چەند سەرنجێک لەسەر کتێبی "کارگەکانی تابووت"ی شێرزاد حەسەن - بەشی دووەم
  2020-07-21       484       

مەحمود چاوەش

 

تێگەی (مفهوم)ی نامۆبوون
تێگەی نامۆبوون لە کتێبی "کارگەکانی تابووت"دا زیاتر تێگەیەکی سۆسیۆ-کولتووریی و گەلەکییە(کۆلێکتیڤییە)، لێ هەندێک جار هەنگاو دەنێتە نێو بواری دەروونناسی (پسیکۆلۆژی)یەوە. نووسەر زۆر بەڕوونی لەم بازنەیەی نامۆبوونی گەلەکیدا دەمێنێتەوە و شرۆڤەی دەکات، یان بە قەولی خۆی بە شیزۆفرینیا و هیستریایەکی دەستەجەمعی و ڕۆحی ناوزەدی دەکات. وەک ئەو خۆی دەنووسێت: "خودی ئەم لەتوکوتکردنە لە باری ڕامیارییەوە بووەتە مایەی شیزۆفرینا و هیستریایەکی دەستەجەمعی و ڕۆحی هەر یەک لە ئێمەی داغان کردووە و ..." (لاپەڕە ٤٥). دیارە نووسەر هۆشداری و ئاگاداری نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگەی کوردەواری دەکاتەوە و دەیەوێت ڕایانبچڵەکێنێت، کە کولتوورە زاڵەکانی هەزار ساڵەی ئەرەبی و تورکی و فارسی کارەکتەری مرۆڤی کوردی و کولتوورەکەی ئەویان بەرەو ئاستەنگێکی مێژوویی و دەروونی بردووە و دەبات، کە بە نامۆبوونێێکی گەلەکی (کۆلێکتیڤی) و تاکەکەسی (ئیندیڤیدوێل) کۆتاییان دێت. پێش ئەوەی بچینە ناوەڕۆکی ئەم باسەوە، پێمباشە ئاوڕێکی مێژوویی لە تێگەی نامۆبوون لە بوارەکانی فەلسەفە (فیلۆسۆفی) و کۆمەڵناسی (سۆسیۆلوژی) و کەمێک دەروونناسی (پسیکۆلۆژی) بدەینەوە.
زۆرێک لە توێژەر و فەیلەسوف و کۆمەڵناس و گەلناسەکان (ئێتنۆلۆژەکان)ی جیهان شیکار و توێژینەوەی جیاوازیان لەسەر تێگەی نامۆبوون کردووە، لەوانە: ئەرستۆتێلیس، ژان ژاک ڕۆسۆ (1)، هێگڵ و مارکس، جگە لەوە زۆرێک لە فەلەسوفەکانی قوتابخانەی فڕنکفۆرت، تا دەگات بە هزرمەندانی لێرەبوونگەرا و نیهیلستی (عەبەسیی)، وەک ژان پۆل سارتەر، سیمۆن دی بوڤوا، ئەلبێرت کامۆ و زۆرێکی تری ناوبانگدارە جیهانییەکان لەم بوارەدا توێژینەوەیان کردووە. ڕۆسۆ بۆ نموونە بەڕوونی باسی دەکات و دەڵێت کاتێک مرۆڤ لە سروشت جیادەبێتەوە، ئیتر لە خۆی نامۆ دەبێت، لەم بارەشدا خۆپەرستی زاڵ دەبێت بەسەر خۆخۆشویشتندا. واتە کاتێک مرۆڤ لە سروشت جیا دەبێتەوە، کە باوەشی پڕسۆز و خۆشەویستی دایکانەی ئەوە، پرۆسەی نامۆبوون دەستپێدەکات.
لەوە زیاتر ڕوونکردنەوەی تێزەکانی ڕوسۆ، بەڵام هەروەها هێنانی هێگل بۆ بەر باس، لە چوارچێوەی شیکاری ئەم نووسینە دەردەچن، ئاخر هەر یەک لە ئەوان توێژینەوەی تایبەت بە خۆی گەرەکە.

