"با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی دەکات"
  2020-08-01       327       
رامیار مەحمود

کاوە جەلال



"با ئەو ژیانە بژیت، ناوەوەت بانگی دەکات" هەڵبەستێکی ڕامیار مەحمودە لە دیوانەکەیدا بە ناونیشانی "لەشی ئێمە، کاتژمێری زەمەنە" - داواکارییەک کە بەڕێوە و پشتکردووە داوالێکراو دەربڕراوە.


ئەوە یاخیبوونی ڕامیار مەحمودە لە پێوارە چەقبەستووەکان، کە مەبەستمەندانە بۆ هەمووان پێناسەکراون و بێپشوو لەنێو چەنەبازیی ڕۆژانە و سەرقاڵییە بێهۆشەکاندا، وەک چواندووی نەشیاوی خۆلێلادان، جەختیان لێدەکرێت. سەرەڕای ئەوە لەنێو جیهانێکی ئەوها بێچەندوچوون پێناسەکراودا کەس ئاگای لە کەس نییە، بەڵکو پەرتەوازەیی جێی پەیوەندیی گرتۆتەوە، ئەوجا گەرچی ئەستەمە کەس بتوانێت بانگی کەسی دی بکات، کەچی کەس ناوێرێت دیدی داخواز-ی خۆی لە ئەوانیدی وەربگێڕێت، نەخێر، تەنانەت هانایان بۆ دەبات بەبێ ئەوەی دەنگی هانابردووی ببیسترێت. لێ ئایا کێشەی ئەم مرۆڤە چییە؟ کێشەکەی ئەوەیە کە ئەو ناوێرێت دەستێکی ڕێزمەند بەسەری خۆیدا بهێنێت، ئەو لە خۆی دەترسێت، ئەوجا هەر ئەوەندەی بۆ خۆی دیار بدات، بۆ خودی خۆی ببێت بە کێشە، ئیدی یەکسەر لە خۆی دەتۆقێت و هاوار دەکات: "تو خوا دەورم چۆڵ مەکەن!". مرۆڤسەنتەرییانە بڕوانین، ئەو دا-ما-وە ناتوانێت و ناوێرێت ببینێت کە هەرچییەکی نێو ژینگەکەی بێت و بڕوات، چێببێت و نەمێنێت، لە ئەوێک جیانابێتەوە کە مرۆڤە - مرۆڤ وەک لەوێبوویەکی موئاناتاوی، هەر ئەویشە کە لە جیهاندا بە ئیدیۆلۆژییەکان، بە ئاینەکان یان بە "شیعری ئاگرین ی خۆبەختکردن" فریودەدرێت، فریوخواردووش هەر ئەو خۆیەتی "وەک مرۆڤ" - لێ ئەو خۆی ناناسێت.

هەڵبەستڤان ئێستا لەم دۆخەدا بەرۆکی دا-ما-وانی نێو جەجاڵی فریودان-فریوخوارن دەگرێت:

با ئەو ژیانە بژیت،
ناوەوەت بانگی ئەکات
ئەگەرنا،
هەموو ئەڵتەرناتیڤەکان
خراپترن لەوەی تۆ ئەتەوێت.

کەواتە گەر مرۆڤ لەگەڵ خۆی ڕاستگۆ بێت، دەکەوێتە بەردەم پرسیاری بوێری بۆ بیستن و بەهەندوەرگرتنی خواستە ناخەکییەکانی. ئاخر ئەو هەروەها ژیانێکی دیکەی خوازراویشی هەیە، کە دەبێت ڕووی تێبکات گەر بییەوێت لەتەک خۆیدا ئاشتبێتەوە. لێ هەڵبەستڤان پتر لەمەش دەڕوات و گەڤ دەکات: کێ گوێ لە خواستە ناخەکییەکانی نەگرێت، ئەوا دەست بۆ هەر چارەسەرێک بەرێت، ئەو بەناو چارەسەرە بەدتر دەکەوێتەوە لەوەی کە ئەو دەیخوازێت، چونکە بەترسەوە هانای بۆ بردووە، چونکە وا دەزانێت چڵەدارێکە کە ڕەنگە لەنێو جیهانی پێوارەیی ڕاپێچکەردا فریای بکەوێت و لەنێو ڕۆچوونەوە بیهێنێت بۆ کەنارێک، کە ئیدی لەوێ بۆ دوا جار پشوویەک بدات – بێگومان بە پێش چاوی ئەوانیدییەوە کە سەری ڕەزامەندیی بۆ دەلەقێنن!!

