عێراقچی: نەتانیاهۆ بۆ ڕزگاربوون لە زیندان هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕێکی نوێ و پەلکێشکردنی ئەمریکا دەدات
  2026-10-19     

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا هێرشی توند دەکاتە سەر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و تۆمەتباری دەکات بەوەی بۆ دەربازبوون لە کێشە یاساییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی، هەوڵی پەلکێشکردنی ئەمریکا بۆ ناو جەنگێکی دیکە دەدات. هاوکات هۆشداریی توندیش دەداتە تەلئەڤیڤ کە هێشتا تاران هەنگاوی تەواونەکراوی لە دژیان ماوە.

ئاوێنە: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، پەیامێکی سەبارەت بە جموجۆڵ و هەوڵەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەرامبەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام پاڵ بە واشنتنەوە دەنێت بۆ دروستکردنی ئاڵۆزیی زیاتر و هەڵگیرساندنی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا. بە گوتەی عێراقچی، ئەم هەوڵانەی نەتانیاهۆ تەنها بۆ ئەوەیە کە خۆی لە چوونە زیندان و لێپێچینەوە یاساییەکان بپارێزێت، بەبێ ئەوەی گوێ بە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی ئەو هەنگاوانە بدات بۆ سەر خودی ئیسرائیل.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەباس عێراقچی هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی بەرپرسانی تەلئەڤیڤ کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل زۆر وریا و ئاگادار بێت، چونکە بە گوتەی ئەو "کۆمەڵێک ئەرکمان هەیە کە هێشتا تەواومان نەکردوون و لە داهاتوودا تەواویان دەکەین."

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە بەشێک لە ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا ئاماژە بە بوونی هەوڵێکی چڕی ئیسرائیل دەدەن لە واشنتن. بەپێی ئەو میدیایانە، تەلئەڤیڤ لە ڕێگەی گروپەکانی لۆبی و دروستکردنی فشار لەسەر کۆشکی سپی، هەوڵ دەدات ئەمریکا بکاتە لایەنێکی سەرەکی و بەشداربوویەکی ڕاستەوخۆ لە جەنگە بەرفراوانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە ستراتیژی و درێژخایەنەکانی خودی ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیلیش.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×