کاڵکان داوا له‌پێشمه‌رگه‌ ده‌كات لەپاڵ گەریلادا بن
  2020-07-14       1116       
دوران کاڵکان
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان -پەکەکە- باس له‌هێرشه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ سوپای‌ توركیا ده‌كات‌و داوا له‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات لەپاڵ گەریلادا بن.

ئاوێنه‌: کاڵکان بەشداری بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی “مەدیاهابەر” بو، لەسەر چەندین بابەت قسەیکرد، هەروەها لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان داوای لەهێزی پێشمەرگەو ڕێکخراوو دامەزراوەکانی کورد کرد، کە لەپاڵ گەریلادا بن.

کاڵکان ڕایگەیاند، لە ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، دژی شەنگال، مەخمور و قەندیل هێرش ئەنجامدرا، دوای ئەوەش هێرشی بەرفراوانی داگیرکاری دژی هەفتانین دەستیپێکرد، نزیکەی مانگێکە بە هێلیکۆپتەر، تۆپخانە و فڕۆکە شەڕ دەکات، ڕۆژانە سەرباز لەوێ دادەبەزێنن و دەیانەوێت داگیری بکەن.

هەروەها ئاشکرای دەکات کە ئەو پیلانە لەکۆبوونەوەی دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی تورک لە ٣٠ی ١٠ی ٢٠١٤ـدا ئامادەکراوە ناوی لێنراوە، “پیلانی چالاکیی لەناوبردن”، و دەڵێت: ئەم پیلانە نوێ بوو، دەبێت تێکەڵی ئەوانەی پێشوو نەکرێت، وادیارە هەندێک کەس بەتایبەتی کاربەدەستانی باشوری کوردستان، ڕێکخراوەکانی کورد و ڕای گشتی لە دەرەوە درکیان بەمە نەکردووە، ئەمەی ئێستا دەکرێت تەنها دژی پەکەکە نییە، پیلانی دروستکردنی ناوچەی ئارامە، کە ساڵی ١٩٨٥ کراوەتە ڕۆژەڤ تا لە هەردوولای سنوور پێنج کیلۆمەتر چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی گەریلا لە باشورەوە تێپەڕی باکور نەبێت، بەڵام ئێستا دەیانەوێت ئەو هەرێمە لە کورد چۆڵ بکەن.

لەبەردەوامیدا کاڵکان وتی، دەیانەوێت کوردستان لە عەفرین تا خواکورک داگیر بکەن، دەیانەوێت ناوچەیەک بە درێژایی هەزار کیلۆمەتر و پانتایی ٥٠ بۆ ٦٠ کیلۆمەتر داگیر و لە کورد چۆڵی بکەن، لە جێی کوردیش بە نیازن، چەتەکانیان لە قەفقاز، ئاسیای ناوین و باشور، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڵقان، کە بە کۆیلە کراون جێگیر بکەن و هێڵێکی تیرۆر دروست بکەن، دەیانەوێت کوردستان لە ڕووی جوگرافییەوە جیابکەنەوە و پەیوەندیی نێوان بەشەکان ببڕن، هێرشەکان لە ساڵی ١٩٨٣ـەوە بەردەوامە، هێرشەکانی ئەمجارە بۆ پاکتاو و چوڵکردنی ناوچەکە لە کوردە، بەو هێلە تیرۆرەش دروستی دەکات، دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیربکات و تیرۆر هەناردەی جیهان بکات.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا کاڵکان رایگه‌یاند، پارتی‌ هێشتا بەگوێرەی نەوەدەکان بیردەکاتەوە، هێشتا وادەزانێ ئۆپەراسیۆنی چەکوش بەردەوامە، بەڵام ئەوە کۆتاییهات، پێگەی باشوری کوردستان کە بۆ دژایەتی پەکەکە دامەزرابوو، بەم کۆنسێپتە نوێیە کۆتاییهاتووە، ئێستاش دژی پەکەکە هاوکارییان لێوەردەگیرێت، پێویستە بەمە نەخەڵەتێت، ئەمە دۆخێکی کاتییە، ڕاست ئەوەیە پێگەی باشوری کوردستان لەناودەچێت، ئەردۆغان خۆی وتی: ئێمە هەڵەمان کرد، ئەم هەڵەیە ڕاست دەکەینەوە و لەناوی دەبەین”، دەوڵەتی تورک دەیەوێت لەوێ (باشور) هێزێکی کۆنترا (بەکرێگیراو) دروست بکات و هێرش بکاتە سەر هەموو شوێنێک، ئەمە هێشتا پێکنەهاتووە، بەڵام پیلان و بەرنامەیان ئەمەیە، پیلانەکە سەریبگرێت یان نا، شتێکی جیاوازە، پێویستە ئەم پیلانە لەناوببرێت و ڕێگە نەدرێت سەربگرێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا دوران کاڵکان وتی‌، وەک پەکەکە ٤٠ ساڵە دژی هێرشێکی لەم شێوەیە شەڕ دەکەین و بەرخۆدان دەکەین، گەریلا لە خواکورک بەرخۆدانی کرد ئێستاش لە هەفتانین قارەمانانە بەرخۆدان دەکات، وەک بزوتنەوە و گەریلا بەرخۆدان دەکەین، بێگومان دەمانەوێت لێرە پێشمەرگە لە پاڵ خۆمان ببینین، پێش ئەمەش بانگەوازیی تێکۆشان و بەرخۆدانی هاوبەشمان لە پارت و ڕێکخراوەکان کردبوو، ئێستاش بانگەوازییەکەمان دووبارە دەکەینەوە، بەڵام بە دەنگمانەوە بێن یان نا، ئەوە خۆیان دەزانن، ڕاستییەکان ئاشکران، ئێمە دەمانەوێت لەپاڵمان بن، گەریلا بە بەرخۆدانی دژی هێرشەکان دەوەستێتەوە، هیچ گۆڕەپانێکی بەبێ بەرخۆدان جیی نەهێشتووە، ئێستاش شەڕەکەی هەم لە بەرەی جەنگ و هەم لە ئیستەنبوڵ، ئیزمیر، ئادەنا و دەریای ڕەش بڵاوکردووەتەوە، گەریلا ئێستا هەموو شوێنێکی کردووەتە گۆڕەپانی بەرخۆدان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×