سەرۆکی فەرەنسا دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی ڕەتکردەوە و داوای داڕشتنەوەی خێرای شێوازی کارکردنی هێزە ئەمنییەکان دەکات، ئەمەش لەدوای شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان و توندوتیژی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شارەکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە.
ئاوێنە: کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) ڕۆژی دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆ کە ماوەی ساڵێکە لەو پۆستەدایە، ڕۆژی یەکشەممە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئیمانوێل ماکرۆن کردووە. سەرەڕای داننان بە بوونی کەمتەرخەمی و شکستی ئەمنی لە کۆنترۆڵکردنی توندوتیژییەکانی ڕۆژی شەممەدا، ماکرۆن داواکەی ڕەتکردووەتەوە بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و بەردەوامیی سەرکردایەتیی هێزە ئەمنییەکان لەم دۆخە هەستیارەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئێلیزێ، ماکرۆن فەرمانی بە وەزیری ناوخۆ کردووە لە زووترین کاتدا میکانزم و شێوازی نوێی کارکردن بۆ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەسەر زەوی دابنێت، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گێرەشێوێنان و کۆتاییهێنان بە دیاردەی دانانی بەربەست لە شەقامەکان و تاڵانکاری. هاوکات، سەرۆکی فەرەنسا وەزیری ناوخۆی ڕاسپاردووە کە بە شەفافیەتێکی تەواوەوە لێکۆڵینەوە بکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەلێن و شکستانەی لە پێشبینیکردنی ڕووداوەکان و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریدا هەبوون و بوونەتە هۆی تەشەنەسەندنی توندوتیژییەکان.
لەلای خۆیەوە، لۆران نونێز ڕۆژی دووشەممە دانی بەوەدا نا کە هێزەکانی پۆلیس لە کاتی پشێوی و توندوتیژییەکاندا لە هەندێک شاردا کۆنترۆڵی دۆخەکەیان لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە قۆناغی ئامادەکارییەکاندا کەلێن لە پێشبینیکردنی قەبارەی ڕووداوەکاندا هەبووە، هەر لەبەر هەستکردن بەو بەرپرسیارێتییەش دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ فشاری لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، کە ڕۆژی یەکشەممە بە فەرمی داوای لادانی ناوبراویان کردبوو.
ئاماری قوربانیان و دەستگیرکراوان
فەرەنسا لە ئێستادا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بووەتەوە کە لە ئەنجامی تووڕەیی هاووڵاتییان لە گرانیی بژێویی ژیان، پاشەکشەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و خراپیی دۆخی خوێندنگەکان سەریهەڵداوە. خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممە ڕێڕەوی خۆیان گۆڕی بۆ توندوتیژی و پێکدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران لە چەندین شاردا، کە تێیدا بینای شارەوانییەک سووتێنرا و چەندین فرۆشگا و ناوەندی بازرگانی تاڵان کران.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا، لە گرژییەکانی ڕۆژی شەممەدا نزیکەی ٢٤٠٠ کەس دەستگیر کراون و نزیکەی ١٠٠٠ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیش بریندار بوون. وەزیری ناوخۆش ڕایگەیاند کە لە درێژەی گرژییەکاندا، ڕۆژی یەکشەممە و شەوی ڕابردوو ٣٥٠ کەسی دیکە لە پاریسی پایتەخت دەستگیر کراون.
ڕۆژی یەکشەممە پێکدادانەکان لە هەردوو شاری پاریس و مارسیلیا سەریان هەڵدایەوە و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵی تاڵانکردنی کۆمپانیا و فرۆشگاکان دەستوەردانی کرد. بڕیاریشە ڕۆژی دووشەممە وەزیری ناوخۆ سەردانی شاری مارسیلیا لە باشووری وڵات بکات، کە یەکێک بووە لە زۆرترین ئەو شارانەی زیانی بەرکەوتووە؛ بەپێی خەمڵاندنی دەسەڵاتداران، ڕۆژی شەممە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لەو شارەدا بەشدارییان لە کارەکانی تاڵانکاریدا کردووە.
هەڵوێستی حکومەت و هەنگاوەکانی داهاتوو
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا هەستی خۆی بەرامبەر ڕووداوەکان بە "تووڕەیی و شەرمەزاری" وەسف کرد. ماکرۆن بەڵێنی دا هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە وێرانکاری و تاڵانکاریدا هەبووە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکرێنەوە و جەختی کردەوە کە "ئەوانەی هەوڵی ڕووخاندنی کۆماریان داوە، باجی کردەوەکانیان دەدەن". هەروەها بەڵێنی دا کە بەرپرسانی باڵا بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکان بڕیاری پێویست دەردەکەن بۆ پاراستنی شارەکان، دامەزراوە گشتییەکان و کەرتی تایبەت.
لە چوارچێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەم قەیرانەدا، سێباستیان لۆکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، بەیانیی ڕۆژی دووشەممە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی شانەی قەیرانە هاوبەشە وەزارییەکان دەکات، کە تێیدا دۆسیەکانی پەیوەست بە زیانە ئابووری و بازرگانییەکان، کۆمپانیاکانی دڵنیایی (تەئمین) و ڕێکارە دادوەرییەکان تاوتوێ دەکرێن.