تێگەی نامۆبوون بە مانا کۆلێکتیڤەکەی (گەلەکییەکەی)
کارل مارکس کێشەی نامۆبوون لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێناندا بە شێوە گەلەکییەکەی (کۆلێکتیڤ)یەکەی ئاوەڵا دەکات. ئەو لە دەستنووسە "فەلسەفی-ئابوری"یەکەیدا نامۆبوون بە خۆدەردان(2) ناوزەد دەکات. مارکس ئەم تێزەی لە تێزە فەلسەفی-ئایدیالیستییەکەی هێگلەوە وەرگرتووە و ماتەریالیستیانە دایڕشتۆتەوە. مارکس پێیوایە نامۆبوون لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێناندا دێتەگۆڕێ. لە پڕۆسەی کاردا بەرهەمی کرێکار (مارکس بە پڕۆلیتاریا ناوزەدیان دەکات) بە ئەو خۆی نامۆیە، چونکە خاوەنداری بەرهەمەکەی خودی خۆی نییە، بەڵکو سامانی کەسێکی ترە، کە بە خودی ئەم نامۆیە. کرێکار لەم پڕۆسەیەدا تەنانەت لە خودی خۆی نامۆ دەبێت یان وا هەستدەکات بووە بە بەشێک لە ماشێنەکانی بەردەستی. مارکس ئەم نامۆبوونە بە تێگەیەکی گەلەکی (کۆلێکتیڤ / دەستەجەمعی) شیکار دەکات. لەم ڕوانگەیەوە خاوەنداریی تایبەتی هۆکاری نامۆبوونی کرێکارە، لێ سوودی کار و بەرهەمی کارەکەی دەچێتە دەستی کەسێکی ترەوە، کە مارکس بە سەرمایەدار / کەپیتالیست ناوزەدی دەکات. مارکس پرۆسەی کار بە سەرچاوە و پنتی سەرەکی سەرهەڵدانی دیاردەی نامۆبوون لە تەواوی مێژوودا دەناسێنێت، بە هەموو فۆرم و سیستەمە کۆمەڵایەتیەکانەوە، ئەوە هەر لە پەیوەندییە جڤاکییەکانی کۆیلە و خاوەنکۆیلەدا، لە کۆمەڵگەی فیۆداڵی سەدەکانی ناوەنددا (دەرەبەگایەتی) تا دەگات بە سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداری و فاشیزم و سۆسیالیزمیش، کە نووسەر باسیان لێدەکات. گەر بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە بڕوانینە تێزەکەی مارکس لەمەر تێگەی نامۆبوون، دەبینین، کە لە فۆرم و سیستەمی سەرمایەداریدا هەر تەنیا کرێکار نییە کە نامۆیە بەرامبەر بەرهەمی کارەکەی و بە خۆیشی، بەڵکو پەیوەندییە کۆمەڵاییەتیەکان لەم سیستەمەدا لە ئاستەنگێکی تاکەکەسی و گەلەکی ئەوتۆدان، کە تەواوی مرۆڤایەتی بە نێوان و نامۆبوونێکی ئەبەدیدا تێدەپەڕێنێت. کەواتە تێگەی نامۆبوون مۆرکی تەنیای کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، بەڵکو لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەروەها لە فۆرم و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە مارکس بە ڕێکخەرە کۆمەڵایەتیەکان ناوزەدیان دەکات، بەرجەستە بووە و دەبێت. تاکو ئەمڕۆش سیستەمی سەرمایەداری ناتوانێت یان نایەوێت چارەسەرێکی مرۆڤدۆستی بۆ دیاردەی نامۆبوون بە شێوەیەکی گشتی بدۆزێتەوە یان بەرەنگاری بێتەوە، چونکە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پڕۆسەیە لە توانا و هێزە سروشتی و مادییەکانی ئەم سیستەمەشدا نەماون. مرۆڤەکانی ئەوروپا و زۆربەی شوینەکانی تری جیهان بە سیستەمێکی ئەوتۆوە وابەستکراون، کە بە ئارەزووەکانی ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە / کاپیتالیستییە هەڵسوکەوت دەکات. ڕەنگە گەلێک تیۆری باس لە هێورکردنەوەی نامۆبوون لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بکات، لێ دەروویەکی تایبەتی تاکو ئێستا بۆ ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە نەدۆزراوەتەوە و ناشدۆزرێتەوە.

