ڤایرۆسی کۆرۆنا: کریستیان درۆستن ئاگاداری دەدات لەگوڕی شەپۆلێکی نوێی درمگرتن
  2020-04-22       1802       

بۆدۆ کارلسفێڵد
وەرگێڕانی: کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

 

کریستیان درۆستن لە زنجیرەی هەنووکەی "NDR Podcast" بە ناونیشانی "ئەپدەیت ی پرسەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا" لەوە دەدوێت کە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەژێر توێژی هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەدا ڕوودەدات، ئەوەش وەک سەرمەشقێک، ئەوجا سوید نموونەیەکی نالەبارە لەم پەیوەندییەدا. لێ درۆستن ی پسپۆر ئەوە دەڕاستێنێت کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە لای زارۆکان کەمترن وەک لای پێگەیشتووان.

بێگومان دۆرستن لە پەخشی دووشەممەی پۆدکاست ی ناوبراودا کەمێک خەمی خۆی پێشان دا: دەشێت مرۆڤ دوای کەمێک خاوکردنەوەی مامەڵەکردن لەتەک ڤایرۆسی کۆرۆنادا خەمساردتر و کەمتەرخەمتر بێت. کەواتە پێوانەی – R (واتا ژمارەی ئەو کەسانە کە هەر تاکە پەتاگرتوویەک تووشی پەتاکەیان دەکات) دەستبەجێ بەرزدەبێتەوە.



ئایا لە کایەی سیاسەتدا واتێگەیشتنێکی سەهوو سەریهەڵداوە؟

درۆستن ی ڤایرۆسلۆژ دەبێژێت: "لە کایەی سیاسەتدا وا دانانرێت کە 'پێوانەی – R' سەرلەنوێ بچێتەوە سەرووی 1. لێ من وا باوەڕ دەکەم، ئەو واتێگەیشتنە کە بەگشتی لە کایەی سیاسەتدا هەیە، لەو بڕوایەوە دەردەچێت کە سەرجەمی هەنگاوە نراوەکان تا هەنووکە سەرکەوتوو بوون".

بێگومان درۆستن نکۆڵی لەوە ناکات کە ئەو واتێگەیشتنەی کایەی سیاسەت لە ڕووی ژمارەکانەوە ڕاستە، لێ ئەو هاوکات وای دەبینێت کە پەیوەند بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەوە، "لەژێر توێژی هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەدا"، مەترسییەک لەگۆڕێیە. هیچ گومان لەوە ناکرێت کە ڕەوشەکانی پەتاگرتنەکە لە ئەڵمانیا – بەتایبەتی لە سەرەتادا – لە ڕووی ناوچەییەوە زۆر پەرت بوون، هەروەها بەهۆی ڕێبەستی بەریەککەوتنەوە ئەم چڕییەی ڕەوشەکانی تووشبوون کە ناوچەییانە ناهاوتا دابەشبوو، بەسترا.



درۆستن ئاگاداری دەدات لە شەپۆلێکی نوێی پەتاگرتن

درۆستن جەخت لەوە دەکات، کە گواستنەوەی هەنووکەی ڤایرۆسە، بۆ نموونە بەڕێی سەردان یان دیدارەوە کە لەژێر ڕێساکانی باری نائاساییدا شیاون، لە ئێستادا دەرکی پێناکرێت. ئەو ئاگاداری لە گوڕی شەپۆلێکی نوێی پەتاگرتن دەدات: "شەپۆلێکی بەم چەشنە هەروەها ڕەوشی مردن لەخۆدەگرێت و دەشێت ببێت بە بارێکی قورس بەسەر قاوشەکانی چاودێریی چڕەوە".
ئەو قاوشە ناوبراوانە هەنووکە لە شاڕیتێ ی بەرلین بەردەوام پڕتر دەبن، جا گەرچی ئەوە بە خاوی. لێ درۆستنی پسپۆر کە لەم گۆڕانە وردبۆوەتەوە، خەمی خۆی دەردەبڕێت: "ئەمە لە خۆیدا ئەنجامێکە کە ناخم بە خەم گراندەکات". بێگومان درۆستن زانیارییەکانی خۆی زۆر بەکەمی لە میدیاکانی ئەڵمانیاوە وەردەگرێت، ئەو بەتایبەتی نووسین و بۆچوونی زانستی لە ئینگلیزی و ئەمەریکییەوە، یان هینی پسپۆرەکانی هۆنگ کۆنگ، دەخوێنێتەوە. ئەوجا دەبێژێت: "لەمەوە ئەو تێروانینەم لا چێدەبێت و بەردەوام سەرلەنوێ وەک ترس بەسەرمدا زاڵ دەبێت".



