ته‌ندروستی سلێمانی‌: هیچ توشبویه‌كی‌ كۆرۆنا له‌ژێر ئامێری‌ هه‌ناسه‌دانی‌ ده‌ستکرددا نه‌ماون
  2020-07-14       1227       
ته‌ندروستی سلێمانی‌ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ رێژه‌ی‌ توشبون به‌کۆرۆنا له‌شاری‌ سلێمانی‌ روی‌ له‌دابه‌زین کردووه‌و له‌ئێستادا هیچ نه‌خۆشێک له‌ژێر ئامێری‌ هه‌ناسه‌دانی‌ ده‌ستکرددا له‌نه‌خۆشخانه‌کاندا نه‌ماون.

ئاوێنه‌: د. هێرش سەلیم، جێگری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ته‌ندروستی سلێمانی‌ لە لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاندووه‌، "ئەمرۆو دوێنێ هیچ نه‌خۆشێک پێویستی‌ به‌ئامێری‌ هه‌ناسه‌دانی‌ ده‌ستکرد نه‌بووه‌، له‌ئێستادا هیچ نه‌خۆشێک له‌ژێر ئامێری‌ هه‌ناسه‌دانی‌ ده‌ستکرددا له‌نه‌خۆشخانه‌کانی‌ کۆرۆنا له‌سلێمانی‌ نه‌ماون".

ناوبراو ده‌ڵێت، "رێژه‌ی‌ توشبون به‌کۆرۆنا له‌شاری‌ سلێمانی‌ روی‌ له‌دابه‌زین کردووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا رێژه‌ی‌ چاکبوونه‌وه‌ له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌".

بەپێی ئاماره‌كانی‌ وەزارەتی‌ تەندروستی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان، له‌سه‌ره‌تای‌ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ ڤایرۆسی‌ کۆرۆنا تا ئێستا ته‌نیا له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ 6 هه‌زارو 668 که‌س توشی‌ کۆرۆنا بون، 3 هه‌زارو 321 توشبو ڤایرۆسه‌که‌یان تێپه‌ڕاندووه‌، له‌ئێستادا 3 هه‌زارو 76 توشبو له‌ژێر چاودێریدان‌و 280 توشبوش گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

كۆی ژمارەی توشبوان لەهەرێم گەیشتۆتە 9 هەزارو 695 توشبو: 2443 هەولێر، 6668 سلێمانی، 296 دهۆك، 288 هەڵەبجەو هەروەها كۆی گشتی ئەو توشبوانەی چاكبونەتەوە گەیشتۆتە 5 هەزارو 324 كەس: 1672 هەولێر، 3312 سلێمانی، 190 دهۆك، 150 هەڵەبجە.

هاوكات 4 هەزارو 31 توشبو لەنەخۆشخانەكانن: 717 هەولێر، 3076 سلێمانی، 98 دهۆك، 140 هەڵەبجە.

هه‌روه‌ها تا ئێستا لەهەرێمی كوردستان 340 توشبوی كۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە: 54 هەولێر، 280 سلێمانی، 6 هەڵەبجە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×