تێگەی نامۆبوون لە سۆسیۆلۆژیدا (کۆمەڵناسیدا)
کۆمەڵناسی فەڕنسی ئێمیل دورکهایم (3) لەو باوەڕەدایە، کە نامۆبوون بە لەدەستدانی ترادیسیۆنە (سونەگەراییە) جڤاکیەکان و دینییەکان بەرجەستە دەبێت. بۆ زۆر سۆسیۆلۆژی (کۆمەڵناسی) ئەوروپی لە سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ دا تێگەی نامۆبوون جێگەی سەرنج و توێژینەوەکانیان بوو، بەو مانایەی، کە نامۆبوونی مرۆڤ لە ئەنجامی پرۆسەی تاکگەراییەوە و دابڕانی، بۆ نموونە خێزانەوە، سەریهەڵداوە و گیرۆدەی بووە. کەواتە نامۆبوون لە تێگەی کۆمەڵناسیدا بەو مانایە دێت، کە مرۆڤ لە دەرئەنجامی پرۆسەی بەتاکبووندا (ئیندیڤیدوالیزاسیۆن) پەیوەستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکەی خۆی بەرامبەر خێزان لەدەستدەدات. هاوسەنگییەکە ڕوونە، نامۆبوون لە ئەنجامی پڕۆسەی بەشارستانیبوون (لایەنە سۆسیۆلۆژییەکە)، نامۆبوون لە پڕۆسەی پێداویستیی بەرهەمهێنانی تەکنیک لە پڕۆسەی کاردا و دابڕانی لە سروشت (لایەنە فەلسەفەیی و ئابورییەکەی). لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژییەوە مرۆڤ خۆی وەک نامۆیەک هەنگاو دەنێتە ناو کۆمەڵگەوە، ئاخر تاک لە کۆمەڵگەدا لە پاڕادۆکسێکدا دەوران دەخوات  و لەم پڕۆسەیەشدا ئاوارە و سەرگەردان دەمێنێتەوە (بە هۆکاری کۆمپلێکسەکانی / ئاڵۆزییەکانی ناو کۆمەڵگە). وابەستەیی و میکانیزمە کۆمەڵایەتییەکان لە تێگەی نامۆبووندا زۆر بەچڕی هەڵسەنگێنراون. فەیلەسوفانی ئەڵمانی ئادۆڕنۆ و هۆرکهایمەر(4) لە تێزەکانی "دیالێکتیکی ڕۆشنایی"دا تێگەی نامۆبوون لە بواری سۆسیۆلۆژیدا  ڕووندەکەنەوە، کە دەستبەسەراگرتن و زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر سروشت لە بەشارستانیبووندا (ڕەنگە مەبەستی ئادۆڕنۆ و هۆرکهایمەر لە پڕۆسەی بەشارستانیبووندا بووبێت) نرخەکەی بە نامۆبوون کۆتایی دێت. هاتنەدەرەوە (دەرچونی سنووردارکراو) لەم نامۆبوونە بە تەرکیزکردنە سەر هزر (هۆشمەندی) و کولتوور بەئەنجام دەگەیەنرێت.

تێگەی نامۆبوون بەمانا مۆدێرنەکەی (نامۆبوونی ئیندیڤیدوێل/ تاکڕەوایی)
پرسیاری گرنگ لەم پنتەدا ئەوەیە، کە ئایا نامۆبوونی سەدەکانی ناوەند و پێشتریان لە چەند ڕووەوە بە نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا جیاوازن. ڕەنگە ئەم جیاوازیانە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە دەربچن. ئەوەی لە تەواوی مێژوودا ڕوونە، ئەوەیە کە مرۆڤ لە پرۆسەی کار و بەرهەمهێناندا بەردەوام لە نامۆبوونێکی ئیندیڤیدوێلی (تاکڕەوایی / تاکەکەسی) و کۆلێکتیڤیدا ژیاوە و بەردەوامیشە لەم پرۆسەیەدا. دیارە یەکێک لە هێماکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن دیاردەی سەرهەڵدانی ئیندیڤیدوالیزمە بە هەموو ماناکانیەوە. مرۆڤەکانی دەڤەری ئەوروپا بە پرۆسەیەکی تاکگەرایی ئەوتۆدا