یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەو گرژییانەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕویاندا و تێیدا تابلۆیەکی ڕیکلامی (کە وێنەی کەزییەکی قژی ژنانی لەسەر بوو) شێوێندرا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو کارەی کرد. یەپەژە پێیوایە ئەو ڕوداوە تەنها هێرشکردنە سەر تابلۆیەک نەبووە، بەڵکو بەئامانجگرتنی بەها و کەرامەتی ژنان و تەواوی دانیشتووانی ناوچەکە بووە.
ئاوێنە: ڕۆکسەن محەمەد، وتەبێژی فەرمیی یەپەژە، لە بەیاننامەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕوداوەکە بە ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو گوزارشتە لە "عەقڵیەتێک کە ئامانجی سەرەکیی تێکدانی سەقامگیریی و ئارامیی ئەو پارێزگایەیە".
لەسەر وردەکاریی گرژییەکان، وتەبێژی یەپەژە ئاماژەی بەوە کردووە کە لەکاتی ڕوداوەکانی ڕۆژی هەینیدا، دروشمی نەتەوەیی ڕەگەزپەرستانە و هەروەها نیشانەکانی ڕێکخراوی داعش لە شەقامەکاندا بەرزکراونەتەوە. ئەو دەڵێت: "ئەو لایەنانەی لەپشت ئەم تێکدەرییەوەن، نەک تەنها دژی بەهاکانی کۆمەڵگان، بەڵکو بەتەواوی دژ بە یاساش کاردەکەن".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، یەپەژە داوا لە دەسەڵاتداران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە دەکات کە هەڵوێستێکی ڕون و یەکلاکەرەوەیان هەبێت و بەپەلە ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو کەس و گروپانەی لەو کارەدا تێوەگلاون، ئەوەش پێش ئەوەی دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز ببێت.
لە ڕوانگەی یەپەژەوە، هێرشکردنە سەر ئەو جۆرە هێما کولتوریی و مەدەنییانە، هۆشداریدەرە بۆ مەترسیی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی بیری توندڕەوی لە ناوچەکەدا، کە پێویستی بە ڕێگریکردنی خێرا هەیە.