پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی: راگیراوانی لالەزار لە زیندانی تاکەکەسیدا ئەشکەنجە دراون تاوەکو بەزۆر پەڕاو واژۆ بکەن
  2026-10-13     

تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرایانکرد، دەسەڵاتی سیاسی و حزبی دەستوەردان لە پرۆسەی دادوەریدا دەکات و دەزگا نیشتمانییەکانی بۆ ململانێ و یەکلاکردنەوەی حسابی سیاسی بەکارهێناوە.

 

ئاوێنە: تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی لە راگەیەندراوەکەدا بۆ ڕای گشتی رایانگەیاند "ئەوەی لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی دەگوزەرێت، تەنیا دۆسیەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی کێشەیەکی قووڵی سیاسییە. دەپرسین؛ چۆن دەکرێت حزبی باڵادەست بە فشار فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆكی حزبێك دەربكات و بە چەكی قورس و درۆنەوە كاتژمێر سێی بەرەبەیان هێرش بکاتە سەر ماڵەکەی؟ ئەوە وەک گوشارێکی راستەوخۆی سیاسی و هەڕەشەی لەناوبردنی ڕکابەری سیاسی لە ڕێگەی هێزەوە دێت".

ئاماژەیان بەوەشداوە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پرسی ئەشکەنجەدان. تیمی پارێزەران ئاشکرایان کردووە، چەندین تۆمەتبار لەبەردەم دادوەردا راشکاوانە رایانگەیاندووە، لەژێر ئازار، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، و زیندانی تاکەکەسیدا (ئینفرادی) ناچار کراون واژۆ لەسەر کۆنووسی ئامادەکراو بکەن.

هەروەها تیمەکە رەخنە لەوە دەگرێت کە پارێزەران بێبەش کراون لە بینینی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، و جەخت دەکەنەوە، بەپێی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەر دانپێدانانێک لەژێر فشاردا وەربگیرێت لەڕووی یاساییەوە پووچەڵە.

جگە لەوەش پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی باس لەوەدەکەن، دۆسیەکە لەسەر بنەمای زانیاریی سەرچاوەی نادیار و "سیناریۆ و بەڵگەی ساختە" دروست کراوە. دەشڵێن "پێشکەشکردنی بەڵگەی لاوازی وەک جانتای جلوبەرگ و گرتەی ڤیدیۆیی سەیارەی ئاسایی، دەریخستووە کە ئامانج لەم دۆسیەیە تەنیا پاکتاوکردنی سیاسییە".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، تیمی پارێزەران ئەوەش دەخەنەروو، ئەوان دان بە هیچ سزایەکدا نانێن کە لەسەر بنەمای "ترس و سیناریۆی حزبی" بەسەر راگیراوانی دۆسیەکەدا بسەپێنرێت. هاوکات داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان دەکەن بەئاگا بێت و بێلایەنیی خۆی بپارێزێت، و بەبێ ترس لە هێز و دەسەڵات، بڕیاری ئازادکردن و بەرائەت بۆ کەسانی بێتاوان دەربکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستکردنی کارەساتی هاوشێوە لە داهاتوودا بکرێت.

شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توند لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر پێکدادانەکاندا، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران. لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×