تێپەڕیون، کە تاک لە زۆربەی بوارەکانی ژیانیدا ئازادانە "زۆربەی" بڕیارەکانی ژیانی خۆی دەدات (ئەمە جیا لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێنان، کە تاکو ئێستاش ڕێگری یەکەمی ئازادییە تاکگەراییەکانە). لوتکەی پڕۆسەی تاکگەرایی لە ئەوروپادا، بۆ نموونە لە ئەڵمانیادا، جوڵانەوەکانی ساڵانی شەستەکان بوو، کە لاوان ڕژانە سەر شەقامەکان و ئازادی تاکەکەسییان لە پێشەوەی داواکانیاندا بەرزڕاگرت. ئەمەش بە بەشێکی سەرەکی لە درزاندنی پەیوەندییەکانی تاک بە کۆمەڵەوە دەژمێردرێت. ئازادی تاک بۆتە پنتێکی چەقگر لە کۆمەڵگەی مۆدێرن و بەشێکی نەبڕاوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
پرسیاری گرنگ لەم ئاستەنگەدا ئەوەیە، کە ئایا نامۆبوونی سەدەکانی پێشتر جیاوازییان لە نامۆبوونی جیهانی مۆدێرن چییە؟ لەدوای بەرپابوونی ڕێنێسانس لە ئەوروپا و بەرەوپێشچونی پیشەسازی و پێکهاتنی کۆمەڵگەی مۆدێرن لە کولتوورەکانی ڕۆژئاوادا، تاکڕەوایەتی زیاتر بەرجەستە و جێگیربوو. نامۆبوون بوو بە مۆرکێکی لێکنەبڕاوە. ئاڵۆزییەکانی ژیان و ئاڵۆزی (کۆمپلێکسی) پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تاکەکەسی زیاتر بەرەنگاری پشێویی دەروونی و نامۆبوون بە خۆ و سروشت و دەووروبەرەکەی کردەوە. نەخۆشییە دەروونییەکان بوون بە بەشێکی بەردەوام و نەبڕاوەی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و پرۆسەی نامۆبوونی. تاکەکەسی کۆمەڵگەی مۆدێرن نامۆکراوە بە خۆی و سروشت و تەنانەت بە مرۆڤەکانی دەوری، پەیوەندییە سەرەتایی و سروشتییەکانی خۆی لێسەندراوەتەوە. سەرقاڵی ژیان خۆی بووە بە میکانیزمێک، کە داپچڕانی مرۆڤ بە سروشتەوە پرۆگرامکراوە. ئەمەش نامۆبوونە، چونکە مرۆڤ ژینگەکەی و سروشتی بە نامۆ دێتە بەرچاو. سەدەکانی پێشووتر مرۆڤەکانی زیاتر بە کۆلێکتیڤی (گەلەکییانە) نامۆکردووە، مۆدێرنە بەشێوەیەکی ئیندئڤیدوێڵ، بەڵام هەردوو نامۆبوونەکە دەبنە مۆرکی پڕۆسەیەکی بەردوام لە سەردەمی مۆدێرندا.
لە ڕووی دەروونناسییەوە / پسیکۆلۆژییەوە ناوزەدکردنی نەخۆشییە دەروونیەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن سەلماندنی ئەم ڕاستییەیە، نەخۆشییە دەروونیەکانی وەک تراوما (خورپەی / برینداربوونی دەروونی)، شیزۆفرینیا (جوتڕەوشتی)، هیستریا (پشێوی دەمارگیری یان هەستەدەمار)، دیمێنس (خەڵەفاوی لە پیریدا)، دێپرێسیۆن (غەمۆکی)، کۆمپلێکسی / گرێی خۆبەکەمزانی، ترس و دڵەڕاوکێ، کەمهۆشمەندی (أ.د.هه.س)، لەدەستدانی واقع (پسیشۆزە)، تێکچوونی باری کەسایەتی، لەدەستدانی مەیلی خواردن و چەندەها نەخۆشی دەروونی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان. بوونی دیاردەی ئەم نەخۆشیانەش بێگومان لە کوردستانیش هەیە و بە شێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەیان کردووە.

