مەسەلەی کورد لەراپۆرتێکی ساڵی ١٩٢٠ی بەریتانیادا
  2020-07-08       1858       

لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

بەشی یەکەم

 

تێبینی: 
ئەم باسە بەشی شەشەمی راپۆرتی پێداچوونەوەی حوکمی راستەوخۆی عێراقە لەلایەن بەریتانیاوە، کە ساڵی ١٩٢٠ ئامادە کراوە. راپۆرتەکە بە ناوی "پێداچوونەوەی کارگێڕیی مەدەنیی میزۆپۆتامیایە  Review of the Civil Administration of Mesopotamia" و ساڵی ١٩٢٠ خاتوو گێرتروود لوسیان بێڵ نووسیوێتی، کە سکرتێری کۆمیسیۆنی باڵا بووە لە عێراق. راپۆرتەکە لە هەندێ شوێندا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩١٨ و ١٩١٩ و تێکڕا باس و هەڵسەنگاندنی چۆنێتی گرتنی ناوچە جۆراوجۆرەکانی میزۆپۆتامیایە، پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٢١دا قەوارەی دەوڵەتێکی تێدا دروست بکرێت بەناوی عێراقەوە و کەین و بەینی چۆنێتیی لکاندنی کوردستانی باشوورە بەم قەوارەیەوە – وەرگێڕ.
دەقی تەواوی تێبینیی کۆمیسیۆنی باڵا لەسەر ئامادەکردنی بەم شێوەیە: 
"ئەم پەیپەرە پێشکەش کردنی باسێکە لەبارەی کارگێڕیی مەدەنیی میزۆپۆتامیاوە لە ماوەی داگیرکردنی سەربازیی بەریتانیادا، کە وەک بڵێی لە هاوینی ئەمساڵەوە، کاتێ کە ماندێتی میزۆپۆتامیا لەلایەن بەریتانیای مەزنەوە قبووڵکرا، هەنگاو گیرایەبەر بۆ زوو دامەزراندنی حکوومەتێکی عەرەبی.
حکومەتی خاوەن شکۆی (بەریتانیا) داوای راپۆرتێکی کرد لەسەر ئەم ماوە قورس‌و پڕ گرفتە، لەجێگری کۆمیسیاری مەدەنی، کەوا ئامادەکاریی سپاردە خاتوو گێرتروود ل. بێڵ C. B. E.


 
ئۆفیسی هندستان India Office
٣ی دیسەمبەری ١٩٢٠
لەندەن: چاپ و بڵاوکردنەوەی لەلایەن ئۆفیسی پەڕاو و نووسراوەکانی حکوومەتی خاوەن شکۆوە.

داگیرکردنی مووسڵ ئیدارەی بەریتانیای راکێشایە سەر پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ کوردەکاندا. بەدرێژایی هەردوو بەری سنوورەکانی تورکیی – فارسیدا خێڵە کوردەکان نیشتەجێی چیاکانن، هەر لە کەمێک باشووری خانەقینەوە تا چیای ئارارات، کە لە رۆژهەڵاتەوە تا وڵاتی فارس درێژ دەبێتەوە و لە رۆژئاواشەوە بەسەر بەرزاییەکانی ئاسیای بچووکدا تا کیلیکیا و سنووری سووریا. بەدرێژایی ناوچەی ئەنەدۆڵی پردی نێوان ئەوروپا و ئاسیا تووشی هێرش و پەلاماری زۆرێک لە دەستدرێژیکاران بووەتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەی خاکەکەی و زنجیرە شاخەکانیەوە پێگەیشتنی ئاسان نەبووە لەلایەن میللەتانی جۆراوجۆرەوە و بووە بە پەناگەی ئەو تاقم و کۆمەڵانەی لەئەنجامی شەپۆلەکانی داگیرکاریی یەک لە دوای یەک لە پێدەشتەکانی میزۆپۆتامیا دەردەپەڕێنران. لێرە دانیشتووان جۆراوجۆرییەکی گەورە و بەرچاویان تێدایە لە ئیتنیک و نەژاد و بیروباوەڕدا، لەنێویاندا ئەرمەنە کریستیانەکان و کوردەکانی پاشماوەی ئیمپراتۆرێتێکی دێرین، کە پێدەچێت نەوەی میدییەکان بن و لەئێستادا لەسەر ئاینی موحەممەدین (واتە ئیسلام – و) بە فرەشێوەی وەک سوننە و شیعە و تایفەکانی تر نیوە بە نیوە تێکەڵی ئیسلام بوون و تێیدا تواونەتەوە. تورکەکانیش، کە تاڕادەیەک سەرجەمیان سوننەن، بوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەلجووقییەکان و داگیرکردنی عوسمانی یان هاتنی خێڵە کۆچەرە تورکمانەکان کە تەنانەت پێش چەرخی سەلجووقییەکانیش دەستیپێکردبوو. لە گۆشەی باشووری رۆژهەڵاتی چیاکانیشەوە میللەتی بچووکی نەستووریی ئاسووری یان ئاشووری نیشتەجێن، کە نەوەی رەعییەتە مەسیحییەکانن لە ئیمپراتۆرێتی ساسانیدا.
لە نیوەی سەدەی نۆزدەدا، حکوومەتی عوسمانی هەوڵێکی جیددیی دەستپێکرد بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر کوردەکاندا، کە زۆرترین رەگەزی سەربەخۆ و ئاڵۆز بوون لە ناو ئیمپراتۆرێتدا. تورکەکان رەگی ئاستەنگ و قورساییان دەستنیشانکرد کەوا هێزی سەرۆک خێڵەکان بوو و بریتیبوو لە کۆکردنەوەی دەسەڵاتێکی رەها لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە لەگەڵ چەک و جبەخانەیەکی زۆر. ئەمانە دەرد و بەڵا بوون نەک تەنها بۆ دانیشتووانە مەسیحییەکان و حکوومەت بەڵکو بۆ دانیشتووانە  نیشتەجێکانی خۆشیان، کە بارودۆخیان تۆزێک باشتر بوو لەو جووتیارە زەویبەندانەی کە لە ژێردەستی ئاغاواتەکانیاندا بوون (بێڵ لێرە و لە چەندین شوێنی تری ئەم راپۆرتەدا لەسەر زمانی خەڵکی کوردی ئەو سەردەمەوە هەر وشەی ئاغاواتی لە دەقە ئینگلیزییەکەشدا بەکارهێناوە – وەرگێڕ). تورکەکان کەوتنە مامەڵەی جیاکار لەگەڵ ئەو گەورەپیاوانەدا و هەر جارەی پشتی لایەکیان دەگرت دژ بەویتر و بەم رەنگە بنەماڵەی بابانیان لە سلێمانیی باشووری کوردستان تەفروتوونا کرد، بەڵام لە باکوور بەدرخانیان لە جزیرەی ئیبن عومەرەوە پەلکێش کرد بۆ ئەستەمبووڵ و عەبدولقادری سەرۆکی بنەماڵەی دەسەڵاتداری شەمدینانیان بە شێوەیەکی بچڕبچڕ دووردەخستەوە و دەستیان لەپشتی ئیبراهیم پاشای میللی دەدا، لە رۆژهەڵاتی حەڵەب و پاشان هانی رکابەرەکانیان دا دژایەتیی بکەن و دەسەڵاتەکەی بڕووخێنن. 
