پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکان دوادەخەن و بە کارنامەیەکی هاوبەش بەشداریی گفتوگۆکەی بەغدا دەکەن
  2026-11-29     

​لە قۆناغێکی هەستیاری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هەفتەی ڕابردوو دەستپێشخەرییەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییە سیاسی و دەستوورییەکان خستە ڕوو. دەستپێشخەرییەکە داوای ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانی دەکات کە لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوە دەستوورییەکان کۆ بکاتەوە، بە مەرجێک دەستووری عێراق تاکە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان هەردوولا بێت.

ئاوێنە: ​گرنگیی کاتی ئەم هەنگاوە لەوەدایە کە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چیتر تەنیا لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پشکی لە بودجەی ساڵانە، یان دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتدا کورت نەبوونەتەوە؛ بەڵکوو فراوانتر بوون و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان، دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدراڵی و سنووری ئەو دەسەڵاتانەیشی گرتووەتەوە کە هەرێم لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا هەیەتی.

​ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق (حکوومەت، دادوەری، پەرلەمان و کۆمار) لە کۆبوونەوەیەکدا ڕەزامەندییان لەسەر دەستپێشخەرییەکە دەربڕی و بڕیار درا یەکی کانوونی یەکەمی داهاتوو وەک وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆکان دیاری بکرێت. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی فائق زێدان و بە بەشداریی چوار سەرۆکایەتییەکە، لایەنە سیاسییەکان و ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە بەڕێوە دەچێت کە دەتوانن ڕۆڵیان لە لێکنزیککردنەوەی بۆچوونەکاندا هەبێت.

​لەبارەی ئاراستەی ڕووداوەکانەوە، خوێندنەوەی هەردوولا جیاوازە؛ بەغدا پێی وایە ڕێکارەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بە ئامانجی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و دەستەبەرکردنی بەڕێوەبردنی سامانە نیشتمانییەکانە، لە بەرامبەردا سەرکردە کوردەکان پێیان وایە بەشێک لەو ڕێکارانە «دەستدرێژین بۆ سەر دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم و هەڕەشە لە بنەماکانی هاوبەشیی فیدراڵی دەکەن».

​دۆسیەی قاچاخی نەوت، بڕیارەکانی بەغدا و خەمڵاندنی زیانەکان

​پەرەسەندنی گرژییەکان دوای ئەوە هات کە هەفتەی ڕابردوو بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی عێراقی چالاکیی چەند تۆڕێکی بۆ بەقاچاخبردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە بەرەو تورکیا و ئێران و تا دەگاتە بازاڕەکانی ئەفغانستان ئاشکرا کرد. بەڵگەنامەکە پشتی بە چاودێریکردنی وێنە مانگە دەستکردەکان بەستبوو کە ماوەی نێوان ساڵی ٢٠٢١ تا هاوینی ٢٠٢٦ی گرتووەتەوە.

​لەسەر بنەمای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە قاچاخی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گورزێک بڕیاری دەرکرد، دیارترینیان:

​ڕاسپاردنی دەستەی دەروازە سنوورییەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەواوی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان.

​قۆرخکردنی ڕەزامەندیی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان تەنیا بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.

​داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان

​هاوکات باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، ئاماژەی بە بوونی پێشێلکاری لە کێڵگەکانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک کرد و ڕایگەیاند ئەو کێڵگانە لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستاندان. هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکاندا هاتبوو کە ئەو کێڵگانەی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵین و لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی هەرێمدان، بگەڕێنرێنەوە ژێر بەڕێوەبردنی وەزارەت.

​لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی عێراق زیانەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە دەرەوەی کەناڵە فیدراڵییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٢٥ بە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵاندووە. حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەت، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاندووە کە دیوانی چاودێریی دارایی سەلماندوویەتی زیانەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە دەرەوەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە ماوەی ١٧ ساڵدا ١٠٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. عەبوودی جەختی کردەوە کە داخستنی دەروازەکان و کۆنترۆڵکردنی سنوورە نێودەوڵەتییەکان قاچاخچییەکان دەکاتە ئامانج و لێپێچینەوەی یاسایی هەر لایەنێک دەگرێتەوە کە تێوەگلانی لە بەهەدەردانی سامانی نەوتدا بسەلمێنرێت، وتیشی هەناردەکردنی نەوت لە دەرەوەی «سۆمۆ» بە قاچاخ دادەنرێت مادام داهاتەکەی ناچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە.

​لە کاردانەوەی ئەم هەنگاوانەدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان «پابەندبوونی تەواوی» خۆی بە جێبەجێکردنی سەرجەم ئەرکە دەستوورییەکانی دووپات کردەوە، هاوکات دەنگی ناڕەزایی کورد دژی هەموو ئەو بڕیارانەی بەغدا بەرز بووەوە کە باس لە پێشڕەویی هێزەکانی سوپا بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی بەقاچاخبردنی نەوت دەکەن.

