کارگێڕی مەڵبەندی یەکێتی لە سلێمانی و ته‌واوی خێزانەکەی توشی كۆرۆنا بوون
  2020-06-17       1639       

ئا: ئاوێنه‌

 

کارگێڕی مەڵبەندی رێکخستنی یەکێتی لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، ''خۆی و چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، داواش دەکات ئەو کەسانەی لە 14 رۆژی رابردوو بەرکەوتنیان لەگەڵیان هەبووە بچن پشکنین بکەن''.

 ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 17 ی حوزه‌یرانی 2020 ،بورهان عەبدولڕەحمان له‌ لێدوانیكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، ''11ـی ئەم مانگە پشکنینی کۆرۆنایان کردووە و دوێنێ سێشەممە ئەنجامەکانی دەرکەوتووە کە تووشی کۆرۆنا بوون. "ئێستاش لە ماڵەوە خۆمان کەرەنتین کردووە".

کارگێڕه‌كه‌ی مەڵبەندی رێکخستنی یەکێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، سەرەتا نیشانەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر منداڵەکانی دەرکەوتووە کە دوو کوڕ و کچێکن. بەهۆی ئەوەشەوە بڕیاریانداوە بچن بۆ نەخۆشخانە و پشکنین بکەن.

بورهان عەبدولڕەحمان له‌ باره‌ی دۆخی ته‌ندروستی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی باس له‌وه‌ش ده‌كات "من جار جار هەناسەتەنگیم بۆ دێت، ئەوانی دیکەش تاو و سەرئێشەیان هەیە لەگەڵ ئەوەی هەستی تامکردنیان لاواز بووە". ئەو خێزانە چوونەتە نەخۆشخانەی ئاسای تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا، بەڵام پێیان گوتوون لە ماڵەوە بن و هەرکات دۆخی تەندروستییان خراپ بوو ئەوکات سەردانیان بکەنەوە.

هه‌روه‌ها ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو ، 10 رۆژ پێش ئێستا کاتێک هەستی کردووە منداڵەکانی نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان تێدایە بڕیاریداوە نەچێتەوە دەوام بۆ مەڵبەند. بۆیە بە ئەستەمی دەزانێت کەس لەوێ بەرکەوتووی ئەو بووبێت، بەڵام دەیەوێت بەتەواوی دڵنیابێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پۆستێکی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک کردووە و دەڵێت، ئەوانەی بەرکەوتووی بوونە، بچن پشکنین بکەن یان خۆیان کەرەنتین بکەن.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ لە سلێمانی تووشبووانی کۆرۆنا رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هەزار و 754 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون کە 640 کەسیان چاکبوونەتەوە و 52 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×