بەدەگمەن فشاری سەربازی لەم وڵاتە شاخاوی و کێوییەدا لە توانای سوپای عوسمانیدا بوو، یان ئەگەر ئەوەش بکرایە هیچ شتێکی ئەوتۆی پێندەکرا هەندێک سەرکەوتنی ناڕاستەوخۆ نەبێت. سوڵتان عەبدولحەمید بیری لەوە کردەوە کە خەسڵەتی شەڕکردنی کورد هەنگاو بە هەنگاو بگۆڕێت بۆ سوارەی نانیزامی کە بە سوارەی حەمیدی ناسرا. لە سایەی رێکخستنێکی باشتردا پلانە ناوخۆییەکە بەشێوەیەکی باش سەریگرت و تەنانەت لای تورکەکانیش هەندێجار حەمیدییە سوودبەخش بوو بۆ حکوومەت. بەهەرحاڵ، هەوڵدانێکی سیستماتیک بۆ قڕکردنی ئەرمەن لە سەردەمی عەبدولحەمیددا دەستیپێکرد و لە لایەن کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتنەوە (جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەرەقی) بەردەوام بوو، ستەم و چەوساندنەوەی رەسمیی خستەسەر شێوەکانی تری ئاژاوە و پشێوی کە باڵی کێشابوو بەسەر ئەنەدۆڵدا. لەم بارودۆخەدا کوردەکان وەک هۆکاری وێرانکردن بەکارهاتن و ئاغاکان هەندێک خراپتر مامەڵەیان لەگەڵ کریستیانەکاندا کرد وەک مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیاندا و لێرەوە ئەگەری قازانجی شەخسی و ستایش و ئافرەت و تاڵان و بڕۆی جۆراوجۆر کە دەکرێت بەدەستبهێنرێت لەلایەن خۆیان و شوێنکەوتووانیانەوە لە رێگەی جێبەجێ کردنی فەرمان یان ئاماژەکانی حکوومەت و لەهەمان کاتیشدا پاش ئەوەی وایان لێکدەدایەوە کە راسپاردەکانی "ئیسلام" بن و وا چاکبوو کە پشتگوێ بخرێن. جەنگ سیاسەتی ئەرمەنیی بردە ترۆپک و کوشتوبڕەکانی ساڵانی 1896 و 1909 جێی بەراورد نەبوون لەگەڵ ئەو کۆمەڵکوژییەدا کە لە ساڵی 1915 و ساڵانی دواتر روویاندا، بە هاندان و دەست لەپشتدانی ئەڵمانەکان. کوردەکان گوند و زەویوزاری هاوڵاتییە کوژراوەکانیان بە میرات بۆمایەوە، بەڵام بەتەواوی لە سزا و تۆڵەکردنەوە دەرباز نەبوون. هەڵبەت ئاوارە ئەرمەنەکان و ئەوانی قەوقاز چوونە پاڵ سوپای رووسیا و کاتێ رووس لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی تورکیاوە پێشڕەوییان کرد، ئەرمەنەکان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە بۆ تۆڵەکردنەوە لە کورد لەسەر ئەوەی کە پێیانکردن. کوردەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە زیانە مرۆییەکانیان دەگاتە چوارسەد هەزار لەبەرانبەر ملیۆنێک یان زیاتر لە ئەرمەندا. بۆ نموونە، رەواندز لە ساڵی 1916دا، کاتێ کە هێزەکانی رووس و ئەرمەن لە شارەکە و ناوچەکە پاشەکشێیان کرد وێرانەیەکیان بەجێهێشت. 
نەستوورییەکانی تورکیا، یان وەک خۆیان پێیان باشە بە ئاشووری ناویان بهێنرێت، بەشێوەیەکی سەرتاپاگیر کوشتوبڕ نەکران، بەڵام سمکۆ، کە ئاغایەکی کوردی دەراوسێیان و سەرۆکی هۆزی شکاکی نیشتەجێی وان و ورمێ بوو، لە ساڵی ١٩١٦دا پەتریارکەکەیانی کوشت. ئەوانیش لە تۆڵەدا هێرشیان کردەسەر و بەڵام کاتێ کە خۆیان لەژێر فشاردا بینیوەتەوە هەر هەموو بەیەکەوە کۆچیان کردووە و چوونەتە لای هاوئاینە ئێرانییەکانی خۆیان لە دەشتی ورمێدا و پێکەوە بەتوندی بەرەنگاری تورک و کوردەکان بوونەوە تا ساڵی ١٩١٨، کە تێیدا هەر هەموو کۆمەڵگەکە، بە پیاو و ژن و منداڵ و ئاژەڵ و تفاقی ناوماڵەوە ئەوێیان بەجێهێشت و بەرەوخوار بوونەوە بۆ هەمەدان.  لێرەشەوە دەسەڵاتدارانی بەریتانی گواستنیەوە بۆ باقووبە، لە نزیکی بەغدا و لەوێش خێوەتگەیەکیان بۆ کردنەوە و ژمارەیان نزیکەی چل هەزار بوو بێجگە لە دە هەزار ئەرمەنی کە لەگەڵ ئاشوورییەکاندا هەڵاتبوون. 
لەپاش سەرکەوتنی هاوپەیمانان لە ساڵی ١٩١٨دا، سەبارەت بە مەسیحییەکان دوو کێشەی تایبەت هاتنەپێشەوە و هەردوکیان تاڕادەیەک پەیوەستبوون بە باکووری کوردستانەوە. یەکەم، چ چارەسەر و قەرەبوویەک بۆ ئەرمەنەکان دابین بکرێت و دووەم، چ کارێک بکرێت بۆ گێڕانەوەی ئاشوورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان؟ پرسیاری یەکەم کەوا گەورەتر و ئاڵۆزتر بوو، کە بەداخەوە نیازە خێرخوازییەکانی هاوپەیمانان دەرهەق بە ئەرمەن دەبوو دابڕێژرێت و لە ئاستێکی بەرفراواندا بگشتێنرێت بەڵام بێ بڕوا و متمانەیەکی تەواو کە ئاخۆ دەبێت جێبەجێ بکرێت. ئەرمەنەکانیش مەسەلەکەیان تووشی ئەو قۆرت و ئاستەنگە کرد لە رێگەی راگەیاندنی ئاشکرای هیوا و ئاواتە گەورەکەیان لە دروستکردنی دەوڵەتێکی ئەرمەنیدا، چونکە ناوچەیەک دەگرێتەوە کەوا بە شێوەی جۆراوجۆر پێناسە کراوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەیر شەش ویلایەتەکەی ئەنەدۆڵی نەگرتەوە کە ئەرمەنی تێدان یان پێش ساڵی ١٩١٥ تێیدابوون و بریتین لە سیواس، ئەرزڕوم، خەرپوت (مەعمورەتولعەزیز)، دیاربەکر، بەدلیس و وان. کوردەکان، کە زۆرینەیەکی رەها پێکدێنن لەم ناوچانەدا، هۆشدارییان داوە و هەستی نەتەوەییانی، کە پێشتریش هەبووە، وا بەهێزکردووە کە مەترسیی ئەوەیان لا دروست ببێت هێزە رۆژئاواییەکان بیر لەوە بکەنەوە بیانخەنە ژێر جەور و ستەمی ئەرمەنە بێزلێکراوەکان و ئەگەری ناچارکردنیان بەگەڕانەوە بۆ لای دەربازبووان لە دەسکەوتەکانی کەوا بە شەرعی و رەوا دانانرێت و سزای ئەو تاوانە سامناکانەیان بکەوێتەسەر کە دژیان تۆمار کراوە و ئەمە هەڵوێستی دۆستانەی کورد بگۆڕێت بەرانبەر بە بەریتانیای مەزن و نیگەرانیی توندی ئەوەیان لا دروست بکات لەوەی کەوا ئێمە یان هەر هێزێکی رۆژئاوایی تر دەسەڵاتێکی ماندێتی پابەندبوون وەربگرین کە دەگونجێت بەکاربهێنرێت بۆ سەپاندنی دادپەروەری لەئاست ئەرمەندا.
