بەیانیی ئەمڕۆ، لەپێناو بەرزکردنەوەی ورەی تووشبووان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی، نەخۆشخانەی هیوا لە دەروازە کۆرنیش لە شاری سلێمانی، چالاکییەکی بەرفراوانی مرۆیی و تەندروستی لەژێر ناونیشانی "شێرپەنجەی مەمک یەکسان نییە بە مردن" بەڕێوەبرد.
ئاوێنە: لەمیانی چالاکییەکەدا، دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و تیشکی خستە سەر گرنگیی پشکنینی پێشوەختە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە. ناوبراو پەیامی سەرەکیی هەڵمەتەکەی ئاراستەی ژنان کرد کە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکان شەرم نەکەن، چونکە ئاشکراکردنی نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا نەک تەنها تێچوویەکی کەمتری دەوێت، بەڵکوو چارەسەرکردنیشی زۆر ئاسانترە و وەک خۆی جەختی لێ کردەوە "شێرپەنجەی مەمک یەکسان نییە بە مردن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بە ئامارەکانی تووشبوون کرد و ڕوونیکردەوە کە ڕێژەی تووشبوون بە نزیکەیی لە دەوروبەری ٢٠٪ دایە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی خستەڕوو کە ژمارەیەکی بەرچاو لە تووشبووان بە قۆناغەکانی چاکبوونەوەدا تێدەپەڕن و بەرەو چاکبوونەوەی تەواوەتی چوون. هاوکات باسی لە چەندین ڕێگای ئاسان کرد کە وادەکات نەخۆش بتوانێت لە ماڵەوە بەشێک لە چارەسەرەکانی وەربگرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ ئاسانکاریی زیاتر بۆ تووشبووان.
سەبارەت بە لایەنی پاڵپشتی و هاوکارییەکانیش، دکتۆر یاد نەقشبەندی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی بەرز نرخاند کە تا ئێستا هاوکارییەکی باشی نەخۆشخانەکەیان کردووە. لە کۆتایی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە فەرمی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات و پاڵپشتی و هاوکاریی دارایی و لۆجستیی زیاتر پێشکەش بە نەخۆشخانەی هیوا بکات، تاوەکوو بتوانن بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر چارەسەر و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە نەخۆشەکان بگەیەنن.