بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەل و خۆراک لە سلێمانی دەستکردن بە دابەشکردنی سەبەتەی شەشەمی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییانی ڕاگەیاند. پرۆسەی دابەشکردنەکە بنکەکانی 261 تا 262 لە ناو شار و دەرەوەی شاری سلێمانی دەگرێتەوە و تایبەتە بە بەشەخۆراکی مانگی نۆی ساڵی 2026.
ئاوێنە: بەپێی خشتەی دابەشکردنەکە، بەشەخۆراکی هەر کەسێک پێکهاتووە لە سێ کیلۆگرام برنج، یەک کیلۆگرام شەکر، یەک لیتر زەیت، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، لەگەڵ 500 گرام نیسک و 500 گرام لەتکە نۆک. پرۆسەکە لە ئەمڕۆوە کە دەکاتە 11ی تشرینی یەکەمی 2026، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هۆشداری دراوەتە بریکارەکانی خۆراک لە ناو شار و دەرەوەی شار کە لە کاتی دابەشکردندا ڕەچاوی کوالێتیی ماددەکان بکەن. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە هەر ماددەیەک خراپ بوو و بەکەڵکی خواردن نەهات، نابێت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت، بەڵکو دەبێت لە ماوەی سێ ڕۆژدا کۆمپانیای خۆراک ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی بۆیان بگۆڕن.