مەسرور بارزانی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دانا
  2020-07-11       714       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دانا.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شەمە ١١/٧/٢٠٢٠ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دانا كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی ھاتووچۆ لە شاری سلێمانی.

شایەنی باسە مەسرور بارزانی لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی رایگەیاند، پرۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی حکومەت و خەڵکی سلێمانی شایەنی پرۆژەی زیاترن.

راشیگەیاند، خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم و خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌شدارم بۆ دانانی به‌ردی بناغه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی. بێگومان یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و ستراتیژیەیکانی حكومه‌ت بۆ شاری خۆشه‌ویستی سلێمانی.

سەرۆک وەزیران وتی، خۆشه‌ویستانی سلێمانی شایه‌نی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ و پرۆژه‌ی گه‌وره‌ترن، ئێمه‌ له‌ حكومه‌ت به‌ڵێنمان داوه‌ خزمه‌تكاری هه‌مووان بین.

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌م حكومه‌تە گرنگی به‌ هەموو ژێرخانەکان ده‌ده‌ین، رێگه‌وبانیش به‌شێكی سه‌ره‌كییه‌، لێره‌وه‌ پرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی سلێمانی ده‌كه‌م.

مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە، راسته‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌مێكه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌م كابینه‌یه‌دا ئێمه‌ به‌ڵێنه‌كه‌مان برده‌ سه‌ر، دوای ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی زانستیانە بۆ پرۆژەکە کرا به‌ دیزاینێك و بودجه‌یه‌كی باشتر. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بۆ خه‌ڵكی سلێمانی و ته‌واوی هاووڵاتیانی هه‌رێم.

سەرۆکی حکومەت لە سلێمانی رایگەیاند، لە حكومه‌ت بێ جیاوازی گرنگیمان به‌ هه‌موو ناوچەکان داوه‌، بەڵام دوای ده‌ستپێكردنی کارەکان هه‌ندێك قه‌یران هاتنه‌ پێش، كه‌ رێگری له‌ زۆر پرۆژه‌ی حكومه‌ت كرد، به‌ڵام ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ نیشانه‌یه‌كه‌ بۆ به‌رده‌وامیی و ناهێڵین هیچ قه‌یران و ئاسته‌نگێک بمانوەستێنێت و كابینه‌كه‌شمان خزمه‌تگوزار ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك.

راشیگەیاند، سوپاسی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌م و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تگوزاری. ئێمه‌ حكومه‌تێكی فره‌لایه‌ن و هاوپه‌یمانین‌ له‌ چه‌ند حزبێكی جیاوازه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێمان دیاره‌ هیچ هه‌ست به‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ له‌ حزبی جیاواز بین، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ تیمه‌كه‌ گونجاوتر به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین.

سەرۆک وەزیران دەڵێت، ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی ئه‌و قه‌یرانانه‌ ببینه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بێت ئه‌و جۆره‌ پرۆژانه‌ له‌ كاتی پێویست جێبه‌جێ بكه‌ین. رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری، كه‌ تووشمان بووه‌، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وته، كه‌ هه‌ره‌سی به‌ زۆر شوێنی جیهان هێناوه‌ و كوردستانیش له‌و قه‌یرانه‌ به‌ده‌ر نییه‌.

شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی لەگەڵ تۆڕی شەقامە لاوەكییەكان ١٤٦ كیلۆمەترە و پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت. حكومەتی ھەرێم٤٠٠ ملیار دیناری بۆ تەرخان كردووە. لە قۆناغی یەکەم ٣٢ کیلۆمەتر تەواو دەکرێت و دواتر دەست بە قۆناغەکانی دیکەش دەکرێت. هەروەها، شەقامەکە لە ٧ یەکتربڕ پێکهاتووە، کە چواریان گەورەن و سێ دیكەیان بچووکن، هەروەها هەشت پردی پەڕینەوە لەخۆدەگرێت.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×