ئەم ترسە وای لە باکووری کوردستان کردووە کە ببێتە شانۆیەکی لەبار بۆ پرۆپاگەندەی تورک و لە ماوەی ئەو دواخستنە دوورودرێژ و کارەساتبارەی کە روویانداوە لە نێوان ئاگربەس و جێگیرکردنی ئاشتی لەگەڵ تورکیادا، ئەمی دواییان هەل و دەرفەتی تەواویان بۆ رەخسا بۆ سوودوەرگرتن لەو خاسییەتانەی کە بارودۆخی ناوچەیی دەیڕەخسێنێت. لە هەمان کاتیشدا، رێزنانە لە هاوپەیمانە عەرەبەکانمان لە سووریا و ئەو راستییەی کە پابەندییە ئەوروپییەکان شانبەشان لەگەڵ هەست و سۆزی عەرەبدا، لە دیسەمبەری ١٩١٩دا دروستبوونی دەوڵەتێکی عەرەبیی سەربەخۆی لێکەوتەوە، کە هیچکام لە هێزە رۆژئاواییەکان یارمەتیی نادەن و دەسەڵاتیان بەسەردا ناشکێت و ئەمەش پرۆپاگەندە بەهێز دەکات لەلایەنی سوورییەوە. لەگەڵ هەڵکشانی پەستی و ناڕەزایی لایەنی شەریفییەکان و سوورییەکانەوە لە رەفتاری ئەوروپا و ئەمریکا دەرهەقیان، نوێنەرانێک لە سووریاوە رێبازێکیان راگەیاند لەدژی رۆژئاوا بە شێوەیەکی گشتی و بەریتانیای مەزن بەشێوەیەکی تایبەتی. بەم پێیە ئێمە لە مامەڵەکردنماندا لەگەڵ کوردەکان وردە وردە تەماشامان کرد زنجیرەیەکی هێجگار قەبەی حوکمی پێشوەخت و پان ئیسلامی لەدژمان وەستاوەتەوە کە لە ئەستەمبووڵەوە سەرچاوەی گرتووە و پڕە لە شانازیی رەگەزپەرستی و ملهوڕیی ئاغاکانی کورد و ترسی ئەوەیان دەربڕیوە لە ئەگەری کۆنترۆڵێکی ئەوروپیی بەهێزتر و تاڵتر لەوەی تورک. جارێکیتریش، وەک چەندین جار لە مێژووی پڕ ژان و مەنەتییاندا، تورک سوودی لەو هەڵانە وەرگرت کە لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو گوایە مەحاڵە هاوسەنگی بکرێت لەنێوان داواکاریی ئەوروپیی پارێزگاری یان کۆنترۆڵ کردنی بەشێک لە ئیمپراتۆرێتەکەدا. پێدەچێت بەشێک لە حیزبی نیشتمانیی کورد بە سەرکردایەتیی عەبدولقادری شەمدینان و بەدرخانییەکان دژ بە تورکیا بێت و ئۆتۆنۆمییەکی پێ پەسەندتر بێت لە ژێر کۆنترۆڵی رۆژئاوادا و پێی باشترە لەژێر رکێفی بەریتانیادا بێت. بەڵام رووداوەکانی ناوچەی سمیرنا هەندێک پاساوی دا بە پرۆپاگەندەی عوسمانی کەوا سەرباری بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە خاڵێکی زۆر لە ئەمریکا و ئەو راگەیاندنانەی لە ئەوروپاوە دەرچوون، ئەوە نیازی نهێنیی رۆژئاوا بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی رۆژهەڵات، بەدەر لە هەندێ هیوا و ئاواتی نیشتمانی، بە بێمەبەست مایەوە. هەروەها لە پشتی تورکەکانەوە رووسیا لە شۆڕشدا بوو و بەلشەفیزم ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ هاوکاری کردنی هەموو ئەوانەی سکاڵایان هەیە دژ بە سیستەمی ئێستای جیهان و راگەیاندنی ئەوەی کە سەلماندوویەتی کەوا گونجاو نیە بۆ رێکخستنی کاروباری مرۆڤایەتی.
 ئەم مەترسییانە لە باشووری کوردستاندا کەمتر بەرچاو بوون، چونکە تاڕادەیەک کێشەی کریستیانی تێدا نیە وەک لەوەی لە باکووردا هەیە و باشووری کوردستانیش یەکەم شوێن بوو کە هاتە ناو کایەی سیاسیمانەوە. پەیوەست بەم کارەوە، ئێمە لە زستانی ١٩١٧دا خانەقینمان   داگیرکرد و ئاستەنگ و زەحمەتێکمان نەهاتەپێش لە رێکخستنی کارگێڕیدا. پێش ئەوەی دوا پێشڕەوی بکەین لە ساڵی ١٩١٨دا دەمانزانی کەوا سەرۆکە کوردەکان لە ناوچەی کفری، بنەماڵەی تاڵەبانی و سەید ئەحمەدی خانەقای رابەری ئاینی، سەر بە بەریتانیا بوون و ئێمەش تازە پەیوەندیمان بەستبوو لەگەڵ شێخ مەحموودی پیاوە سەرکردەکەی سلێمانی، کە نەوەی کاک ئەحمەدی پیاوی پیرۆزی کوردی ناوبانگ بەرزە و مەزاری لە سلێمانییە و خەڵکێکی زۆری کورد سەردانی دەکەن. نەوەکانی ئەم پیاوە کە لە بنەماڵەی بەرزنجین پشتیان بە توانا و پیرۆزیی ئەم پیاوە و باوباپیرانیان بەستووە و هۆکاری باڵادەستی و کاریگەرییانە. پێگەی شێخ مەحموود، بێجگە لە شکۆ و پایە ئاینییەکەی، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بەو سەردەمی ترس و تۆقاندنە بەستبوو کە لەپێش جەنگدا بەسەر خەڵکدا سەپاندبووی بەو کوشتوبڕ و راوڕووتەی بەناویەوە ئەنجامدەدرا و هێزی شەڕخوازانەشی لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە سلێمانی لەژێر سەرکردایەتیی ئەمدا یەکێک بوو لە ئاڵۆزترین و پڕ ئاژاوەترین ناوچەکانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی. لە پایزی ساڵی ١٩١٨دا موتەسەڕیف و سەربازگە تورکییەکەی سلێمانی خۆیان رادەستی ئەم   کرد و بوو بە تاقە دەسەڵات لە شار و ناوچەکەدا. ئەمیش لە رێگەی دوو نوێنەرەوە نامەی نارد بۆ بەغدا و داوای کرد کە حکوومەتی خاوەن شکۆ کوردستان لە لیستی گەلە رزگارکراوەکان دەرنەکات. ئەوجا لەبەرئەوەی کە بەهێزترین فاکتەر بوو لە سیاسەتی ناوخۆییدا، مەحاڵ بوو پشتگوێ بخرێت و بە هەڵوێستی دۆستانەی ئەو بەڕێوەبردنی ناوچەی سلێمانیی جێگیرکرا و  داواکاری و ئارەزوویەکی بەرفراوان هەبوو بۆ بوونی ئێمە لەوێ بۆ چارەسەر کردنی ئاڵۆزی و وێرانە و وایکرد کە پێویستمان بە هێز و دامەزراندنی هیچ سەربازگەیەک نەبێت، چونکە لەڕاستیشدا هێزی بەردەستمان نەبوو بۆ ئەو مەسەلەیە.
