بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەرئەنجامی بەدواداچوونی لیژنەیەکی تایبەتی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی فرۆشگای بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی شارەکە خستەڕوو، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی زانیاری لەبارەی گرانکردنی نرخی کەلوپەل و بڕینی رێژەیەک لە پارەی راگیراوان.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە چەند دەزگایەکی راگەیاندندا هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە ئاماژەی بە گرانی نرخی شتومەک لە فرۆشگای بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی، ناچارکردنی راگیراوان بە کڕینی کەلوپەل و لێسەندنی بڕی 15%ی ئەو پارانە دەکرد کە لە دەرەوە بۆ راگیراوان دەنێردرێت. لە کاردانەوەی ئەم دەنگۆیانەدا، بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لیژنەیەکی تایبەتمەند بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و گەیشتن بە راستی و دروستی بابەتەکە پێکهێنرا.
سەبارەت بە رێکارەکانی لێکۆڵینەوەکە، پۆلیسی سلێمانی روونیکردووەتەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنە تایبەتمەندەکە بە ئامادەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی و نوێنەری نوسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی، سەردانی مەیدانیی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانییان کردووە.
لە میانی سەردانەکەدا، لیژنەکە پێداچوونەوەی وردی بۆ مەرج و بڕگەکانی گرێبەستی (تەندەری) فرۆشگاکە کردووە کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت، هاوکات راستەوخۆ گوێیان لە گوتەی چەند راگیراوێک گرتووە لەناو بەشەکەدا. بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پۆلیس، دەرئەنجامی بەدواداچوونی لیژنە هاوبەشەکە دەریخستووە کە سەرلەبەری ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، پۆلیسی سلێمانی بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی بە "هەواڵی ناڕاست و هەڵبەستراو لەلایەن کەسانی بێئاگا و نابەرپرس" وەسفکردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، وەک مافێکی یاسایی خۆیان، رێکاری یاسایی پێویست لەدژی ئەو کەس، لایەن و دەزگای راگەیاندنانە دەگرنەبەر کە ئەم جۆرە هەواڵانە بڵاودەکەنەوە و هەوڵی چەواشەکاری دەدەن.
پرسی نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە کانتین و فرۆشگای ناو زیندان و گرتووخانەکان یەکێکە لەو بابەتانەی لەژێر چاودێری لایەنە پەیوەندیدارەکاندایە؛ لەم چوارچێوەیەشدا لایەنە فەرمییەکان و لیژنەکانی چاودێری لە سلێمانی دووپاتی دەکەنەوە کە کاروباری فرۆشگاکان بەپێی رێنمایی و گرێبەستی فەرمی رێکخراون و هیچ بڕیارێک بۆ گرانکردنی نرخەکان یان بڕینی پارەی راگیراوان لە ئارادا نییە.