ئایا سوید نموونەیەکی نالەبارە؟

ئەو بەراوردەی زۆر جار لە نێوان ئەڵمانیا و سویددا دەکرێت (سوید کە لە هەواڵە میدیایی و سۆسیال میدیاییەکانی ئەڵمانیادا هەندێک جار وەک سەرمەشق و هەندێک جاری دی وەک نموونەیەکی نالەبار ناودەبرێت)، بەدیدی درۆستن "بەرانبەریەکدانانێکی دەستکردە".
ئاخر سوید سەرەتا کەمتر بایەخی دا بە هەنگاوی سنووردانان بۆ پەیوەندی و بەزۆریی پشتی بە ڕۆشناییدان و هاوکاریی دانیشتوان بەست، لێ ئەڵمانیا ڕێگەیەکی پێچەوانەی گرتە بەر. ئەوجا درۆستن دەبێژێت: "ڕاستییەکەی ڕەنگە سوید و ئەڵمانیا دەمێک بێت لە هەمان پنتدا یەکبگرنەوە، سەرەڕای ئەوە دەبێت ببێژین، ئەو هەنگاوانەی بەرەنگاربوونەوە کە لە سوید نراون، زۆر بە هێواشی سەرخران، ئێستاش مرۆ بە چاوی خۆی دەبینێت کە لەوێ ژمارەی مردنەکان بەڕاستی لەسەرکەوتندایە".



گوندێک لە ئیتالیا: 43 دەر سەدی پەتاگرتووەکان هیچ نیشانەیەکیان پێوە دیارنەبوو

درۆستن ی ڤایرۆسلۆژ لە پۆدکاستەکەدا ڕایگەیاند: ئەو بەتایبەتی لە لایەن وردیی ئەو داتایانەوە سەرنجی ڕاکێشراوە کە ماوەیەکی کورت لەمەوبەر لە کۆمونەیەکی بچووکی باکوری ئیتالیا بە ناوی (Vò) تۆمارکراوان. لەوێ سەرجەمی دانیشتوان لە ماوەی دوو هەفتەدا دوو جار تێستیان پەیوەند بە ڤایرۆسی کۆڤید-19وە بۆ کرا.
ئەو تێستانە لە سەرەنجامدا دەریانخست، 43 دەر سەدی تێستبۆکراوان کە دوای لێکۆڵینەوە پۆزەتیڤ دەرچوو بوون، هیچ نیشانەیەکیان پێوە دیارنەبوو. درۆستن ئەم ژمارەیە وەک دروست و پڕواتا وەردەگرێت. ئەو دەبێژێت: "تێستەکان لەو کۆمونەیە زۆر بەچڕی ئەنجام دران. من هەروەها وا بیردەکەمەوە کە 43 دەر سەد پێوانەیە و دەشێت وەک بنەڕەتێک پیچەسپێنین".



زارۆکانی پەتاگرتوو کەمتر لە پێگەیشتووان نیشانەی پەتاکەیان پێوەدیارە.

کریستیان درۆستن لە کۆتایی پەخشی دووشەممەی پۆدکاستی "ئەپدەیت ی پرسەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا"دا سەرلەنوێ لەبارەی پرسی "زارۆکان" هاتەوە گۆ: "من وا باوەڕ دەکەم، ماوەیەکە لەسەر بناغەی داتا دەستگیرکراوەکان گومان لەوە ناکرێت کە نیشانەی پەتاکە لای زارۆکان زۆر دەگمەنترە وەک لای پێگەیشتووان". درۆستن هەروەها لە ڕووی ئاماریشەوە ئەو لایەنە وەک دەستەبەرکراو دەبینێت کە لای زارۆکان و پێگەیشتووان نزیکەی هەمان ڕێژەی پەلاماری ڤایرۆسەکە بەدیدەکرێت. ئەمەش دەریدەخات کە نەخۆشییەک تا چە ڕادەیەک تووشکەرە (سارییە) و چەند لەو مرۆڤانە کە پەتاکەیان گرتووە، بەڕاستی خودی ئەو پەتایەیان گرتووە.
ئەوجا درۆستن بەم دەربڕینانە کۆتایی بە داتا دەستگیرکراوەکانی دەهێنێت: "لێرەدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان مرۆڤانی 20 تا 30 ساڵان، 10 تا 19 ساڵان یان 0 تا 9 ساڵاندا نییە. ڕێژەی پەلاماری ڤایرۆسەکە لای هەموو گرووپی تەمەنەکان هاوتایە، ڕێژەکە تەنیا لای مرۆڤانی 60 تا 69 ساڵی بەرزترە".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×