نامۆبوونی کولتوری (سۆسیۆ-کولتوری)
ڕەنگە ئەم نامۆبوونە زیاتر لە تێزەکانی نووسەری "کارگەکانی تابووت" نزیکبێتەوە، واتا بە کۆمەڵگەیەکی کوردی ژەهراویکراو و تێگلاو بە سوننەگەرایی (داب و نەریتی) کولتوری ئەرەبی-ئیسلامی. نووسەر باسی ئازارە دەروونییەکانی تاکی کورد لە ڕوانگەیەکی پسیکۆلۆژیەوە دەکات، بەڵام ئازارەکان لە چوارچێوەیەکی گەلەکیدا (کۆلێکتیڤدا) قاڵبڕێژکراوە. تاکی کورد سەرگەردان و نامۆی ئەو کاریگەرییە هەزارساڵییەی کولتوورێکە، کە لە کولتووری خێڵەکی ئەرەبی-ئیسلامی، کە سەرچاوەکەی دورگەی ئەرەبییە، سەریانهەڵداوە. نووسەر لە لاپەڕەی ٣٢٦ دا ئەم تێکەڵە کولتوورییە بەزۆر سەپێنراوە بەڕوونی هەڵدەسەنگێنێت: "ئەم کولتوورە تاریکپەرست و ڕەش و هەڵزڕاوە ناتوانێت بەرهەمی جوانتری لە داعش هەبێت... ئەم ئاشە هەر دەگەڕێت و دەگەڕێت و بارشەکەیشی خوێن و فرمێسکی ملیلیۆنەهایە!". یان لە لاپەڕەی ٣٤٤ دا دەنووسێت: "نامۆیی بۆ خۆی چارەنووسی ئێمەیە، چونکە بە تەواوی لە دۆخێکی هیستریادا دەژین کە بە جیهانی ناوەوەمان نامۆ و بێگانەیە، ئێمە هەر هەموومان بە خۆمان بێگانەین، هەر لەبەر ئەوەیشە کە بێگانەین بە یەگدی". لێرەدا تێکەڵەی ئەو دوو جۆرە لە نامۆبوون هەیە، کە لە سەرێکەوە تاکەکەسی (ئیندیڤیدوێل) و لە سەرێکی ترەوە نامۆبوونێکی کولتووریە. ئەم تێزە لێوانلێو بە نامۆبوونی گەلانی ژێردەستەی سەدەکانی کۆلۆنیالیستی دەچوێنرێت، کە کولتوری سەردەستە و تێکەڵەیەکی ژەهراوی بووە بۆ گەلانی بندەستەی  کۆلۆنیالەکان و نامۆبوونیش بەرهەمێکی پرۆگراماتیکی ئەم تێکەڵە کولتورییە بووە.
گەر ئاوڕێک لە مێژووی کۆلۆنیالیزم و تێکشکان و شێواندنی کولتورە ژێردەستەکان و کۆلۆنیالیزەکردنی بەشێکی زۆر لە جیهاندا بدەینەوە، زبڵخانەیەکی قێزەوەنئاسا دەبینین، کە تێیدا نامۆبوونی کولتووری زۆر بەڕوونی لە شێوە کۆلێکتیڤەکەیدا دەبینرێت. مێژووی ٢٠٠ ساڵەی ئینگلیز لە هیندوستان و بندەستەیی و وابەستەیی کیشوەری ئەفریقا بە کۆلۆنیالیستەکانەوە، دابەشکردنی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین لە نێوان کۆلۆنیالیستە ئینگلیز و فەرەنسییەکاندا نمونەی نامۆبوونی کۆلێکتیڤی مۆدێرنن بە هەموو ڕووەکانییەوە. کولتووری سەپێنراوی ئینگلیزی بەسەر گەلان و دیانەتەکانی هیندوستاندا بە نامۆبوونێکی کولتووری/ کۆلێکتیڤی دەژمێردرێت، کە بە تێکەڵەیەکی دوو کولتووری زۆر جیاواز و نامۆ بە یەکتر دەناسرێت، لێکدەدەن و دەیکەنە تێکەڵەیەکی ئەوتۆ، کە تاکو ئەم ڕۆژگارەش هاوسەنگی یەکتر نابن. کۆلۆنیالیزم یان داگیرکەر، کە بە ئیمپریالیزمیش ناوزەد دەکرێت، هەوڵی جۆرێک لە سڕینەوەی کولتووری ئەو گەلانەی بندەستی خۆی داوە، هەر وەک فرانس فانۆن"(5) ڕونیدەکاتەوە، کاتێک کۆلۆنیالیستەکان ئەم گەلانە بەجێدەهێڵن، کولتوورەکانیان بە تەختەی ڕەشی بەتاڵی قوتابخانەکان دەچوێنرێن. گەلانی ئەو دەڤەرە تاکو ئەمڕۆش وابەستەی ئابووری و سیاسی کولتووری سەپێنراوی خۆیان کردووە. ڕەنگە ئەم ڕاڤەیەی فانۆن زیاتر نزیکبێتەوە لە بیروڕاکانی شێرزاد حەسەن. کتێبەکەی فانۆن بە ناونیشانی "کڵۆڵەکانی ئەم سەرزەمینە" بووە بە ئایدیایەکی کاریگەر و گرنگ دژی کۆلۆنیالیستەکانی جیهان، کە لە دوای مردنی فانۆن خۆی بڵاوکرایەوە و سارتریش پێشەکی بۆ نووسی. لە کتێبی "پێستی ڕەش و دەمامکی سپی"دا فانۆن بەڕوونی باس لە نامۆبوونی مرۆڤە ڕەشپێستەکان لە کۆمەڵگەیەکدا دەکات، کە لەژێر دەستی کۆلۆنیالیستەکاندا دەناڵێنن. فانۆن لەم پەیوەندییەدا ڕوودەکاتە توندڕەویی بەرامبەر ڕەشپێستەکانی ئەفریقا لە لایەن کۆلۆنیالیستە فەڕەنسیەکانەوە، کە کولتورەکانیان تووشی نامۆبوون و نەخۆشی کراون. فانۆن وەک دکتۆرێکی دەروونناس چارەسەری گەلێک نەخۆشی دەروونیی ڕەشپێستەکانی کردووە و لە ئازارەکانی ناخیان تێگەیشتووە.
