فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، ڕاسپاردەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بە یەکخستنی پێناسی گومرگی دەرکرد، هاوکات دەستەی گشتیی گومرگ ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە کار بە سیستەمە نوێیەکە بە ڕێژەی 5% دەکرێت.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، هەریەک لە وەزارەتی دارایی و دەستەی گشتیی گومرگ سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکی و جێبەجێکارییەکانیان بە کۆتا گەیاندووە، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ کاراکردن و بەگەڕخستنی پێناسی گومرگیی یەکخراو بە ڕێژەی 5%.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لە ڕێکەوتی 1ی کانوونی یەکەمی 2026ـەوە ئەم پێناسە گومرگییە نوێیە لە تەواوی دەروازە و خاڵە سنوورییە فەرمییەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە بریتییە لە ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی، ڕەخساندنی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەلەکان و کەمکردنەوەی تێکڕای هەڵئاوسان لە بازاڕەکاندا.
هاوکات پێشبینی دەکرێت لە دوای کەوتنەکاری ئەم ڕێکارە نوێیەوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر بازاڕ دروست ببێت و نرخی سەرجەم کەلوپەلەکان، بە خۆراک و جلوبەرگیشەوە، ڕوو لە هەرزانبوون و دابەزین بکات.