بەو پێیە، مێجەر نۆئێڵ، کە ئەزموونێکی گەورە و زۆری هەبوو لە وڵاتی فارس (تا ساڵی ١٩٣٤ ئەمە ناوی رەسمیی ئێران بوو – و) و ناو بەختیارییەکاندا، راسپێردرا بۆ لەئەستۆگرتنی باشووری کوردستان و ئەو راسپاردانەی کە بۆی دەرکرا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
"تۆ، لە ١ی نۆڤەمبەرەوە، بە ئەفسەری سیاسیی کەرتی کەرکووک دامەزراویت. کەرتی کەرکووک لە زێی بچووکەوە بۆ دیالە و باکووری رۆژهەڵاتەوە بۆ سنووری تورکی – فارسی دەگرێتەوە و بریتییە لە بەشێکی ویلایەتی مووسڵ، کە دواچارەسەری لای حکوومەتی خاوەن شکۆیە. حاڵی حازر، پێویستە رەچاوی ئەوە بکرێت کە ناوچەکە دەکەوێتە جوغزی داگیرکردنی سەربازی و ئیدارەدانی ئەم هێزەوە و پێویستە لەسەرت بەپێی ئەم گریمانەیە مامەڵە لەگەڵ سەرۆکە ناوخۆییەکاندا بکەیت، بە رەچاوکردنی ئەوەی کە مەحاڵە دەسەڵاتە سەربازییەکان بە شێوەیەکی هەمیشەیی هێز بنێرن بۆ سلێمانی یان هەر شوێنێکی تر لە رژهەڵاتی هێڵی ئێستامانەوە. هەروەها دەبێت ئامانجت ئەوەبێت کەوا لەگەڵ سەرۆکە لۆکاڵ و ناوخۆییەکاندا رێکبکەویت بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی و پارێزگاری کردن لە ناوچەکانی دەرەوەی سنووری داگیرکردنی   سەربازیمان و دوورخستنەوەی بریکارەکانی دوژمن و رادەستکردنیان و هێنانی ئەو شمەک و کاڵایانەی هێزەکانمان پێویستیان پێیانە. بەهەمان شێوە رێگەپێدراوی بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو    خەرج و تێچوونانەی پێویستن بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستە بەگوێرەی ئیدارەدانی دەسەڵاتی پێشوو بەپێی توانا و لە حاڵەتی بڕی تێچوونی گەورەدا و بەپێی تێگەیشتن پێویستە بۆ سەرۆکەکان روونبکرێتەوە کە هەر رێکخستن و سەروبەرگرتنێک بەزەروورەت کاتیی دەبێت و لە هەر کاتێکدا بێت چاوی پێدا دەخشێنرێتەوە. تۆ رێگەپێدراویت بۆ دانانی شێخ مەحموود وەک نوێنەریکی ئێمە لە سلێمانی و دیاریکردنی کات و ساتی لەم جۆرە لە چەمچەماڵ و هەڵەبجە و .. تاد، بەپێی خەمڵ و هەڵسەنگاندنی خۆت. پێویستە بۆ ئەو سەرۆک عەشیرەتانەی کە پەیوەندیت لەگەڵ بەستوون روونیبکەیتەوە کەوا ئێمە هیچ نیازێکمان نیە خواست و ئیرادەی دەرەکی بەسەر داب و نەریت و حەز و خواستەکانیاندا بسەپێنین و سەرۆک هۆزەکان هاندەدرێن بۆ پێکهێنانی فیدراسیۆنێک بۆ چارەسەرکردنی کاروباری گشتییان بە رابەری و رێنمایی ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکان. هەروەها داوایان لێدەکرێت بەردەوام بن لە پێدانی ئەو باجە یاساییانەی لەئەستۆیانە، بەپێی یاسای تورکی و دەسکاری کردنی بەپێی پێویست، بەو مەبەستانەی کە پەیوەندیدارن بە پاراستنی   ئارامی و ئاسایش و پەرەپێدانی وڵاتەکەیانەوە". 
جەنەراڵ شەریف پاشا مەسەلەی دامەزراندنی ناوچەیەکی کوردستانی باشووری سەربەخۆی لە حوزێرانی ١٩١٨دا خستە بەر باسکردن لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ سێر پێرسی کۆکس، کە لە مەرسیلیا یەکتریان بینیبوو. شەریف پاشا بە بنەچە کوردێکی خەڵکی سلێمانییە و لە منداڵییەوە لە وڵاتی رەسەنی خۆی هەڵکەنراوە و پاش ئەوەی دووریانخستبووەوە ماوەیەک لە پاریس نیشتەجێ بووبوو. لە ساڵی ١٩١٤دا خزمەتگوزاریی خۆی لە وڵاتی میزۆپۆتامیا پێشکەش کردین، بە مەبەستی راکێشانی کوردەکان بەلای ئێمەدا، بەڵام ئێمە ئەودەمە پەیوەندیمان لەگەڵیان نەبوو و ئەم ئۆفەرەش پەسەند نەبوو لامان. کاتێ کە کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس بەسترا، ئەم خۆی کرد بە قسەکەر و نوێنەری بەرژەوەندییەکانی کورد، هەرچەندە لەڕاستیشدا دووربوو لە پەیوەندیکردن بە هاوڵاتییەکانی خۆیەوە و بیروڕاکانیشی مۆرکێکی ئەکادیمییان هەبوو.
مێجەر نۆئێڵ لە ناوەڕاستی نۆڤەمبەردا گەیشتە سلێمانی و بە خۆشی و ئاهەنگەوە پێشوازیی  لێکرا و تەماشای کرد ناوچەکە بەشێوەیەک وێرانبووە و فەوتاوە کە باوەڕ ناکرێت و تورک بەتەواوی خەڵکەکەی هەژار کردووە و نیوەی شارەکە کەلاوەیە و بازرگانی بەتەواوی پەکیکەوتووە. پاشان کەوتە دروستکردنی سیستەمێکی حوکمڕانیی کاتی کە لای خەڵک پەسەند  بێت و وەڵامدەرەوەی هیوا و خواستیان بێت بۆ ئیدارەیەکی کوردی و شێخ مەحموود کرا بە حوکمداری ناوچەکە و کاربەدەستی کوردیش بۆ کارکردن دامەزران لەژێر سەرپەرشتیی ئەفسەرە سیاسییە بەریتانییەکاندا. لەهەمان کاتیشدا، تا چەند توانا هەبوو، بەرپرسە تورک و عەرەبەکان لابران و بە خەڵکی رەسەنی کوردستان جێیانگرتنەوە و ئەفسەر و هێزەکانی تورکیشیان لە شارەکە کشاندەوە بۆ بەغدا. ئەو سیستەمەی کەوا کاری پێکرا بە کردەوە فیوداڵی بوو و هەر سەرۆکێک بەرپرسیار بوو لە حوکمکردنی هۆزەکەی. بەم رەنگە سەرۆکی خێڵ بە بەرپرسی حکوومەت ناسرا و ئەفسەرە بەریتانییەکانیش دەسەڵاتدار بوون بەسەر هەموواندا. لەهەمان کاتدا هەنگاو نرا بۆ هاوردەکردنی خۆراک و دانەوێڵەی تۆ و شمەک و کاڵای پیشەسازی، نەک هەر بۆ چارەسەری مەترسیی گرانی و برسێتی، بەڵکو تاڕادەیەکیش بۆ بووژانەوەی بازرگانی. هەر لە هەمان کاتیشدا پێویستییە ئاینییەکانی خەڵک پشتگوێ نەخرا و دەستوبرد کرا لە چاککردنەوەی مزگەوتە سەرەکییەکان لەسەر خەرج و تێچوونی حکوومەت، بێجگە لەوەش کۆمەکێکی دارایی تەرخانکرا بۆ جێبەجێ کردنی رێوڕەسمە ئاینییەکان. بەڵگە و ئاماژەکان ئەوەیان دەردەخست کە ناوچەکانی لای سەرەوەی باشووری کوردستان تا هەولێر و رەواندز، کە سنووری ئەو دیالێکتە بوون لە سلێمانی قسەی پێدەکرا، بەپەرۆش نەبوون بۆ بەشداری کردن لە ئاشتیدا و پێش هەموو شتێکیش لەو هاوکارییە داراییەدا کە حکوومەتی بەریتانی پێشکەشی دەکرد بۆ چوونەناو ئەو فیدراسیۆنەی کوردستانی باشوورەوە بە سەرکرایەتیی شێخ مەحموود. هەردوو سەرۆکی کەرکووک و کفریش نیازی خۆیان بەتەواوی یەکلاکردەوە کە دان بە سەرۆکایەتیی شێخ مەحموودا نانێن و داوای بەڕێوەبردنێکی راستەوخۆی بەریتانیایان دەکرد. 