 کوردستانیش وەک لێچونێک بە دەورانی کۆلۆنیالی هەمیشە لەژێر ئەم تێکەڵە کولتورییەدا ناڵاندوویەتی و بەشێکی زۆری نامۆبوونە کولتوری (سۆسیۆ-کولتورییەکە)ی تاکی کوردیشی لە دەورانێکی دەروونی هەمیشەییدا خەمڵاندووە. شێرزاد حەسەن زۆر بەئاشکراو ئازایانە لە لاپەڕە ٣١٨ دا دەبێژێت: "کوردستان نموونەیەکە لەو نموونە زۆر خراپانەی میراتی فیکری عەرەبی، کە بەدرێژایی سەدەکانی لەسەر ناعەقلانیەت بەند بووە، کە بڕوای بە هیچ گومان و پرسیارێک نییە. پەروەردەی منداڵانی کورد بە فیکری ترسناکی وەهابییەکان لە هەموو شار و گوندێکی باشووری کوردستان دەدۆزینەوە." لەم ڕوانگەیەوە دروستکردنی منداڵێکی نوێ، وەچەیەکی پڕهزر و نوێخواز، کەسانی مۆدێرن و ئیندیڤیدوێل لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا زۆر سەختە. ڕەنگە پلورالیزم تەنیا چارەیەک یان خەونێک بێت، کە نەوەکانی داهاتوو لە پاشەڕۆژێکی دوورتردا بیبینن، چونکە پلورالیزم و هەمەڕنگی و پێکەوەژیانی گەلانی ئەو دەڤەرە تەنها چارەیەکی ئەو گرفتە کۆمەڵایەتیانەیە و حەتمیەتێکی مێژووییە.


دووفاقەیی نامۆبوون لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا
لەم نێوەندەدا گەلێک سەختە هێڵێکی دیاریکراوی ئەم فرە نامۆبوونە و بەتایبەتی کۆمپلێکسی نامۆبوون لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا دەستنیشان بکەین، هاوکات ئەم دیاردەیە دووفاقەیە. لە نێوەندێکیاندا نامۆبوون ئیندیڤیدوێلە (تاکگەرایە)، واتا نامۆبوونی تاکی کوردە بە خۆی و دەوروبەرەکەی (ئاخر نەخۆشییە دەروونییەکان کە لە کوردستانیش گەلەک هەن و چارەسەریان بۆ نادۆزرێتەوە، یان پشتگۆییەکی کۆمەڵایەتی وەک مۆتەکە بەسەریاندا سەپێنراوە، بە شێوەیەکی پەنهانی و نهێنی بەربڵاون). لایەنێکی تری ئەم نامۆبوونە بە پڕۆسەیەکی کۆلێکتیڤ (گەلەکی / دەستەجەمعی)دا تێپەڕیوە و نامۆبوونی کولتووری (سۆسیۆ-کولتووری) بەرهەمهێناوە و بەردەوامیشە لەم پرۆسەیەدا. 
دووفاقەیەتی تێگەی نامۆبوون لە کتێبی "کارگەکانی تابووت"دا لە سەرێکییەوە کۆلێکتیڤە. ئەم نامۆبوونە زادەی ئەتککردنی کولتووری کوردییە لە لایەن کولتووری ئەرەبی ئیسلامییەوە، کە بە زۆرەملێ لە چوارچێوەی کولتووری سەردەستدا نامۆبوونی بۆ کولتوری کوردی خەمڵاندووە و بۆتە بەشیکی سەرەکی لە کولتووری نامۆبوونی تاک و کۆی کورد. کورد خۆیشی بە بەشیکی گەورەی ئەم بەنامۆبوونە ڕازی بووە و پڕاکتیزەی کردووە. کولتووری یەکتریپەسەندکردن لەو دەڤەرەدا کارێکی زۆر سەختە و دەبێت بە پڕۆسەیەکی مێژوویی و ڕێنیسانسێکی ڕۆژهەڵاتیدا تێپەڕێت، کە ئەمەش لەم ساتە مێژووییەدا گەلەک سەختە.
