هەنا ئەدوەر-ی بن دیوار!
  2020-06-26       1485       
هەنا ئەدوەر

ئا: ئاوێنە


هەنا ئەدوەر، كە بە"تێرازاكەی عێراق"و یەكێك لەرەمزە گەورەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ناودەبرێت، بن دیوارو بەپلەی بریكاری وەزیر خانەنشینە لەكوردستان.


هەنا ئەدوەر، ئارەزوی هەرە پەسەندكراوی ۆركشۆپ‌و چاوپێكەوتنی كەناڵەكانی تەلەفزیۆن‌و خۆنمایش كردن‌و گەشت كردنە بەناوی رێكخراوە مەدەنیەكانەوە بۆ ئەوروپا، زۆرجار کە دەیبینین پەیتا پەیتا باسی "دادپەوەریی‌و دیموكراسی‌و یەكسانی‌و مافی مرۆڤ" دەكا‌و لەلایەن رێكخراوە بیانیەكانیشەوە وەك چالاكترین ژنی عێراق‌و تەنانەت "نیشتمانی عەرەبی"ش ناو  دەبرێ‌‌و خەڵات دەكرێت، رەنگە زۆربەمان بەسەرسامییەوە بڵێین ئەبێ ئەم ژنە بەتواناو "رەخنەگرە" چ بەرپرسیاریەتی‌و خەمێكی گەورەی بەرامبەر بەئێستا‌و ئایندەی عێراق لەئەستۆ گرتبێت؟! 


بەڵام ئەم وێنە رتوش كراوەی هەنا، تا ئەو شوێنە بڕ دەكات كە روە راستەقینە‌و شاراوەكەی دەرنەكەوتوەو هێشتا بێژەرەكە پرسیاری ئەوەی لێنەكردوە "راستە بەپلەی وەزیر لەحكومەتی هەرێمی كوردستان خانەنشینیت؟!"


کە ئەو پرسیارەی ئاڕاستە دەکرێ، هەنا زۆر بەشانازییەوە دەڵێت "من بەپلەی بریكاری وەزیر لەحكومەتی هەرێمی كوردستان خانەنشین كراوم لەلایەن مام جەلال-ەوە"! ئیتر ئەوسا دەردەكەوێت ئەم چالاکە مەدەنی‌و رەخنەگرە چەند "ساختە"‌و چ بازرگان‌و پاڵەوانێكی وەهمییە، كە كرداریی رێك پێچەوانەی ئەو قسانەن دەیكات‌و هەمیشە روی راستەقینەی خۆی لەپشت كۆمەڵێك ماسک‌و دروشمی بریقەو باقەوە دەشارێتەوە!


"هەنا ئەدوەر جۆرج" سەرۆكی كۆمەڵەی هیوای عێراق، كە تەمەنی 74 ساڵەو مەسیحییەكی لەدایكبوی بەسرەیە، لێدوانی ئەم دواییەی سەبارەت بەخانەنشین بونی بەپلەی بریكاری وەزیر لەحكومەتی هەرێم، هەرای لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان‌و سۆشیال میدیای عێراقیدا نایەوە، لەبەرئەوەی هەنا رۆژێك لەڕۆژان كارمەندی حكومەت نەبوە لەهەرێمی كوردستان‌و تەنانەت خاوەنی هەڵوێستێكی دیاریش نەبوە بەدرێژایی ساڵانی رابردو بۆ داكۆكی‌و پشتیوانی كردن لەكورد‌و بگرە هەر زمانی كوردیش نازانێت، كەچی دەسەڵاتدارانی كورد بەپلەی "بریكاری وەزیر" لەسەر داهاتی گشتی خانەنشینیان كردوە!


میدیا عێراقییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە هەلپەرستی بوە بەدیاردەیەكی كۆمەڵایەتی‌و هەنا ئەدوەر نمونەیەكە لەسەدان چالاك‌و رۆشنبیر‌و نوسەرو رۆژنامەنوس كە لەعێراق‌و كوردستاندا بن دیوارن‌و بەناوی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و رێكخراوی مەدەنی‌و میدیای ئازادەوە ناویان دەركردوەو ژێر بەژێر خەریكی كۆكردنەوەی پارەن لەم كاربەدەستی پایەبڵندو لە‌و گەورە بازرگان.


