ئەحمەد رازی، شیعەو سوننەکان دەڵێن چی؟
  2020-06-22       6028       

ئا: ئاوێنە



مەرگی ئەستێرەی ناوداری تۆپی پێی عێراق "ئەحمەد رازی"، وەک زۆربەی روداوەکانی دیکەی عێراق هەڵوێستی جیاوازو ناکۆکی شیعەو سوننەی بەدوای خۆیدا هێنا، سوننەکان "رازی" بەپاڵەوانی ئەفسانەیی عێراق ناودەبەن‌و شیعەکانیش بە"هەڵگەراوە لەمەزهەبی شیعەو دۆستی نزیکی عودەی".

یەکێک لەوانەی لەگەڵ راگەیاندنی مەرگی ئەحمەد رازی-دا، پرسەو هاوخەمی خۆی بۆ مەرگی دەربڕی، رەغدی کچی سەدام حسێن بو، کە لەتویتێکدا وێنەیەکی دەگمەنی ئەحمەد رازی‌و عودەی برای بڵاوکردوەو وتی "خودا لەئەحمەد رازی خۆش بێت کە ئەستیرەی بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق بو لەناوەندە نێودەولەتییەکان".

لەعێراقدا هەمو کەسێک، هەر لەسیاسی‌و هونەرمەندو نوسەرو رۆژنامەنوس‌و یاریزانەوە بگرە تا دەگات بەمرۆڤی ئاسایی، لەدیدی مەزهەبی‌و تائیفییەوە سەیر دەکرێت: سوننەیە یان شیعە؟

لەم بارەیەوە ئەحمەد رازی خاوەنی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە، ئەو لەوەلامی ئەوەدا کە سوننەیە یا شیعە؟ رایگەیاند بو "لەبەرئەوەی لەمناڵییەوە کە لەگەڕەکی یەرموک بون لەبەغدا، هەمو هاوڕێکانی سونی بون‌، ئەمیش لەمزگەوتی شەواف نوێژی کردوەو لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا بوە بەسونی حەنەفی، بەڵام هەمو براکانی هەر لەسەر مەزهەبی شیعەن‌و بەتەنها ئەم سوننەیەو باوەڕی تەواویشی  بەعەقیدەی خۆیەتی"!

ئەحمەد رازی کە لەتەمەنی ١٨ ساڵییەوە بوە بەیاریزانی هەڵبژاردەی عێراق‌و خاوەنی تاکە گۆڵی عێراقە لەمۆندیال-دا، ساڵی ١٩٨٨ وەک باشترین یاریزانی ئاسیا دایریکراو لەساڵانی رابردوشدا نازناوی "یاریزانی سەدە"ی عێراقی پێبەخشرا.

ئەم یاریزانە کارامەیە، لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٨ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بوە کاندیدی "بەرەی تەوافوق"ی سوننەکان‌و چوە پەرلەمانی عێراقەوە، بەمەرجێک پێشتر رایگەیاند بو "سەدام حسێن لەهەشتاکانی سەدەی رابردودا شوقەیەک‌و ٦ ئوتومبێلی بەدیاری پێبەخشیوم".

هەرچی شیعەکانە، رقی خۆیان بەرامبەر بەم ئەستێرە لێهاتوەی عێراق ناشارنەوە، لەبەرئەوەی نزیک بوە لەعودەی سەدام حسێنەوە، ئەوان دەلێن "ئەحمەد رازی درێسی ژمارە ٨ی لەفەلاح حەسەنی شیعە سەندو کردییە بەری خۆی"!


ئاماژە بەوەش دەکەن کە "ماڵە خەزورانی ئەحمەد رازی سونی توندڕەوو بەعسی بون، خەزوری یەکێک بوە لەعەرابەکانی تائیفەگەریی‌و هۆکاری گۆڕینی مەزهەبی ئەحمەد رازی بوە لەشیعەوە بۆ سوننە، خەزوری لەسەردەمی حوکمرانی بەعسدا فەرماندەیەکی فیداییەکانی سەدام بوەو هەر بەهۆی ئەم ماڵە خەزورانەوەشی بوە بەکاندیدی بەرەی تەوافوق".

شیعەکان رەخنە لەدەسەڵاتدارانی عێراق دەگرن کە "هیچ بایەخیان بەعەلی هادی – راهێنەری عێراق – نەداوە کاتێک هەفتەیەک لەمەوبەر بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، هەر لەبەرئەوەی شیعە بوە، بەڵام بایەخیان بەئەحمەد رازی داو فڕۆکەیەکی تایبەتیان بۆ تەرخان کرد بو تا بۆ چارەسەر کردن بیبەن بۆ ئەردەن، لەبەرئەوەی ببو بەسونیی"!

ناوەندە سیاسی‌و راگەیاندنەکانی سەر بەهێزە شیعییەکان رقی خۆیان بەرامبەر بەیاریزانانی ناوداری عێراق "حسێن سەعیدو عەدنان درجال‌و ئەحمەد رازی" ناشارنەوە لەبەرئەوەی لەعودەی سەدام حسێنەوە نزیک بون.

شیعەکان ئاماژە بەوە دەکەن هەرچەندە ئەحمەد رازی یاریزانێکی کارامەو ئەفسانەیی‌ بوە، بەڵام لەکاری پەرلەمانتاریدا فاشیل بوەو دەڵێن "ئەو ناوە درەوشاوەو گەورە وەرزشییە داهێنەرە، بو بەژمارەیەک بچوکی ناو دەفتەری حساباتە سیاسییەکان‌و حوتە تائیفییەکان"!


لەبەرامبەریشدا، بەشێک لەرۆژنامەنوسانی سەر بەهێزە سونییەکان لەچۆنیەتی گیان لەدەستدانی "رازی" بەگومانن‌، کە لەماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا نیشانەکانی کۆرۆنای تیا دەرکەوت‌و گیانی لەدەست دا، تەنانەت داوای لێکۆڵینەوەو توێکاریی جەستەی دەکەن لەدەرەوەی وڵات بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی مردنی‌و دەپرسن "چۆن وەک پێویست چاودێری نەکراوەو بەتەنها لەتەوالێتدا مردوە؟!".

پەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی نەعمان لەبەغدا رایانگەیاندوە "هۆکاری مردنەکەی، رۆشتنی ئەحمەد رازی بۆ تەوالێت‌و لێکردنەوەی ئەو دەزگای ئۆکسجینە بوە کە بۆ هەناسەدانی دانراوە، ئەمەش  بوەتە هۆی خنکانی‌‌و کەس نەیتوانیوە فریای بکەوێ".

ئەمە لەکاتێکدایە کە فڕۆکەیەکی بۆ تەرخان کرا بو بڕیار بو بۆ سبەینێ بەمەبەستی چارەسەر کردن بگوازریتەوە بۆ عەممانی پایتەختی ئۆردون، کە خێزان‌و مناڵەکانی لەوێ نیشتەجێن.

 

  

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×