ڕامیار مەحمود بێداردەکاتەوە - بۆ بەرپرسیاری، لێ ئەم بێدارکردنەوەیە خۆتەرخانکردن نییە بۆ ئەنگاژمۆ (ئیلتیزام)، چونکە هەوڵی بەم چەشنە سەرلەنوێ بەشداریکردنە لە جیهانی مرۆڤ ڕاپێچکەردا – جیهانی درۆ گەورەکان. ئاخر گەر کەس ئاگای لە کەس نەمابێت، ئیدی ئایا داواکاریی بۆ هەڵوێستی نێویەکی چە واتایەک دەگەیەنێت؟ نەخێر، باشترین چارەسەر "پشتتێکردن"ە، کەواتە: "بەردان" کرۆکی یاخیبوونەکەی ئەوی هەڵبەستڤانە، داواکارییەکەشی لەو کاتەدا ڕادەگەیەنێت کە ئەو پشتی لە هەمووان کردووە:

بڕیارمداوە،
لە چۆڵەوانییەکدا جێتانبهێڵم و
ناچارتان بکەم بیر بکەنەوە.

لە چۆڵەوانیدا هیچ ئاڕاستەیەک دیار نییە. بەتەنیاجێهێڵراو خۆی ئێستا پنتێکی نێوەندییە و ناچارە بهزرێت. ئاخر ئەو ئێستا تەنیایە، تازە چیدی ئاڕاستەی جیهانبینیانەی پێشین بەهانەیەوە نایەت. لێ ئەوە فەیلەسوف نییە کە لە بزربووندا دەستی ئەوی تەنیای نێو جیهان دەگرێت. نەخێر، نەک هزر، بەڵکو هونەر وەک ئەفراندن بەهای کرۆکیانەی ژیان-بەخشی خۆی لەو چۆڵەوانییەدا پێشان دەدات:

ئێمە لە سەردەمێکدا ئەژین، ناتوانین بیر بکەینەوە،
ئەگەر شاعیر نەبین؛

کەواتە هونەر لای ڕامیار مەحمود دەچێتە سەرووی فەلسەفەوە، بەڵێ ئەوە هونەرە کە هۆش ناسکدەکاتەوە و بەوەش توانستی بۆ فێربوونی هزرین پێدەدات. بێگومان هەڵبەستڤانی / مرۆڤی ڕاچەنیوی نێو جیهان لە دوێنێوە هاتووە، بۆیە بەناچاری گەلێک شت هەن کە لەتەک کامڵبوونی تەمەندا سەریانهەڵداوە و لەنێو ناخدا بەبێ شیمانەی دەربڕین دەمێننەوە – هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە هونەر دەبێت بە پێداویستییە سەرەکییەکە، چونکە تەنیا لێرە هۆشی بزواو بەڕوونی و ناسکی بەئاگادێت لە شیمانە و ناشیمانەی هەر گوزارشتێک– باشتر وەک لە فەلسەفەدا.

لێ ئایا نەبوونی شیمانەی دەربڕین مایەی غەمگینییە؟ ئایا گەرەکە ئەوها بێت؟ نەخێر. غەمگینی هیچ پێویست نییە، بە پێچەوانەوە، لەبریی ئەوە:

هەندێک جار باوەشێنێکی شاد پێویستە،


هەروەک ببێژین: "مەساکێ! هێوربەرەوە و باوەشێنێکی خۆت بکە!". باوەشێنکردنێکی شاد، کە بەبێ گومان پڕجۆش نییە، پێدەچێت دوای ماڵئاوایی سەرجەم شادیی پڕ جۆش و خرۆش ئەمیان وەک دڵ-نەوایی بمێنێتەوە، بە پێچەوانەی خۆویستیی ملداوەبەری نێو جیهانی پێناسەکراو. ئەوجا گەر مرۆڤ بتوانێت باوەشێنی خۆی بکات، هیندەش لەوە بەئاگایە کە بکەوێتە ڕێ، هاوشێوەی هەڵبەستڤان کە بۆ خۆی بەڕێوەیە و لەتەک ئەوان / خوێنەر-"ەوان"ی دەدوێت، بەبێ ئەوەی داوای گۆڕینی جیهان بکات. نەخێر. لە بێکاریدا خۆسەرقاڵکردن خۆشترین ڕەوشە، دانەنیشتن دژبەری تەمەڵییە، لێ گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ لەم سەرقاڵییەشدا بەڕێوە بێت. بەڕێوەبوون بۆ ڕامیار مەحمود بریتییە لە شۆڕش کە تاکەکەس دەتوانێت لەنێو جیهانێکی داخراودا بیگێڕێت.