باس لەوەش دەكەن كە هەرچەندە هەنا بەعەمیدی كۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی‌و بە"تێرێزای عێراق" ناودەبرێت – هاوشێوەی "دایە تێرێزا" قەدیس‌و پارسا – بەڵام ئەم ژنە چەپ‌و شیوعییەی هاوڕێی فەخری كەریم، كە لەساڵی 1979ەوە عێراقی بەجهێشتوەو لەنێوان شام‌و ئەڵمانیا‌و مۆسكۆو هەولێردا هاتوچۆی كردوەو لە2003ەوە گەڕاوەتەوە بەغدا، بەهەمو شێوەیەك هەوڵ بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەدات.


هەنا لەساڵی 1992دا كۆمەڵەی هیوای عێراقی دادەمەزرێنێت، لەبەرئەوەی باش دەیزانی كە رێكخراوە مەدەنیەكان لەلایەن وڵاتان‌و رێكخراوەكانی دەرەوە پارەو خێر‌و بێرێکی زۆریان بەسەردا رژاوە‌و گرنگترین پڕۆژەی خۆدەوڵەمەند كردنن.


جا خۆش ئەوەیە وەک میدیا عێراقییەکان دەڵێن هەنا كە خۆی بن دیوارەو بەپلەی بریكاری وەزیر لەهەرێم خانەنشینە، سەری زمان‌و بنی زمانی باسی گەندەڵییەو كەمپەین بۆ كەم كردنەوەی موچەی پەرلەمانتاران‌و پلە باڵاکانی عێراق‌و بەشداری لەخۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر دەكات‌و لەبەردەم دەسەڵاتداراندا لافیتە بەرز دەكاتەوەو داوای ئازادكردنی دەستگیركراوەكان دەكات، زۆرجاریش وا خۆی پیشان دەدات كە كراونەتە ئامانج‌و ژیانی لەمەترسیدایە، بۆ ئەوەی بەهایەكی زیاتر بەخۆی بدا‌و وێنەیەكی وا دەربخات كە كەسایەتییەكی كاریگەرە!


هەنا، لەلایەن بەشێك لەنوسەرو رۆژنامەنوس‌و هونەرمەندانی عێراقییەوە رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت كە بەو موچە خانەنشینییە زۆرە تێر ناخوات حكومەتی هەرێم بۆی بڕیوەتەوەو بەردەوام لەڕێگەی كاری "رێكخراوە مەدەنییەكان"ەوە هەڵپەی كۆكردنەوەی دۆلارو پارەیەتی، ئەوان پێیانوایە هەمو ئەوەی هەنا دەیكات دەچنە خانەی نمایش‌و شانۆگەریی‌و دووفاقی سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەوەو جەغت لەوە دەكەن ئەم جۆرە كاراكتەرانە زۆر لەو بەرپرسانە گەندەڵترن كە بەرۆژی روناك پارە وەردەگرن‌و بۆ فریودان دەمامكی "زوهد‌و راستگۆیی" ناپۆشن.


هاوکات خانەنشین كردنی هەنا، وەك بەشێك لەپرۆسەی كڕین‌و بێدەنگ كردنی نوسەرو رۆشنبیر‌و رۆژنامەنوس‌و هونەرمەند‌و چالاكی مەدەنی لێكدەدرێتەوە، بەسەرنجدان لەوەی ئەم ژنە كە شەوو رۆژ دەڵێت "لەپێناوی ئازادی‌و دیموكراتی‌و مافی مرۆڤدا لەعێراق خەبات دەكات"، بەڵام تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكی رانەگەیاندوە بەرامبەر بەنادادپەروەری‌و گەندەڵی‌و پێشێلكارییەكانی ئازادی‌و مافی مرۆڤ‌و تیرۆر كردنی رۆژنامەنوسان لەكوردستاندا.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×