زانیاری سەبارەت بە دو توشبوەكەی ئەمڕۆی هەولێر
  2020-03-25       6091       

بەقسەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، ئەو دو كەسەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە سنوری پارێزگای ھەولێر، وەك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشانكران، خۆیان سەردانی سەنتەری چارەسەریان كردوەو یەكێكیان دانیشتوی دەرەوەی شارەو ئەوەی دیكەشیان خەڵكی شاوێسە.

ئاوێنە: د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە میدیاكانی پارتی وت"ئەو دو كەسەی ئەمڕۆ لە ھەولێر توشی كۆرۆنا بون، بەریەككەوتنیان لەگەڵ توشبوەكانی پێشتر نەبوە. خۆیان ھەستیان كردوە تەنگە نەفەسن و كۆكەیان ھەبوە، بۆیە سەردانی سەنتەری چارەسەری كۆرۆنایان كردوە، كاتێك پزیشكەكان پشكنینیان بۆ كردون، دەركەتوە كە توشی كۆرۆنا بون."

وتیشی"بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان ئەو كەسانە سەردانی ھیچ وڵاتێكیان نەكردوەو زیاتر لەگەڵ خێزانەكانی خۆیان بەریەككەوتنیان ھەبوە، تیمەكانی پزیشكی چونەتە ماڵەكانیان بۆ ئەوەی پشكنین بۆ ئەندامانی خێزانەكانیان بكرێت."

بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر ئاشكراشی كرد"یەكێك لە توشبوەكان ماڵی لە دەرەوەی شارەو تەنھا لەگەڵ كەسوكاری بەریەككەوتنی ھەبوە، ئەو شوێنە چواردە ماڵن و یەك بنەماڵەن، بۆیە شوێنەكە كەرەنتین دەكرێت، ئەوەی دیكەشیان دانیشتوی شاوێسە و كەمتر بەریەككەوتنی لەگەڵ خەڵك ھەبوە، تەنھا پشكنین بۆ ئەندامانی خێزانەكەی دەكرێت."

ئاماژەی بەوەشكرد"باری تەندروستیان باشەو پێویستیان بە ژوری چاودێری چڕ نییە."

دلۆڤان محەمەد، لەبارەی توشبوەكانی پێشتری ھەولێر وتی"تائێستا 7 نەخۆش باری تەندروستیان زۆر جێگیرەو ویستومانە رەوانەی ماڵەوەیان بكەینەوە، بەڵام تائێستا پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ دەردەچێتەوە، بەگوێرەی رێنماییەكانی تەندروستی جیھانی 6 ھەفتە پێویستە بۆ چاكبونەوەی نەخۆشەكان، بۆیە پێویستی بە كاتی زیاتر ھەیە تا پشكنینەكان ببێتە نێگەتیڤ."

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×