لە 1ی دیسەمبری 1918دا، کۆڵۆنێڵ ویڵسنی جێگری کۆمیسیۆنی مەدەنی سەردانی سلێمانی کرد و کۆبوونەوەکی کرد کەوا نزیکەی شەست کەس لە گەورە سەرکردەکانی باشووری کوردستان ئامادەی بوون، لەنێویشیاندا نوێنەرانی عەشیرەتە کوردەکانی ئێران لە سنە و سەقز و هەورامان بەشدارییان کرد. ویڵسن گفتوگۆی زۆری لەگەڵ شێخ مەحموود کرد و بارودۆخی سیاسی بۆ سەرکردە ئامادەبووەکان روونکردەوە بە ئەندازەی ئەوەی کە پەیوەندیی هەبوو پێیانەوە. کوردەکان گرفتاری هەڵسوکەوتی چونیەکی هەردوک رووسیا و تورکیا بووبوون و لەکاتێکدا کە کۆدەنگییەکی رەهایان لەنێواندا هەبوو سەبارەت بە نیاز و بڕیاری چەسپاویان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی هێزە ئەوروپییەکان بۆ رێگەپێدانی گەڕانەوەی تورکەکان، بەڵام پێلێنانێکی گشتیی هەبوو بە پێویستیی پارێزگاریی بەریتانی ئەگەر بەتەمای بووژانەوە و گەشەکردنی پاشەڕۆژبن. لەگەڵ ئەوەشدا، نیگەرانی و دوودڵییەک لەلایەن هەندێک سەرۆکەوە هەبوو سەبارەت بە حیکمەتی ئەوەی کوردستان بخرێتە ژێر رکێفی ئیدارەیەکی کارای بەریتانی، بەڵام هەندێکی تریان وایبۆدەچوون کە پێویستە کوردستان لە عێراق جیابکرێتەوە و راستەوخۆ لەلایەن لەندەنەوە بەڕێوەببرێت، کە بە دیدی ئەوان جێگەی ئەستەمبووڵی گرتبووەوە. لەپاش گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆر بەڵگەنامەیەک بەم مانایەی خوارەوە ئامادەکرا:
پاش ئەوەی حکوومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا رایگەیاند کە نیازیان لە جەنگ رزگارکردنی گەلانی رۆژهەڵاتە لە ستەم و داپڵۆسینی تورک و یارمەتیدانیان لە دەستەبەرکردنی سەربەخۆییدا، سەرۆکەکان، بەو سیفەتەیان کە نوێنەرانی گەلی کوردستانن، داوا لە حکوومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا دەکەن ئەمانیش بخەنە ژێر پارێزگاریی بەریتانیاوە و بیانخەنە سەر عێراق، بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە خێروبێری ئەو هاوکۆییە و بەو بۆنەیەوە داوا لە (کۆمیسیۆنی مەدەنیی وڵاتی میزۆپۆتامیا دەکەن نوێنەرێکیان بۆ بنێرێت لەگەڵ یارمەتیی پێویستدا بۆ هاوکاری و توانادار کردنی گەلی کورد بە سەرپەرشتی و چاودێریی بەریتانیا تاوەکو ئاشتیانە و بەپێی بنەمایەکی شارستانی پێشبکەون. ئەگەر حکوومەتی بەریتانیا یارمەتی و پارێزگاریی رەخساند ئەوە ئەمانیش بەڵێن دەدەن فەرمان و ئامۆژگاریی حکوومەتی خاوەن شکۆ قبووڵ بکەن).
لەبەرانبەردا، کۆمیسیاری مەدەنی ئیمزای لەسەر بەڵگەنامەیەک کرد و تێیدا هاتووە کەوا هەر عەشیرەتێکی کورد لە زێی گەورەوە بۆ دیالە (بەدەر لەوانەی لە خاکی وڵاتی فارسدان) لای خۆیانەوە ئازادن لە قبووڵکردنی سەرکردایەتیی شێخ مەحموود، ئەوە رێگەیان پێدەدرێت و ئەویش پشتگیریی مەعنەویی ئێمە دەستەبەر دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کایانەی سەرەوە لەبری حکوومەتی بەریتانیا کە جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی لەئەستۆگرتووە. عەشیرەتەکان و خەڵکی شارەکانی هەردوو کەرتی کفری و کەرکووک ئامادە نەبوون بچنە ژێر رکێفی حوکمی شێخ مەحموودەوە و ئەمیش رازی بوو لەسەر ئەوەی سوور نەبێت لەسەر ئەو مەسەلەیە و پاشانیش کەرکووک بوو بە کەرتێکی سەربەخۆ.
هەروەها کۆمیسیاری باڵا ئەوەشی روونکردەوە بۆ نوێنەرانی هۆزە کوردییەکان لە وڵاتی فارس کە پەیوەندییە گشتییەکانمان رێگەی ئەوەمان پێنادات رەزامەندبین لەسەر هاتنیان بۆ ناو کۆنفیدراڵییەتی باشووری کوردستان لەژێر پارێزگاریی بەریتانیادا و پێویستە ئەوان وەک رەعییەتی دڵسۆزی ئێران بمێننەوە و هەل و مەرجی دۆستانە و نێوان خۆشی لەگەڵ کۆنفیدراسیۆندا بهێڵنەوە و هەمووان بە خۆشحاڵییەوە ئەم هەڵوێستەیان قبووڵ کرد.
شێخ مەحموودیش لای خۆیەوە داوای ئەفسەرانی بەریتانیی کرد بۆ هەموو فەرمانگەکانی حکوومەت، لە نێویشیاندا ئەفسەران بۆ لێڤییە کوردەکان، بەمەرجێ تا بتوانرێت فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانە کوردبن نەک عەرەب.
لەدوای کۆبوونەوەکە زۆرێک لە عەشیرەتەکان هاتنە ناو کۆفیدراسیۆنەوە و کاتێ مێجەر نۆئێڵ لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩١٩دا چوو بۆ رەواندز بۆی دەرکەوت خەڵکەکە لەوێ شێخ مەحموودیان پێ پەسەندترە لە هەرکەسێکی تر. وەک مێجەر سۆن تێبینیی کردووە لە راپۆرتی کارگێڕیی خۆیدا بۆ ساڵی ١٩١٩ لەبارەی کەرت یان ناوچەی سلێمانییەوە، کەوا کوردەکان لەوکاتەدا پەرۆشی ئاشتی بوون و بۆ کەمکردنەوەی نەداری و هەژارییان ئامادەی مۆرکردنی هەر بەڵگەنامەیەک یان هەر راگەیاندنێک بوون لەپێناوی دەستەبەرکردنی ئارامی و خۆراکدا. بەم پێیە هۆز لەدوای هۆز مۆریان دەکرد و هەندێکیشیان هەر بەتەواوی شێخ مەحموودیان نەدەناسی یان لە باشترین حاڵەتدا دەیانزانی کە نەوەیەکی خراپی پیاوچاکێکە و ئەمان داواکارینامەیەکی بێفەڕ مۆر دەکەن بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە دەوڵەتێکی نوێ لەژێر رکێفی حوکمڕانیی شێخ مەحمووددا و ئەمەش مەرجێکە وایان بەخەیاڵدا هاتبوو کە حکوومەتی بەریتانیا بە پێویستی زانیوە لەبەر هۆکارگەلێکی تایبەت بەخۆی. لەهەمان کاتیشدا بە چاوی گومانەوە تەماشای دامەزراندنی دەکرا وەک نوێنەری بەریتانیا و گومانێکی گەورە هەبوو لە شکستهێنانی تورک، بەهۆی نزیکیی سەربازگە عوسمانییەکان و چالاکیی کاربەدەستە عوسمانییەکان لەودیوی سنوورەوە. 
ئەفسەرانی سیاسی لە کۆیسنجەق و رانیە دانران و سیستەمی حوکمڕانییەکەی سلێمانی هێنرایە ئەم ناوچانە و رەواندزیش. رەواندز لە دۆخی گرانی و برسێتییەکی سامناکدا بوو، چونکە شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی هێرش و پەلامارەکانی رووس و تورکەکان وڵاتەکەی بەتەواوی وێرانکردبوو، هەر لە خودی شارۆچکەکە خۆیدا لە تێکڕای دوو هەزار خانوو شەستی بەپێوە مابوو. لە ناوچەکانی چواردەوریدا لە دوو ساڵی رابردوودا کشتوکاڵ بەتەواوی پەکیکەوتبوو و ژمارەی دانیشتووان لەسەدا ٧٥ کەمیکردبوو، لەو ژمارەیەوە کە لەپێش جەنگدا هەیبوو. گرانی و برسێتی زۆر سەخت بوو بەڕادەیەک کە لە هەندێ ناوچە دانیشتووان بەتەواوی لەسەر گژوگیا و ئەو کەمە بەڕووە دەژیان کە مابووەوە و بەناچاری گۆشتی سەگ و پشیلەیان دەخوارد و تەنانەت لە هەندێ حاڵەتدا گۆشتی بنیادەمی مردووشیان دەخوارد.
