سەربازێكی بەریتانی تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن دادگاوە سێ ساڵ
زیندانی بۆ بڕاوەتەوە، بەتاوانی دەست تێكەڵكردن لەگەڵ تۆڕێكی قاچاخچی كورددا، كە لەناو
دارستان و جەنگەڵەكانی شاری كاڵاسی فەڕەنساوە، پەنابەری نایاسایی لەناو سندوقی ئۆتۆمبیلەكەیەوە
گەیاندۆتە بەریتانیا.
ئا: كاوە ڕەش،
بەریتانیا
سەربازەكە كە پلەی جێگری یەكەی سەربازیی لەناو
سوپای بەریتانیادا هەبوە، بۆ گواستنەوەی هەر پەنابەرێكی كورد، لەجەنگەڵەكانی كاڵاسەوە
بۆ بەریتانیا، بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی "زە سەن"ی بهریتانی، بڕی پێنج
هەزار پاوەندی دەستكەوت بوە.
ئەو سەربازە كە
ئەندامی كەتیبەی دوی شازدە وێڵزی سوپای بەریتانیا بوە، بەشداری دو گەشتی سەربازی لەوڵاتی
ئەفغانستان كردوە.
پاشانیش گواستراوەتەوە بۆ بنكەی سەربازی "پادهربۆرن"
لەوڵاتی ئەڵمانیا.

پەپێی وتەكانی لەناو دادگای باڵای شاری
"مهیدستۆن"ی بەریتانیا، ئەو كاتێك لەپشودابوەو لەئەڵمانیاوە بۆ فەڕهنساو
لەوێشەوە بۆ بەریتانیا گەڕاوەتەوە بەئۆتۆمیلەكەی،
پەنابەری كوردی نایاسایی لەناو سندوقی ئۆتۆمبیلەكەی حەشارداوە، كە لەشوێنێكی چۆڵەوانی
ناو جەنگەڵەكانی شاری كاڵاس، یاخود لەشوێنی پاركی خواردنگەی ماكدۆناڵد سواری كردون.
ئەو لەناو دادگادا فرمێسكی لەچاوەكانی دەسڕی،
كاتێك خاتونێكی پارێزەری بۆ دادگا دەدوا كە چۆن كایڵ هاریس-ی تەمەن سی ساڵ توشی خەمۆكی
و پاڵەپەستۆی دەرونی هاتوە، بەهۆی پارچەپارچەبونی
یەكێك لەهاوڕێ نزیكەكانی لەبەرەی پێشەوەی شەڕ
لەناوچەی هەڵمەندی ئەفغانستان، لەساڵی ٢٠١١دا.
پارێزەری بەریگركار; ئەو سەربازەی بەكەسێكی نمونەیی
و ئازاو بەتوانا وەسفكردوە، كە ماوەی شەش ساڵ
خزمەتی سەربازی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان و دەرەوە كردوە. هەرەها هۆكاری لادانی بۆ ئەو
كارە خراپ و نایاساییە گەڕاندۆتەوە بۆ ئەو پاڵەپەستۆ دەرونییەی، كە بەهۆی بەشداری لەشەڕو
بینینی گیان لەدەستدانی هاوڕێكەی توشی بوە.
ئەو هەرچەندە سەربازی بەشێك بوە لەژیانی و چەندین
مهدالیاشی بەدەست هێناوە، بەڵام بەهۆی مەرگی هاوڕێكەیهوە، توشی خەمۆكی دەرونی و خەوزڕان
بۆتەوە، بۆیە شەوانە لەناو كامپە سەربازییەكەیەوە لەڕێگای وای فای كامپەكەوە، شەوان
تا درەنگ خەریكی قومارو گەمبەڵ بوە لەسەر ئینتەرنێت، بەو هۆیەشەوە نزیكەی ٣٠ هەزار
پاوەندی دۆڕاندوە.
كایڵ هاریس هەرچەندە لەلایهن تیمی تەندروستی سوپاوە كەمێك هاوكاری دژە خەمۆكی كراوە، بەڵام دواتر
پەنای بۆ زۆر خواردنهوهی خواردنەوە كهولیەكان و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بردوە،
بۆیە ئاڵودەی قومارو ماددەی هۆشبەر بوە، بۆ ئەوەش پێویستی بە پارە بوە، بۆیە ناچاربوە
ئەو ڕێگا هەڵەیهی بەكار هێناوە، وەك پارێزەرەكەی بەدادگای ڕاگەیاندوە.
خانمە دادوەر، ئادیل ولیهمز دەڵێ؛ بەهۆی بارودۆخی
كەسێتی و ئەو بەڵگانەی دەیسەلمێنن كە تۆ خزمەتی وڵاتت كردوەو توشی زهبری دەرونی بویتەوە
بەهۆی گیان لەدەستدانی هاوڕێكەتەوە، بەشیك لەسزاكەمان كەم كردویتهتەوەو بۆ سەرجەمی
سێ ساڵ زیندانی.
بەپێی گوتەی ئەو سەربازە، لەماوەی سەردانەكانیدا بۆ ماڵەوەی لەبنكە سەربازییەكەوە
بۆ بەریتانیا، لەسێ كاتی جیاوازدا سێ پەنابەری
نایاسایی گەیاندۆتە بەریتانیا.
هەر لەناو ئەو تۆڕەدا چەند كەسێكی دیكەش سزادران كە پێكهاتەو بازنەی بازرگانی كردن بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەرەوە
بون، لەنێویاندا (ز.ئ) كە خاوەنی شۆردنگەی ئۆتۆمبیلە لەشاری Middlesbroughی بەریتانیا،
ئهو بە دە ساڵ سزا درا، دوای پشكنینی ماڵەكەی بڕی ١٣٦ گرام كۆكاینی ساف كڵاس ئەی لەماڵەكەیدا
دۆزاوەتەوە، كە نرخی دەگاتە 13 ههزارو
600 پاوەند.
(ز.ئ)، ٣٦ ساڵ، خاوەنی دو منداڵەو ماوەی پازدە
ساڵە لەبەریتانیا دهژی.

