پارێزگاری هەولێر چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی‌ به‌رهه‌می‌ ته‌ماته‌وه‌ ده‌دات
  2020-07-07       906       
نوسینگەی پارێزگاری هەولێر  چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی‌ به‌رهه‌می‌ ته‌ماته‌وه‌ ده‌دات، به‌پێی‌ یه‌كێك له‌بریاره‌كان کارگەی قوتوبەندی هەریر لەنزکترین کات بەگەڕدەکەوێتەوەو دەستدەکرێت بەکڕینی تەماتە لەجوتیاران بۆ کارگەکە.

ئاوێنه‌:  ڕاگەیندراوێک لەنوسینگەی پارێزگاری هەولێر

دوا بەدوای ئەوەی دوێنێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەری بەشیك لەو جوتیارانە کرد کە کێشەی ساخبوونەوە و هەرزانی نرخی بەربوومی کشتوکاڵیان هەبوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر، گەیشتینە ئەو دەرەنجامانەی خوارەوە. 

یەکەم/ بۆ ساخکردنەوە و كڕینی بەرهەمی تەماتە لەجوتیاران، کارگەی قوتوبەندی هەریرلە نزکترین کات بەگەڕدەکەوێتەوە و دەست دەکرێت بە کڕینی تەماتە لەجوتیاران بۆ کارگەکە.        
               
دووەم/ بەڕێز شێخ باز بۆ هاندانی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ بڕیاریدا ڕۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی (6) ڕۆژ بکڕێتەوە و وەک کاری خێرخوازی لە کەمپ و گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێر دابەشی بکات، ئەم هەڵوێستەش شایستەی ڕێزلێنان و سوپاسە.                      

سێیەم/ بۆ پشتگیریکردن لە فرۆشتنی بەرهەمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر، بڕیاردرا کارئاسانی بۆ هاتنی سەرجەم بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکرێت بۆ هەولێر،  بۆ ئەو مەبەستەش قایمقامی هەولێر ئەمڕۆ سەردانی عەلوەی هەولێری کرد و میکانیزمی گونجاو دانرا بۆ هاتنە ژوورەوەی کڕیارانی تەماتە و بەربوومی کشتوکاڵی. 
                                                                  
چوارەم/ بڕیاردرا لەمەدوا لەبەرامبەر هەر سندوقێکی بەتاڵی تەماتە و میوە (250) دینار لەلایەن بەقالەکانەوە بۆ جوتیاران بگەڕێندرێتەوە، هەروەها بڕیاردرا بە دابەزاندنی نرخی سندوقی هەڵگرتنی سەوزە و میوە بەشێوەیەکی گونجاو.         
                                            
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×