ئەوجا دەسبەجێ هەنگاو نرا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی گرانی و برسێتیدا و دانەوێڵە لە هەولێرەوە هاوردە کرا و هەوڵێکی فریاکەوتنی لاواز دەستیپێکرد و پاڵپشتیی چاندن و کشتوکاڵ کرا و بڕێک لە ئارامی و ئاسایش دابینکرا، بەڵام مەسەلەی هێنانە ژێرباری ناوچەکانی باکووری رەواندز بۆ بەڕێوەبردنێکی کارا بەرەوڕووی ئاستەنگێکی گەورە بووەوە و هەرچەندە خێڵەکان و دانیشتووان کەم و قەبارەیان بچووکە، بەڵام هەموویان پڕچەکن و لە دوژمنایەتییەکی سەخت و بەردوامی خوێندان لەگەڵ یەکتردا. شاخە سەخت و هەڵەتەکانیش رێگە لە ئەنجامدانی کردەوەیەکی سەربازیی کاریگەر دەگرن دژ بە تاوانکاران و ناردنی جەندرمەش بۆ ناوچەیەکی لەم چەشنەش تەنها چەشەکردنی خێڵەکانە، با بە هێزێکی گەورەشەوە بێت، چونکە بەرپەرچی دەدەنەوە و کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت. بەڵام خێڵەکان، بەهۆی شکۆێ بەریتانییەکانەوە، خۆیان واپیشاندا کە بە ئاشتی ملکەچ بن بۆ راوبۆچوونی ئێمە و خۆ دوور بگرن لە دزی و راوڕووت لەسەر رێگەوبانە سەرەکییەکان و ئێستا باشتر رەفتار دەکەن لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا لێیان لەبەر دووریی هیچ هێزێکی کاریگەر. هەڵبەت کێشە و گرفتی ئەم ناوچەیە لەو سۆنگەیەوە زیادی کردووە کە هاوسنووری ناوچەی داگیرکردنی تورکیایە لە باکووری رۆژئاواوە و لەهەمان کاتیشدا سنووری ئازەربایجانی وڵاتی فارس دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتیەوە، کە پێشتر ناوچەیەکی پڕ لە ئاژاوە و پشێوی بوو.
لە ورمێ و لەڕاستیشدا لە سەرتاپای ئازەربایجاندا، سەبارەت بە حوکمڕانیی ئێران دۆخێکی پڕمەترسی هەبوو و تاڕادەیەکیش دڵنیا بووین لەوەی ئاژاوە و پشێویی ترسناک لەو ناوچانەشدا رەنگبداتەوە کە بەناو لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بوو. بێگومان ئاژاوە و شڵەژانەکە بە ئاستێک گەورەبوو کە زەحمەت بوو بگەینە ئەنجامگیرییەکی روون سەبارەت بەوەی کە لەڕاستیدا روویدەدا. وادیارە هیچ گومانێک نەبوو کە دوو هۆکاری سەرەکی ئاوێتەی مەسەلەکە بووبوون کەوا، یەکەمیان هەستکردن بوو بە دژایەتییەکی توندی گەڕانەوەی ئاشووری و ئەرمەنەکان، کە جۆرێک لە بزووتنەوەی ئیسلامی لە دەوروپشتی تەبرێزدا پاڵپشتیی دەکرد و رەنگە بەئەندازەیەک بەرپرسە ئێرانییەکانی لەپشتەوە بووبێت، دووەمیش رق و قینێکی بەهێزی کوردەکان بوو لە حوکمڕانیی لاواز و بێدەسەڵاتی ئێرانییەکان کە نەیدەتوانی هیچ شێوەیەکی یاسا و نیزام بێنێتە ئاراوە.
لە دیوی تورکیای سنوورەوە باس لە جموجووڵێکی سەربەخۆیی کوردەکان هاتە ئاراوە لە کانوونی دووەمی ١٩١٩دا لەسۆنگەی ترس لە گەڕانەوەی مەسیحییەکان و پرۆپاگەندەی تورکیا دنەی دەدا و دانەڕۆی بۆ دەکرد و مۆرکێکی پان ئیسلامیی دابوویە. هەڵبەت سمکۆی بەدناو هۆکاری ناوخۆیی سەرەکی بوو، کە پێدەچێت بە هاوپەیمانی بووبێت لەگەڵ سەید تەهای بە رەچەڵەک شێخ و گەورەی شەمدینان و کوڕەزای شێخ عوبەیدوڵا، کە بە سەرکردایەتیی ئەو هێرشە بەناوبانگەکەی ساڵی ١٨٨١ کرایە سەر وڵاتی فارس.
لە گۆشەی باکووری رژئاوای ویلایەتی مووسڵەوە پرۆپاگەندەی سەر بە تورکیا و دژە کریستیان سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و ناوچەی گوندە کریستیانەکانی نێوان زاخۆ و جزیرەی ئیبن عومەر بوو بە شوێنیکی مەترسیداری بەرچاو و لە هەندێ حاڵەتیشدا ئاژاوە و پشێویی دژ بە مەسیحییەکان روویدا. لە ١٩ی مارتدا چەند نامەیەکی عەبدولڕەحمان ئاغای سەرۆکی کوردەکانی شڕنەخ، لە باکووری رۆژهەڵاتی جزیرەی ئیبن عومەر گیرا، "کە هانی دژایەتیی بێگانەی داوە و باس لەوە دەکات کە بزووتنەوەکە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دانی پێدانراوە و هەوڵ و کۆششەکانی پشتیوانی لێدەکرێت لەلایەن تاکەکەس و لیژنەکانەوە لە ئەستەمبووڵ و قاهیرە و پاریسەوە لە کارکردنیدا بۆ دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ". لەهەمان کاتیشدا ئەفسەرانی تورک بە مەبەستی پرۆپاگەندە سەردانی شەمدینانیان کرد بەڵام بە ساردی پێشوازییان لێکرا. یەکێکیشیان بۆ هەمان مەبەست دزەی کردبووە ویلایەتی مووسڵەوە.
بێگومان مەڵبەندەکانی ناوخۆیی شەڕخوازی جزیرەی ئیبن عومەر و شڕنەخ بوون و وەک پێشتر تێبینی دەکرا بەهۆکاری دوژمنایەتییەوە بوو بەرانبەر بە مەسیحییەکان و شوێن و پێگەیەکی گونجاو بوون بۆ هەر جموجووڵێک کە تورک پاڵپشتیی بکردایە. هەڵبەت ئامرازی بەکردەوەش بۆ ئەم جموجووڵانە عەشیرەتی گۆیان بوو، کە عەشیرەتێکی لاسار و ئاژاوەچییە و بەزۆری دەکەوێتە دەرەوەی سنووری کارگێڕیی ئێمە لە باکووری زاخۆوە. لە هەفتەی یەکەمی مانگی نیساندا، کاپتن پیرسنی یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی لە زاخۆ، سەردانێکی ئەم عەشیرەتەی کرد بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و ئارامی و سەروبەرگرتنی کاروباری سەلامەتی و پاراستنی گوندە کریستیانەکان لە داهاتوودا. لەڕاستیدا ئەو بە یاوەریی هەندێک لە سەرۆکەکانی گۆیان رۆیشتبوو، بەڵام بۆسەیەکی نامەردانەی بۆ دانرابوو و لە کاتی رۆیشتندا کوژرابوو، لە بارودۆخێکدا کە گومانێکی زۆری نەهێشتبووەوە سەبارەت بە پیلان و ناپاکیی هەندێک لە هاوەڵەکانی.
