وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیارێکی نوێی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ دەرکرد؛ چاندنی نەمام پێنج نمرە بە خوێندکاران دەبەخشێت
  2026-10-13     

لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی برەودان بە هۆشیاریی ژینگەیی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧)دا، پێنج نمرە بۆ هەر بابەتێکی خوێندن لە هەر وەرزێکدا ببەخشێتە ئەو خوێندکارانەی کە بەشداریی چالاکانە لە پڕۆژەی "پاراستنی ژینگە و بایەخدانی خوێندکار بە چاودێریکردنی نەمام" دەکەن.

ئاوێنە: بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە ڕۆژی دووشەممە دەرچووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی سەر بە وەزارەتەکەوە گشتاندنی بۆ کراوە و ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە کراوە، ئەم بڕیارە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی دەگرێتەوە. ئامانجی سەرەکیی گشتاندنەکە، هاندانی ڕاستەوخۆی خوێندکارانە بۆ چاندن و خزمەتکردنی نەمام.

لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەدا، میکانیزمی دابەشکردنی ئەو پێنج نمرەیە بەپێی قۆناغەکانی خوێندن بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوون کراوەتەوە:

بازنەی یەکەم: ئەو پێنج نمرەیەی کە تایبەتە بە پاراستنی ژینگە، لەلایەن مامۆستای بابەتەوە ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەڵسەنگاندنی چوارەمی هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم.

قۆناغەکانی دیکە: پێنج نمرەکە بەسەر هەڵسەنگاندنی یەکەم و دووەمدا دابەش دەکرێت. بە جۆرێک لە کاتی هەڵسەنگاندنی یەکەمی (١٠ نمرەیی)دا دوو نمرە دەدرێت، هەروەها لە هەڵسەنگاندنی دووەمی (١٠ نمرەیی)دا سێ نمرەی دیکە تەرخان دەکرێت، کە ئەمەش بۆ هەردوو وەرزی یەکەم و دووەم جێبەجێ دەکرێت.

پەیمانگەکان: سەبارەت بە سەرجەم قۆناغەکانی پەیمانگەکانیش، لەلایەن مامۆستایانەوە دوو نمرە بۆ وەرزی یەکەم و سێ نمرە بۆ وەرزی دووەم بۆ هەر بابەتێک تەرخان دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی دروست، وەزارەتی پەروەردە هەریەک لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و بەشەکانی دڵنیایی جۆریی ڕاسپاردووە تاوەکوو بەدواداچوونی ورد بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە سەرجەم خوێندنگە و پەیمانگەکاندا بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×