چەند فراكسیۆنێكی كوردستانی نیگەرانن لەشێوازی دانانی بەڕێوەبەرە گشتییەكانی كۆمسیۆن
  2020-05-31       280       

ژمارەیەک فراکسیۆنی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لە شێوازی دیاریکردنی بەڕێوەبەری گشتی نوسینگەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە دیاریکراویش لە هەرێم بەهۆی دەستوەردانی حیزبییەوە.

ئاوێنە: لە بەیاننامەیەکدا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و ئایندە و سەربەخۆکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە چەندین سەرپێچی یاسایی لە دیاریکردنی بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆک بەش و بەرپرسی ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن هەیە لە هەرێمی کوردستان و دەستوەردانی حیزبی رون لەو کارەدا دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا کە ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق کراوە، ئەوە هاتوە "لە دیاریکردنی ئەو کەسانەدا رەچاوی بنەماکانی سەربەخۆیی و لێهاتویی و دەستپاکی و بێلایەنی نەکراوە، بۆیە داوا دەکەین ئەو پڕۆسەیە رابگیرێت لە هەرێمی کوردستان، چونکە بەردەوامی ئەو کارە، پێچەوانی دەستورە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی خەڵک بە هەڵبژاردنەکان، هاوشێوەی ئەوەی لەدواین هەڵبژاردندا بینرا".

لە کۆتایشدا ئەو فراکسیۆنانە جەخت دەکەنەوە لەوەی کە کار دەکەن بۆ رێککردنەوەی ئاڕاستەی کاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و پاراستنی سەربەخۆیی ئەویش لەرێگەی دابیکردنی پشتیوانی پەرلەمانی و یاسایی و جەماوەی، بۆ پاراستنی پڕۆسەی هەڵبژادان و دوبارە نەبونەوەی سیناریۆکانی هەڵبژاردنی ساڵی (2018) کە بوە هۆی ئەوەی هاوڵاتیان متمانەیان بە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق نەمێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×