کاریگەری زۆری کردووەتە سەر نرخی بازاڕ و هاوڵاتییان گلەییان هەیە و دێن سکاڵا دەکەن و بەردەوامیشە". بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی وای وت