ئەدهەم بارزانی رایگەیاند، دۆخێکیان دروستکردووە کە وای کردووە لای هەندێک کەس، ناوی کورد بە قاچاخچی نەوت و تێکدانی ئابوورییەوە پەیوەست بکرێت.
ئاوێنە: دەقی پەیامی نوسینگەی ڕاگەیاندنی شێخ ئەدهەم بارزانی:
بە ناوی خوای گەورەو میهرەبان
ماوەی چەند ڕۆژێکە لەبارەی دۆخی ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە، دۆستان و لایەنگران پرسیاری زۆر لەسەر بۆچوونی بەڕێز ئەدهەم بارزانی دەکەن؛
بەڕێزیان پێیان وایە دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، بەشێکی گرنگی لە ئەنجامی چەندین ساڵ بەهەدەردانی سامان و دەستکەوتەکانی ئەم وڵاتەدا دەبینن؛ دۆخێک کە وای کردووە لای هەندێک کەس، ناوی کورد بە قاچاخچی نەوت و تێکدانی ئابوورییەوە پەیوەست بکرێت، ئەمەش لەگەڵ مێژووی پڕ لە خەبات و قوربانییەکانی گەلی کورددا ناگونجێت".
لەو بارودۆخە هەستیارەدا، زۆر گرنگە هەموومان بە هەماهەنگی و هەستی بەرپرسیارییەوە، پارێزگاری تەواو لە دەستکەوت و مافەکانی گەلی کورد بکەین، دەستکەوتێک کە بە خوێن و قوربانیی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بەدەست هاتووە کە ئێمەش بەشێکی بەرچاو بوینە لەم قوربانی دانە لە ژێر ناوی بزاڤی (حزب الله ـی شوڕشگێری کوردی پێشوو)، نابێت بە هیچ شێوەیەک لەناوببرێت".
لە ماوەکانی ڕابردوویشدا بەڕێز ئەدهەم بارزانی لە دیدارێکدا کە دروست لە بەرواری ٢٠-١-٢٠٢٥ بڵاوکرابوویەوە هۆشداری لەوە دابوو لە دەستوری عێراقدا نیمەچە دانپێدانێک هەیە لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام لە کردەوەدا ئەو دانپێدانانە بەهیچ شێوەیەک ڕەچاو ناکرێت، بۆیە دەبێت دەسەڵاتی کوردی لەوە ڕاوەستێت و ئەوەی لە دەستی ئەواندا هەیە ئەمانەتەو ماڵی میللەتە".
نوسینگەی ڕاگەیاندنی
ئەدهەم بارزانی
٢٨ـ١١-٢٠٢٦