(ز.ئ) سەرەتا وەها لەگەڵ ئەو سەربازە ڕێككەوتوە،
كە براكەی بەناوی (ه.ئە) لەكاڵاسەوە بگەیەنێتە بەریتانیا، دوای ئەوەی پلانەكەی سەری
گرتوە، پەرەی بەو پلانە داوەو كردویەتی بەكارێكی بازرگانی، كە لەو ڕێگایەوە پەنابەری
نایاسایی كورد بۆ سەربازەكە بدۆزێتەوەو بۆ هەر پەنابەرێك، بڕی پێنج هەزار پاوەندیان
داوە بەو سەربازە.
سەرەتا بڕی ٢٥٠٠ پاوەندو كاتێكیش پەنابەرەكە
گەیشتۆتە بەریتانیا ٢٥٠٠ پاوەندی دیكەشیان
داوەتێ.
كوردێكی دیكەش لەناو تۆڕەكەدا بوە، كە كاری دۆزینەوەو ئامادەكردنی كۆچبەرە نایاساییەكان بوە لەناو كامپەكانی كاڵاس بەناوی
(ه.ح) هاوكاری (ز.ئ)ی كردوە لەبازرگانییە ترسناكەكەدا، (ه.ح)ی تەمەن ٣٥ ساڵیش سزای
زیندانیكردنی دو ساڵ و هەشت مانگی بۆ بڕاوەتەوە لەلایەن دادگاوە، دوای ئەوەی لەتوركیاوە
دەستگیركراوەو هێنرایە بەردەم دادگا لەبەریتانیا.

پارێزەری (ز.ئ)، ئهندرۆ هیڵ, لەبەردەم دادگا
وتی"(ز.ئ) پیاوێكی ئێشكەرو زەحمەتكێش بوە، ئەو دوای ئەوەی
ویستویەتی براكەی لەو ڕێگایەوە بگەیەنێتە بەریتانیا، لەو بازرگانییەوە گلاوه.
دادوەر ئادیل ولیهمز دەڵێ; هەرچەند ڕاسیتیەكەی هەندێك كاری دڵسۆزی مرۆیی هەبوە، بەڵام دواجار بۆتە
كارێكی بازرگانیكردن بەمرۆڤەوە، كە ئەمەش پێشێلكردنی یاسایەو سزای بەدواوەیە.
ڕۆژنامەی زەسەنی بەریتانی دەڵێ؛ كایڵ هاریس لەمانگی
مایسی ٢٠١٦ لەلایەن فەرمانبەرانی سنورپارێزی بەریتانی دەستگیر كراوە
كاتێك دو كۆچبەری لەناو سندوقی ئۆتۆمبیلەكەیدا حەشارداوە.
داداگاش دواجار سزای ئەو سەربازەو دو كوردەكەی
دیكەی، لەكۆتایی مانگی كانونی دوهمی ٢٠١٩دا دەركرد.