کاتێ یەکەم ئاژاوە و پشێویی دژ بە کریستیانەکان بەرپابوو، داوای کردەوەیەکی سەربازی کرا و ئەوەش سەلمێنرا کە مامەڵەکردن لەگەڵ خێڵە شاخاوییە ناشارستانییەکاندا وەک سروشتیان ئەگەر لە کاتی چەکەرەکردندا لەناونەبرێت بەجارێ تەشەنە دەکات. بەڵام گرانی و زەحمەتیی پەیوەندیکردن رێگەی لە کرداری سەربازی گرتووە و فڕۆکەش لە کاتی پێویست و گونجاودا بەردەست نەبووە. بە کوژرانی ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی تا ئاستێکی گەورە پێویستیی کردەوەیەکی بنەڕەتیش زیادی کرد. لە دوا قۆناخی رژێمی تورکیادا، تورکەکان سڵ لەوە ناکەنەوە کە توندترین و دڵڕەقترین کردەوە ئەنجام بدەن ئەگەر دەستدرێژی کرایە سەر بەرپرس و کاربەدەستانیان. بەڵام لەژێر سایەی حوکمی ئێمەدا، ئەمە یەکەم حاڵەت بوو کە روویدا و خێڵەکان بەشێوەیەکی ئاسایی تێیاندەڕوانی کە تاقیکردنەوەیەکە بۆ هێزی حکوومەتمان و پێوەرێکە بۆ مەودای تەحەدامان و دەربازبوونی ئەوان لە سزا. دواجار وا پێشنیاز کرا کە دەسبەجێ ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامبدرێت لە شێوەی هێرشێکی ئیستیکشافیدا دژ بە گۆیان، هاوکات دەمودەست جزیرەی ئیبن عومەر داگیر بکرێت. دەبوو ئەم جموجووڵە هێرش بکاتە سەر رەگوڕیشەی شەڕخوازی لەو شوێنە و لە شڕنەخ و ئەودەمە خراپترین ئەو بازنەیەی کۆنترۆڵ دەکرد کە دەڤەری گۆیانی دەپاراست و دواجار ئەو خێڵەی دادەبڕی لە هەر هاوکاری و پشتیوانییەک.
بەڵام گۆیان دەکەوتە دەرەوەی سنووری کارگێڕیی ویلایەتی مووسڵ، ئەمەش لەپاڵ سەختیی ناوچەکە و کەمیی پێداویستیی، پێویستیی چارەسەری سیاسی و دوورخستنەوەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێنایە پێشەوە. لەبەرئەوەش ئەو پێشنیارە کرا چونکە ئەو ناوچەیە دەکەوتە باکووری سنووری ئیداریی ئێمەوە و لە جوغزی داگیرکردنی تورکیدا بوو، بۆیە رەنگە داوا لە تورکەکان بکرێت کە کردەوەی دژ بە سەرپێچیکاران ئەنجام بدەن و لە سنووری خۆیاندا کاروباری بەرقەراربوونی ئاسایش لە داهاتوودا رایی بکەن. بەڵام لەبەرئەوەی کێشە و گرفت لەسەر سنوور تاڕادەیەک گەورەبوو بەهۆی پیلانگێڕیی تورکەکانەوە، ئەوە زەحمەتە چاوەڕێی دەستوەردانی کاریگەر و دڵسۆزانەیان لێبکرێت. لەڕاستیدا، مەسەلەکە پێدەچێت مەترسیدار بێت، نەک لەبەر ئەوەی تورکەکان هاوسۆزن لەگەڵ جموجووڵی دژ بە بەریتانیا، بەڵکو لەسۆنگەی ئەو راستییەوە کە ئێمە لە حاڵەتی بەرپاکردنی تاوانێک کە لەدژمان بەرپاکراوە داوای چارەسەرمان لەوان کردووە و ئەمەش لاوازیمان دەردەخات بۆ خێڵەکانی ناوچەکە و بێتواناییمان لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان لەو ناوچە شاخاوییانەی سەر سنووردا. 
بەو پێیە، بڕیاردرا واز لە پێشنیازی کردەوەی تورکیاش بهێنرێت و پاش ئەوەی فڕۆکە دەستەبەر بوو، هێرشێکی بۆردمان کردن رێکخرا بۆ تۆڵەکردنەوەوە. بۆ بەدبەختی، بۆردمانەکە کاریگەر نەبوو بەهۆی خراپیی کەش و هەوا و سەختیی تۆپۆگرافیای ناوچەکەوە و خێرا ئەنجامی ئەم کەمتەرخەمییەمان دەرکەوت و ئاڵۆزی و پشێوی تەشەنەی کرد و هێرشکرایە سەر مەڵبەندی جەندرمە و بۆسە بۆ کاروانێکی سەربازی دانرا. راستییەکەی نەک هەر تەنها گۆیان بەڵکو خێڵەکانی تری دەوروپشتیش دەستیانکرد بە سەرپێچی و لاساری. لەبەرئەوە ناچاربووین بەردەوامبین لەسەر بۆمبارانی بەربڵاو و ئەمەش سەرکەوتنی زیاتری بەدەستهێنا و ئەنجامە باشەکانی دەسبەجێ روونبووەوە و هەڵوێستی خێڵەکان باشبوونی بەرچاوی بەخۆوە بینی. 
هەر لەم سەروبەندەدا کاروبار لە سلێمانیدا بە رێکی نەدەڕۆیشت. لە سەرەتاوە جۆرە نیگەرانییەک لە ناو ئاغاکاندا روویدا لە خەمی ئەوەی دەسەڵاتدارێتی بەریتانیا سەربکێشێتەوە بۆ پرسی مەترسیدار سەبارەت بە تۆمارکردن و خاوەندارێتی زەوی (تاپۆ)، چونکە زۆربەی حاڵەتەکان ناونیشانێکیان نەبوو بەزۆر دەستبەسەرداگرتن نەبێت. هەرچەندە دەسەڵاتی ئاغا و سەید پێچەوانەی بەرژەوەندیی زۆربەی خەڵکەکە بوو، بەڵام لە حاڵی حازردا مەحاڵ بوو سنوورێکی بۆ دابنرێت. لەبەرئەوە بۆ هێورکردنەوەی دڵەڕاوکێ و مەترسیی چینی حوکمڕان تۆمارەکانی تاپۆ نەنێردرا بۆ بەغدا، چونکە لەوێ وردبینیی تێدا دەکرا و لە قازانجی ئەمان نەبوو، بۆیە بوار درا کە بەشێوەیەکی کاتی لە سلێمانیدا بمێنێتەوە. بەکۆتاییهاتنی مانگی دیسەمبەر، گومان سەریهەڵدا لە حیکمەت و دانایی رێگەدان بە هێزی شێخ مەحموود تا ئاستێکی گەورە زیاد بکات، چونکە تۆماری ئەم پیاوە لە سەردەمی تورکدا مایەی متمانە نەبوو، بەڵام بەدەر لە هەر ئاماژەیەک بۆ مێژووی رابردووی بنەماڵەکە، ئێمە ئەو پرسەی کە لەئێستادا بەرەوڕووی دەبینەوە پرسیارە لەسەر سیاسەتی کرداری. بێگومان کاریگەریی شێخ مەحموود ئاشکرا و بەرچاو بوو و ئێمە ئەوە باش دەزانین و بێ ئەو هاوکاری و یارمەتییەی کە بۆ ئێمەی دابین دەکرد پێویست بوو هێزێکی تۆکمە بهێنینە  ئێرە و ئەمەش لەوکاتەدا مەیسەر نەدەبوو. لە دید و بۆچوونی سیاسیشەوە زۆر گرنگ بوو کە ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بپارێزین و لەو کاتەشدا دەبوو خۆلابدەین لە دەرخستنی بەکارهێنانی هێز بۆ ئەم مەبەستە.