نووسەر لەو باوەڕەدایە، کە سەرچاوەی نامۆبوونە تاکەکەسییەکە / ئیندیڤیدوێلەکە لە نائاگایی تاکی کورد خۆیەوە بەرجەستەبووە و سەرچاوەی گرتووە. لە لاپەرەی ٤٩ دا نووسەر ئەم نامۆبوونە باشتر فۆرمولە دەکات: "ئێمە نە خاوەنی ئەو ڕۆح و عەقڵەین کە دەرک بە نەخۆشییەکانی خۆمان بکەین، نە ئەوەندە بەهێز و ئازاین کە زات بکەین لە بەردەمی خۆمان و خەڵکیدا دانی پێدا بنێین..."
تێزەکەی نووسەر تێکەڵەیەکی مێژوویی-کولتوورییە لەسەر تێگەی نامۆبوون، دەستپێکێکی ئاڵۆزی کولتووری ڕەشۆکی-بیاباناوی بەدەویی ئەربی-ئیسلامییە کە بە کولتورێکی نامۆ بە کولتوورەکانی غەیرە ئەرەب ناوزەد دەکرێت. تەلیسماویکردنی، بە قەولی نووسەر ژەهراویکردنی کولتوورەکانی ئەو ناوچانە بوون. ئەم کولتوورە ئەرەبی-ئیسلامییە توانیویەتی لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی مێژووییدا هزر و عەقڵییەتی گەلانی ئەو دەڤەرە بەخۆوە ببەستێتەوە. نامۆبوون لێرەدا دەبێتە زادەی تێکەڵەیەکی نامۆلەخۆگری کولتووری، کە کولتوورە سەردەستەکە (ئەرەبی-ئیسلامی) بەبێ گوێپێدان و رەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی کولتوورەکەی تر (کولتووری ژێردەستە یان بندەست)، بە زۆرەملێ کولتوورەکەی خۆی بەسەر چاوگی کولتوورەکانی ئەو دەڤەرەدا سەپاندووە. خاڵێکی گرنگی پەیوەندیدار بەم نامۆبوونەوە ئەوەیە، ئایا مێتۆدێکی دیاریکراو بۆ سستکردنی (هێورکردنی) ئەم نامۆبوونە لەسەر تاکی کورد یان لە پڕۆسەی بەکۆلێکتیڤکردن بە ئاڕاستەیەکی پۆزەتیڤدا هەیە، بەواتایەکی تر ئایا واڵابوون (ڕزگاربوون)ی مەرجداری تاکی کورد لەم ئاستەنگەدا لە ئەڵقەکانی کەلەپچەی بەندەیبوونی ئەم کولتورە نامۆیە ئەگەری هەیە؟ ڕەنگە ئەمە پڕۆگنۆزێکی (لەپێشچاوگرتنێکی) نەگونجاوبێت. بەهەر توێژینەوەیەک، گەر فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، سۆسیۆ-کولتوری بێت، نامۆبوون نەک هەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە پرۆسە ئیندیڤیدوێل و کۆلێکتیڤەکەیدا تێدەپەڕێت و دەمێنێتەوە، بەڵکو لە تەواوی کولتورەکانی جیهاندا لە ئاستەنگێکی کۆسمۆپۆلیتیکدا دەمێنێتەوە و بۆتە دیاردەیەکی نەبڕاوە لە مۆرکی کۆمەڵگەی مۆدێرندا. گەر بابەتیانە بڕوانینە کۆمەڵگەی کوردەواری، نامۆبوون خۆی بە کۆمپلێکسێکی سۆسیۆ-کولتوری ئەوتۆدا تێپەڕیوە، یان ڕوونتر بڵێین نامۆبوون بەهۆی سەردەستەیی و بەسەرداسەپاندنی کولتوری ئەرەبی-ئیسلامییەوە بەسەر کولتوری کوردیدا، هێندە لە جومگەکانی پەیوەندییە جڤاکییەکانی ئاڵاوە، کە ئازادبوون لەم وەبایە زۆر زەحمەتە. ئاخر کولتورێک، کە سەرچاوەی میکانیزمی پێکهاتە کولتورییەکانی لە کولتورێکی بێگانە هەڵ-هێنجراوە، بە خۆنامۆبوونێک لەو جۆرەی نووسەر باسیان لێوە دەکات، کارێکی حەتمییە. ڕەنگە مێتۆدەکانی نەشونماکردنی پڕۆسەی ئیندیڤیدوالیزم بە لەدایکبوونی سیستەمێکی پەروەردەیی تەندروست (یان پەروەردەیەکی یەکسانبەیەکتر) و هاتنەگۆڕێی نەوەیەکی نوێ بتوانێت بەرەنگاری ئەم نامۆبوونە ببێتەوە. ئەمەش نەک هەر لە