داواکاری گشتی بەتۆمەتی هاندانی خۆپیشاندان سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماردەکات
  2020-06-03       761       

لەسەر داوای وەزیری ناوخۆ داواکاری گشتی بەتۆمەتی هاندانی خۆپیشاندان و شکاندنی کەرەنتینە سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماردەکات.

ئاوێنە: كەناڵی ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەزاری سەرچاوەیەکەوە لە داواکاری گشتی رایگەیاند، لەسەر داوای رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماردەکرێت.

رونیشیکردەوە، سکاڵاکە بە تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندان و شکاندنی کەرەنتینە لەسەر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆماردەکرێت.

تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 30ی مانگی رابردو شاسوار عەبدولواحید، لە پەیامێكدا رایگەیاند، "هەفتەی داهاتو، هەفتەی خۆپیشاندان و روخانی ئەم دەسەڵاتەیە."

دوای ئەوەش كە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژێك دواتر بڕیاریدا بۆ ماوەی شەش رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ بسەپێنێت، دژبەو بڕیارە، پێری لە چەند قەزایەكی سەربە پارێزگای سلێمانی و دوێنێش لەناو شاری سلێمانی خۆپیشاندان بەڕێوەچو.

شاسوار عەبدولواحید، دوێنێ بەشداری خۆپیشاندانەكەی سلێمانی كردو پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاندو داوای بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی كرد.

دوێنێش لە بەیاننامەیەكدا سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: هەر كەس و لایەنێك هانی خەڵك بدات بۆ خۆپیشاندان و شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆو كەرەنتین رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر.

ئەوەش لەكاتێكدا لەژێر گوشاری ناڕەزایەتییەكاندا بڕیارە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە رێكارەكان لە هەرێمی كوردستان ئاسان بكرێن و بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی پارێزگای سلێمانیش لە سەعات 6ی ئێوارەی ئەمڕۆوە سێكتەرەكان دەكرێنەوە.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×