حیزبی شیوعی: دژی هه‌ر هه‌وڵێك ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كه‌ نیازی بچوككردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی هه‌بێت
  2026-11-25     

مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان پشتیوانیی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دەکات و رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەم بارودۆخە هەڵدەگرن. ده‌شڵێت، دژی هەر هەوڵێک دەوەستینەوە کە نیازی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانی هەبێت. پێشی وایه‌ تەنیا ڕێگای واقیعی و بەرپرسیارانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە لەسەر بنەماکانی دەستور.

ئاوێنه‌: مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتی "حیزبی شیوعیی کوردستان پشتیوانیی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت گەندەڵکاران ڕەوانەی دادگە بکرێن، تا بەپێی یاسا ماف و سامان بۆ خەڵک بگەڕێتەوە."

وتوشیه‌تی "لە هەمان کاتدا، هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەم بارودۆخە هەڵدەگرن، ئەویش بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و نەبونی دیدێکی هاوبەشی نیشتمانیی كوردستانی."

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌ "حیزبی شیوعیی کوردستان دژی هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە کە نیازی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی هەبێت و وەك هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن و پێداگری دەكات لەسەر پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێم."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "تەنیا ڕێگای واقیعی و بەرپرسیارانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە لەسەر بنەماکانی دەستور، بە جۆرێک قەوارەی هەرێم پارێزراو بێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک نەکرێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان و هیچ بوارێکیش بۆ گەندەڵی، قاچاخچێتی و بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی نەمێنێتەوە."

حیزبی شیوعیی كوردستان به‌ پێویستی زانیوه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ به‌شداریكردنی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بکرێت و "چیتر لە وەرگرتنی پۆستی حزبیدا کورت نەکرێتەوە لەسەر حیسابی بەشداریی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا."

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ "لە ئاستی ناوخۆشیدا، پێویستمان بە گۆڕانکاریی هەمەلایەنە هەیە بۆ بەهێزکردنی هەرێمەکەمان لە ناوەوە، وەک بەرهەمی تێکۆشانی سەد ساڵەی گەلی کوردستان. ئەمەش وا دەخوازێت کار بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانیی بنکەفراوان بکرێت، بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی سیاسی و ئابوریی دادپەروەر، کە بتوانێت لە ئاستی ئەم قۆناغەدا بێت."

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ڕاگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستانەوە

لەبەر ڕۆشناییی پێشهاتە تازەکان و بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە گەندەڵی لە دۆسیەکانی نەوت و دەروازە سنورییەکان، مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان بە پێویستی دەزانێت بە گیانێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەدیهێنانی دادپەروەری و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی مامەڵە بکرێت، بە جۆرێک هیچ بۆشایییەک یان بوارێک بۆ گەندەڵی و بردنی سامانی گەل لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەمێنێتەوە و دەستور لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بە ماددەی ١٤٠یشەوە.

پێویستە بەپێی ماددەکانی دەستور، ئەنجومەنی فیدراڵیی عێراق (مجلس الاتحاد العراقي) دروست بکرێت و دادگەی باڵای فیدراڵییش لە سەر بنەمای دەستور پێکبهێندرێتەوە، بە شێوەیەک کە دەربڕی هەمو پێکهاتەکانی عێراق بێت. ئەمەش پێویستی بە ستراتیژییەتێکی نیشتمانی هەیە کە پاڵپشت بێت بە ڕۆڵی کارای هاوڵاتییان لە بەڕێوەبردندا.

لەم ڕوانگەیەوە، حیزبی شیوعیی کوردستان پشتیوانیی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دەکات و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت گەندەڵکاران ڕەوانەی دادگە بکرێن، تا بەپێی یاسا ماف و سامان بۆ خەڵک بگەڕێتەوە.

لە هەمان کاتدا، هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەم بارودۆخە هەڵدەگرن، ئەویش بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و نەبونی دیدێکی هاوبەشی نیشتمانیی كوردستانی کە پاڵپشت بێت بە جەماوەری گەلەکەمان و بتوانێت بە یەکگرتویی بەرگری لە بەرژەوەندییە باڵاکانی هاوڵاتییان و قەوارەی هەرێم بکات.

حیزبی شیوعیی کوردستان دژی هەر هەوڵێک دەوەستێتەوە کە نیازی بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی هەبێت و وەك هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن و پێداگری دەكات لەسەر پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێم و مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک قەوارەیەکی فیدراڵیی دانپێدانراو لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا، بە دور لە هەر مامەڵەیەکی تاکلایەنە یان پشتگوێخستن و گەڕانەوەی عەقڵییەتی ناوەندێتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە.

لەم ڕوەوە، تەنها ڕێگای واقیعی و بەرپرسیارانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە لەسەر بنەماکانی دەستور، بە جۆرێک قەوارەی هەرێم پارێزراو بێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک نەکرێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان و هیچ بوارێکیش بۆ گەندەڵی، قاچاخچێتی و بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی نەمێنێتەوە.

پێویستە بەشداریکردنی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پێداچونەوەی بۆ بکرێت و چیتر لە وەرگرتنی پۆستی حزبیدا کورت نەکرێتەوە لەسەر حیسابی بەشداریی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا.

لە ئاستی ناوخۆشیدا، پێویستمان بە گۆڕانکاریی هەمەلایەنە هەیە بۆ بەهێزکردنی هەرێمەکەمان لە ناوەوە، وەک بەرهەمی تێکۆشانی سەد ساڵەی گەلی کوردستان. ئەمەش وا دەخوازێت کار بۆ پێکهێنانی حوکومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانیی بنکەفراوان بکرێت، بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی سیاسی و ئابوریی دادپەروەر، کە بتوانێت لە ئاستی ئەم قۆناغەدا بێت.

مەکتەبی سیاسی

حیزبی شیوعیی کوردستان

ڕێکەوتی: ٢٠٢٦/١١/٢٥

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×