​جموجۆڵی لایەنە کوردییەکان و یەکخستنی هەڵوێست بۆ بەغدا

​بۆ ئامادەکاریی دیداری چاوەڕوانکراوی بەغدا، دوێنێ شەممە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی، کۆبوونەوەیەک لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (دەسەڵاتدار لە هەولێر و دهۆک) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (دەسەڵاتدار لە سلێمانی و هەڵەبجە) بەڕێوە چوو.

​سەرچاوە سیاسییە کوردییەکان بە «عەرەبی ئەلجەدید»یان ڕاگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی دیداری داهاتووی بەغدا بووە و هەر بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە بەشداری لە کۆبوونەوە نیشتمانییەکەی فائق زێداندا دەکەن. بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، هەردوو حیزبەکە ڕێککەوتوون لەسەر دواخستنی ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە نێوانیاندا سەری هەڵدا، ئەمەیش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵکشاوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی بەڕێوەبردنی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و دەسەڵاتە دەستوورییەکان.

​لەم چوارچێوەیەدا، ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە «عەرەبی ئەلجەدید»ی گوت کە هەردوو حیزبە کوردییەکە پێزانینیان بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری هەیە و شاندەکانیان بەشداریی گفتوگۆکان دەکەن. ئاماژەی بەوەش دا کە بڕیارە هەردوو حیزبەکە کارنامەیەکی هاوبەش پێشکەش بکەن کە گوزارشت لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بکات وەک قەوارەیەکی دەستووریی پابەند بە دەستووری عێراق، لە کاتێکدا وردەکارییەکان بۆ گفتوگۆ کراوە دەبن.

​شنگالی ڕوونیشی کردەوە کە هێزە کوردییەکان زمانی هەڕەشەی ئەو لایەنانە قبووڵ ناکەن کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی عێراق دەکەن، بەتایبەت ئەوەی لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە دەرچووە، بەڵکوو پێشوازی لە دەستپێشخەریی گرنگ دەکەن. ناوبراو جەختی کردەوە کە تەنیا گفتوگۆ دەتوانێت دەرگای چارەسەری خێرا بکاتەوە، بەڵام یەکلاییکردنەوەی زۆرێک لە دۆسیەکان و وردەکارییەکانیان پێویستیان بە یاسادانان هەیە، وەک یاسای نەوت و گاز، یاسای دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی فیدراسیۆن و بەڕێوەبردنی گومرگەکان، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکییەوە بەردەوام دواخراون.

​پێگەی دەستوور و ئاسۆی چارەسەرکردنی کێشە دێرینەکان

​پێشنیازەکەی فائق زێدان لەسەر بنەمای پەنابردن بۆ دەستوور داڕێژراوە، بەتایبەت لەو پرسانەی کە جیاوازی لە لێکدانەوەی دەقە دەستوورییەکاندا هەیە. زێدان جەختی کردووەتەوە کە دادگای باڵای فیدراڵی تاکە لایەنی تایبەتمەندی دەستوورییە بۆ ڕاڤەکردنی بڕگەکانی دەستوور لە کاتی بوونی ڕاجیاییدا؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر هەر خودی دادگای فیدراڵی پشتیوانیی لە بڕیارەکانی عەلی زەیدی بەرامبەر هەرێمی کوردستان کردبوو.

​سەبارەت بە کاریگەریی ئەم هەوڵە، غالب دەعمی، توێژەری کاروباری سیاسی، بە «عەرەبی ئەلجەدید»ی ڕاگەیاندووە کە یەکێک لە گەورەترین ئاڵۆزییەکانی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر، پاشەکشەی گفتوگۆ بووە لە نێوان هەردوولادا، ئەمەیش بەهۆی تێکەڵبوونی ململانێ سیاسییەکان و ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان لە تێکدانی پەیوەندییەکاندا. بە بڕوای دەعمی، دەستپێشخەریی گفتوگۆی نیشتمانی دەرفەتێکە بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئەو هاوبەشییەی دەستوور دیاری کردووە و بەرژەوەندیی نیشتمانی دەیخوازێت، هەروەها گرتنەبەری ڕێگەی گفتوگۆ لەلایەن بەغداوە پەیامێکە بۆ لایەنی کوردی کە تەنانەت لە دژوارترین دۆخەکانیشدا گفتوگۆ بۆ چەسپاندنی یاسا مومکینە.

​لە بەرامبەر ئەو دۆسیە دەستووری و کارگێڕییانەی بەدرێژایی دوو دەیەی ڕابردوو بە هەڵواسراوی لە نێوان بەغدا و هەولێردا ماونەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ببێتە سەرەتایەک بۆ دەستبردن بۆ کێشە بنەڕەتییەکان؛ لەوانە دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کە پەیوەندیی نەوتی و پابەندییە هاوبەشەکانی ڕادەستکردنی نەوت و داهاتەکان ڕێک دەخات و تا ئێستا پەسەند نەکراوە، دیاریکردنی میکانیزمی هەژمارکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیدا، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکان، لەگەڵ دۆسیەی ناوچە جێناکۆکەکان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور کە کۆتایی بە کێشەی دەسەڵاتە ئەمنی و کارگێڕییەکان لە ناوچە جوگرافیا تێکەڵەکاندا دەهێنێت.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×