بەڵێ، چیدی پرسیارەکە بێدارکردنەوەی کەسان بۆ خەبات نییە، چیدی هەڵبەستڤان ئەرکی خۆی لەوەدا نابینێت ئیلتیزام بکات تاکو "ئەوان" بۆ خەبات جۆش بدات و خۆیان پڕ هەست و سۆز لە پێناوی هەر مەسەلەیەکی بەناو پڕبەهادا بەخت بکەن. ئاخر کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە بەڕێوەبوو ئێستا خۆی کەوتۆتە بەردەم ناچاریی گەڕان بەدووی هاوشێوەکانیدا: بێدارکەرەوان خۆیشیان پێویستیان بە بێدارکەرەوانە. لێ ئەم جۆرە مرۆڤانە بەڕێوەن، بە پێ، بە زمان (ی هونەر). وەکو دی ئاخافتن بێسوودە، چونکە لەنێو جیهانێکی بێهودەدایە کە شیرازەکانی لەبەریەک هەڵوەشاونەتەوە و تێیدا کەس گوێ لە کەس ناگرێت. ڕەنگە ئێستا لاڵبوون مانای هەبێت و بەڕێوەبوو ئاشکرای بکات. سەرەڕای ئەوە باشترە کە لاڵبوون دوا سنووری ئاخافتن نەبێت، بەڵکو وێستگەیەک بێت بەرەو بێدەنگی -متبوون لەنێو خامۆشیی نەبڕاوەدا. ئەمە دوا هەڵوێستی یاخییە کە ڕامیار مەحمود پۆلێمیکئاسا بەرەنگاری ئاخافتنی دروشمیانەی ڕۆژانەی دەکاتەوە و ناوی دەنێت

"... زەڕەزەڕی شۆڕش ..." و "وەڕەوەڕی ڕاپەرین".

لێ ئایا چی ڕوویداوە؟ بە روالەت شتێکی ئەوتۆ لەگۆڕێ نییە، لێ لە کرۆکدا شتێک قەوماوە: هەڵبەستڤان تووشی ناکامی هاتووە، چونکە "دڵ"ی شکاوە، لە ڕاستیشدا هیچ شتێک هێندەی دڵ-شکان ئەوها خێرا و پڕ لە ژان کۆتایی بە سەرجەم کاتەکانی هیوا و هەر گەشبینییەکی هۆریزۆنت ناهێنێت - کاتەکانی "دڵ-پڕ"ی، "دڵ-گەرم"ی. بەڵێ، ئێستا ساتەکانی سەقامگیری، "ئیستیقرار"ی شانازانە جەختلێکراو، لە دوێنێدا ڕۆنیشتوون. هەنووکە بەڕێوەبوون گونجاوترین وەڵامە بۆ فریودان و لاوانەوەی دەروون، بەڕێوەبووش دڵ-شکاو-ێکە کە گومانی تێدا نییە دڵی شکاوی لێ دەدات، "دەگوزەرێت"، وەلێ چیدی گەرمی بە لەش نادات، ئاخر دڵی شکاو سڕە، بەڵێ ڕەنگە بتوانین ببێژین: پەمپێکی پینەکراوە و کەسی / هەڵبەستڤانی بەڕێکەوتوو لە ژیاندا دەهێڵێتەوە.

لێ گەرەکە لە پرسێک بەئاگابین: ئەو هێشتا هەر دەستبەرداری خۆی نابێت. ڕەنگە بۆ یەکەم جار ئەوها گەش بۆ خۆی دیاریدابێت. ئاخر هەردەم "باوەشێنێک"ی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×