ئەڵبەتە زەحمەتە ئەوە بزانرێت کە تا چ مەودایەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی لەپێناوی سەربەخۆییدا بەرهەمێکی دروستکراوی خولیای شەخسیی سەرکردە کوردەکان بووە، کە بێگومان لە ئۆتۆنۆمیی کوردیدا دەرفەتێکی بێوێنەیان بینیوە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان. بۆ زۆرێک سەربەخۆیی واتای داماڵین لە هەموو جۆرە یاسا و خۆڕاگرییەک دەگەیەنێت و جڵەو شلکردنە بۆ هەموو راوڕووت و بێسەروبەرییەک. ئەمانە دەبوو کۆنترۆڵی خولیا و ئاواتیان بکرێت لە رێگەی پەیامی بیرهێنانەوەیان کەوا حکوومەتی خاوەن شکۆی بەریتانیا، ئەگەر بەرپرسیارێتیی کوردستان وەربگرێت، تەنها بەپێی بنەمای ئەو تێگەیشتنە توندوتۆڵە دەیکات کەوا خەڵک و ئەوانەی هەڵیانبژاردوون بە سەرکردەی خۆیان، لەگەڵ ئەو پرەنسیپ و بنەمایانەدا دەگونجێن کە پێویستن بۆ پاراستنی یاسا و رێسا و دامەزراندنی دادپەروەری و مسۆگەرکردنی پێشکەوتن و گەشەپێدان. پەیوەستبوون بە بەغداوە بەندە بە لۆجیکی ئەو جوگرافیایەی کە بێبەزەییە و هەروەها بە مەسەلەی ئاسوودەیی رۆژانە، ئەگەر زەروور نەبێت، بەڵام هۆکارێک نەبووە کە دەست وەربداتە پەرەپێدانی وڵات لە سەر بنەمای هێڵە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان. 
بۆ خەڵکیش رووندەکرێتەوە کە فەرمانبەرانی کارگێڕی پێویستە تا ئەوپەڕی توانا کورد بن. هێزەکانی لێڤیی کورد دەبوو لە ژێر سەرپەرشتیی ئەفسەرانی کورددا رێکبخرێن و زمانی کوردی دەبوو زمانی فەرمی دامودەزگاکانی حکوومەت بێت. هەروەها یاساکان بەشێوەیەک دەسکاری دەکرێن کە بگونجێن لەگەڵ نەریت و بەکارهێنانی ناوخۆییدا و سیستەمێک بۆ کۆکردنەوەی   داهات و باج دابنرێت بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی خەڵک. لە مامەڵەکردنی خێڵ و هۆزەکانیشدا رێز لە داب و نەریت و یاسا و رێسای ئێستا دەگیرێت و رێگە بە سەرۆکە دانپیانراوەکان دەدرێت بەردەوام بن لە ئیدارەدانی ئەندامانی هۆزەکانیان. سەبارەت بە مەسەلەی دارایی، وڵاتەکە بودجەیەکی ناوخۆیی تایبەت بەخۆی دەبێت و باجی بەدەستهاتوو تەرخان دەکرێت بۆ  بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی وڵات، بەڵام پشکێکی هاوکاریش دەنێرێتە بەغدا بۆ راییکردنی خەرجی کارگێڕیی سەرەکی لەوێ. لەلایەکی ترەوە، پەیوەستبوون بە میزۆپۆتامیاوە (مەبەست عێراقە – و) کۆمەڵێک ئیمتیازی مادی دابین دەکات کە بایەخێکی گەورەیان هەیە و فێرکردن و ئەشغاڵی   گشتی و کشتوکاڵ و پەیوەندییەکان سەرچاوەی سرووش و پاڵنانی سەرەکییان لە بەغداوە دەبێت.
بەڵام ئومێد و خولیای شێخ مەحموود لەگەڵ ئەم بەرنامەیەدا نەدەگونجا. لێرەدا جارێکی تر دەگەڕێینەوە سەر راپۆرتەکەی مێجەر سۆن:
"لەکاتێکدا کە حاڵەتێکی سەربەخۆیی (ئۆتۆنۆمی) خراوەتە بەردەمی باشووری کوردستان بە سەرپەرشتیی بەریتانیا و بە هاوکاریی بەرپرس و کاربەدەستە بەریتانییەکان لە رێکخستندا، بەڵام شێخ مەحموود، کە بەهێزترین کەسایەتیی وڵاتە، یەکسەر وای بەبیردا هات کە ئەمە دروستکردنی دەوڵەتێکە و پێویستە هیچ پابەندییەکی ئەو کارگێڕییەی نەمێنێت کە راستەوخۆ لە بەغداوە کۆنترۆڵ دەکرێت و وادەخوازێت بازنەی کاریگەری و دەسەڵاتی شەخسیی خۆی بەرفراوان بکات بۆ ئەوەی ببێتە حوکمڕانێکی ملهوڕ و تاکڕەوی تەواوی ئەو خاکەی لە خانەقینەوە بۆ شەمدینان و لە جەبەڵ حەمرینەوە بۆ سنووری وڵاتی فارس دەگرێتەوە – کە ئەمەش دوورە لەوەی هۆکارێک بێت بۆ رزگاری و ئامرازێکی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێکی کاول و وێران ".
شێخ مەحموود پێیزانرابوو کە پەیوەندیی هەیە بە مەڵبەندی دوژمنکارانەوە لە شڕنەخ و ئاشکرایە کە پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی کاریگەرییەکەی بۆ ئەو ناوچانەی کە پێویست نیە یان نەخوازراوە تێیاندا و ئەگەری هەڕەشە و مەترسیی هەیە لەسەر ئاشتی لە داهاتوودا. بێجگە لەوەش، حیزبێکی دیاریکراو هەبوو تەنانەت لە سلێمانی خۆشیدا کە کار لە بەرژەوەندیی ئیدارەی راستەوخۆی بەریتانیا دەکات و زیاتر دڵبەندی بازرگانان و چینی کاسبکارانە لە هەر سیستەمێکی پشتبەستوو بە سەرکردایەتیی کورد. بەڵام شێخ مەحموود ئامادە نەبوو لە تورکەکان زیاترمان لێ قبووڵ بکات، کە ئەویش سنووردار کردنی دەسەڵاتەکەی بوو. ئەم پیاوە خەڵکی بەرژەوەندخوازی مەراییکەر دەوریان دابوو کە مێشکیان پڕکردبوو لە بیروباوەڕی خەیاڵپڵاو و هانیاندەدا خۆی بە حوکمڕانی تەواوی کوردستان لەقەڵەم بدات. بەردەوام دەستوەردانی لە کارگێڕیی ناوخۆییدا دەکرد و فەرمانگەکانی پڕکردبوو لە خزم و کاسەلێسەکانی خۆی. نوێنەری بەرژەوەندییەکانی ئاغاوات و دەسەڵاتدارانی بەهێز بوو (لێرەدا ئەم تێرمی ئاغاواتەی لەسەر زمانی رەشەخەڵکەکەوە وەک خۆی گواستووەتەوە و لە گەلێ شوێنی تری ئەم راپۆرتەدا دێت، کە مەبەست تێکڕا ئاغا و دەرەبەگ وخەڵکی دەسەڵاتدار و دەسڕۆی دێهات و شار بوون و دەبوونە دەسکەلای هەموو رژێمێکی سەردەست – وەرگێڕ)، کە دەسەڵاتەکەیان لەبنەڕەتدا بۆ شەڕخوازی بەکاردەهێنا و وەک سەرکردەیەکی ئاینی بۆ پیاوانی خێڵە کێوییەکان هێزێک بوو کە پێویست بوو حیسابی بۆ بکرێت. هیچ گۆڕانکارییەکی کوتوپڕی هەڵوێستی ئێمە لەبەرانبەریدا نەبوو، بەڵام روون و ئاشکرایە کەوا ناتوانرێت هیچ پێشڤەچوونێکی ئاشتیانە و بەرژەوەندیی گشتی بەدینایەت ئەگەر "لە رۆحی ئەو دێوە رزگار نەبین لە کوولەکەکەی سلێمانیدا". 

  

 

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×