کوردستاندا، بەڵکو لە تەواوی کولتورەکانی ئەو دەڤەرەدا. پێموایە ئەم بەرەنگاربوونەوەیە بە هیچکام لەم مێتۆدانە بەئەنجام ناگەیەنرێت، بەڵکو تێکەڵەیەکن لە هەموویان (فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، سۆسیۆ-کولتوری و ...). دەبێت لەم پنتەدا ئەوە بهێنرێتە جێگەی گفتوگۆ، کە سەردەستەیی کولتوری ئەرەبی-ئیسلامی تەنها کۆمەڵگەی کوردەواری توشی وەبای نامۆبوون نەکردووە، بەڵکو کۆمەڵگەکانی جیهانی بەم وەبا کۆلێکتیڤە ساریکردووە. ساڕێژی ئەم نەخۆشییە (لایەنە دینی و عەقیدەییەکانی ئەم دیاردەیە) لەم کاتە و لە ئێستادا کارێکی مەحاڵە، چونکە ئەم دیاردەیە هەموو مرۆڤایەتی گرتوەتەوە.

پەراوێزەکان
(1ڕوسۆ لە 28.06.1712 لە ژنێڤ لەدایکبووە و لە 02.07.1778 لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. فەیلەسوف و نووسەر و پەروەردەناس و توێژەر بووە. کاریگەری زۆری لەسەر پەروەردەناسی (پێداگۆگی) و تیۆرییە سیاسیەکانی سەدەی 18 و 19 و 20یش لە تەواوی ئەوروپادا هەبووە، هەروەها یەکێک بوو لە ڕێخۆشکەرانی شۆڕشی فەڕەنسی.
2) مارکس لە تێزی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکاندا دوو تێگەی نامۆبوون و خۆدەردان (Entfremdung und Entäußerung) ، یان نامۆبوون لە خودی خۆ، بەکاردێنێت.
3) گەلناس (ئێتنۆلۆژ) و کۆمەڵناسی (سۆسیۆلۆژی) فەڕەنسی لە 05.04.1858 دا لە فەڕەنسا لەدایکبووە، لە 15.11.1917 لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. ئەمڕۆ بە یەکێک لە کلاسیکەکانی سۆسیۆلۆژی دەژمێردرێت، کە هەوڵیدا کۆلێژی کۆمەڵناسی وەکو بەشێکی سەربەخۆ لە بەرنامەی توێژینەوە و زانستەکاندا سەقامگیر بکات. لێکۆڵینەوە ئەزمونگەراییەکانی بوون بە نموونەیەکی مەیدانی کۆمەڵناسی.
4) تیۆدۆر ڤ. ئادۆڕنۆ، فەیلەسوفی ئەڵمانی و یەکێک لە فەیلەسوفانی تیۆریی ڕەخنەیی ناسراو بە قوتانخانەی فرانکفۆرت. لە 11.09.1903 دا لە فڕنکفۆرت لەدایکبووە و لە 06.08.1969 دا لە سویسرا کۆچی دوایی کردووە. هەروەها (ماکس هۆرکهایمەر، فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی و ئەندامی چالاکی قوتانخانەی فرانکفۆرت. لە  14.02.1895 دا لە شتوتگارت لەدایکبووە و لە 07.07.1973 دا لە نیورنبێرگ کۆچی دوایی کردووە.
5(Franz Fanon: Die Verdammten dieser Erde, Rowohlt Taschenbuch Verlag GmbH, Hamburg Mai 1969.
فرانس فانۆن لە 20.07.1925 لە فۆرت دێفرانس لە مارتینیک لەدایک بووە، لە 06.12.1961 لە ماریلاند کۆچی دوایە کردووە. نووسەر و سیاسەتمەدار و دوکتۆری دەروونناس بووە. لە شۆڕشی جەزائیردا بەشداری کردووە و لە بەرەی شۆڕسەکەدا بەرەنگاری دژی کۆلۆنی فەرەنسی کردووە. چارەسەری گەلێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی ڕەشپێستەکەنی کردووە و تۆێژینەوەی لە بارەیانەوە بڵاوکردۆتەوە. فانۆن خۆی کەسێکی ڕەشپێست بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری ئازاری دەروونی ڕەشپێستەکان بووە.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×