داعش داوای سەرانە لەبازرگانەکانی کەلار دەکات‌و کۆگای بازرگانێكیش ده‌ته‌قێننه‌وه‌
  2020-04-21       1539       

ئا: زریان محەمەد



چەکدارانی داعش هەڕەشە لەبازرگانێکی شاری کەلار دەکەن بۆ ئەوەی ٥٠ هەزار دۆلاریان بداتێ گەرنا کۆگای شمەک‌و کاڵاکانی دەتەقێننەوە، هەر هەمان شەو کاتێک بازرگانەکە سەردانی ئاسایش دەکات بەمەبەستی ئاگادار کردنەوە، کۆگاکەی دەتەقێنرێتەوە.


ئه‌حمه‌د ئه‌كبه‌ر، کە بازرگانە لەشاری كه‌لار، بەئاوێنەی راگه‌یاند ''ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌مه‌ ٢\٤\٢٠٢٠ تیرۆریستانی داعش نامه‌یه‌ك بۆ حاجی هاشم دەنێرن، کە یه‌كێكه‌ له‌بازرگانانی كه‌لارو له‌كاتژمێر ٩:٢٠شدا ته‌له‌فونی بۆ ده‌كه‌ن و پێیده‌ڵێن ئێمه‌ چه‌كداری ده‌وڵه‌تی ئیسلامین  ٥٠ هه‌زار دۆلارمان ده‌ده‌یتێ یان  کۆگاکەت ده‌ته‌قێنینه‌وه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌روارێك بۆ كاتی پاره‌دانه‌كه‌ دیاری بكه‌ن، دوای ١٠ خوڵه‌ك نامه‌یه‌كی تری به‌زمانی عه‌ره‌بی بۆ دەنێرن كه‌ تیایدا نوسراوه‌ پاره‌كه‌ نه‌ده‌یت زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بیت، تاكو سه‌ردانی ئاسایشی كردو سكاڵای تۆمار كرد مه‌خزه‌نه‌كه‌یان ته‌قانداوه".


ئه‌كبه‌ر ئەوەی رونکردەوە کە کۆگاکەی  له‌بانی سیاوه‌ له‌نزیك كه‌لار بوەو به‌ به‌های ٣٠٠ هەزار بۆ ٤٠٠ هەزار دۆلار (٣٠ بۆ ٤٠ ده‌فته‌ر دۆلار) كاڵاو شتومه‌كی تیادا سوتاوه‌، تاكو ئێستا هیچ لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار هاوكاری نه‌كرده‌وه‌، ئەو وتی "بۆیه‌ په‌یوه‌ندیمان كرد به‌یاسین ره‌حیم فه‌ره‌ج، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی تاكو به‌ده‌نگمانه‌وه‌ بێت، له‌ئێستادا پۆلیس‌و ئاسایش په‌راوی لێكۆڵینه‌وه‌یان كردۆته‌وه‌و به‌رده‌وامن له‌به‌دواداچون بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌".


 وتیشی "له‌ئێستادا ٥ كۆگای بازرگان له‌كه‌لار له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ی چه‌كدارانی داعشدان‌و داوا له‌بازرگانان ده‌كه‌ن ٥ ده‌فته‌ر دۆلار بده‌ن ئه‌گه‌ر نا كۆگاكانیان ده‌سوتێنرێت یاخود دهتە‌قێنرێته‌وه‌".


ئەکبەر ئاماژەی بەوە کرد کە پاسه‌وانیان بۆ کۆگاکانیان دابین كردوه‌، به‌ڵام ڕه‌وشی ئه‌منی زۆر ناله‌باره‌و بازرگانان كراونەته‌ ئامانجی چه‌كدارانی داعش‌و لایه‌نه‌ په‌یوەندیداره‌كانیشیان لەم مەترسییە ئاگادار كردۆته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×