2020-08-02   496     
بۆ یەکەمجار لەدوای بڵابوونەوەى کۆرۆنا لە دهۆک، ئەمڕۆ دوو توشبووی نەخۆشییەکە لە قەزای ئاکرێ گیانیان لەدەستدا، هەردوو توشبووەکە لە ڕەگەزی نێرن و تەمەنیان 60 و 66 ساڵە.
ئاوێنه: ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی ئابی 2020، تەندروستی دهۆک ئاشکرایکرد، ئەو دوو کەسە دوێنێ سەردانی نەخۆشخانەی گوڵانیان کردووە لە ئاکرێ بەهۆی ئەوەی نیشانەی کۆرۆنایان هەبووە و دواتر دەرکەوتووە نەخۆشییەکەیان گرتووە.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لە دهۆک، ئەو دوو حاڵەتە حاڵەتی گیانلەدەستدانن کە لە پارێزگاکە دەستنیشان کرابن، لەئێستادا، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، 581 کەس لە پارێزگاکە توشی کۆرۆنا بوون، کە 362 تووشبوو چاکبوونەتەوە و دوو تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، تائێستا 14 هەزار و 134 توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون کە نۆ هەزار و 177 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 553 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.