رێباز حەملان: حكومەت ئێستا 350 ملیۆن دۆلاری لەبەردەستدایە كە بەشی موچە ناكا
  2020-08-12       1386       

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: لە ئێستادا حكومەت 350 ملیۆن دۆلاری لەبەردەستدایە كە بەشی موچەی موچەخۆران ناكات و حكومەتی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە كە مانگانە 300 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت كە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم سودی نابێت ئەگەر زیادی نەكەن.

ئاوێنە: رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە كەناڵی "كوردستان24"ی راگەیاند: ئەم حكومەتە هی هەر سێ لایەنە سەرەكییەكەی پێكهێنەری حكومەتە، دەبێت هەمویان پشتیوانی ئەم حكومەتە بكەن بۆ ئەوەی مافی موچەخۆران دابین بكات، ئەمە بە موزایەدەی سیاسی ناكرێت.

ئاشكراشیكرد"ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا 350 ملیۆن دۆلارمان لەداهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەبەردەستە، بەڵام بەمە موچە نادرێت، موچە پێویستی بە 755 ملیۆن دۆلار هەیە، بۆیە پێویستمان بەوەیە، بەغدا ئەو بەشەی كە بۆمان دیاری دەكات بنێرێت و هەروەها بەشێكی تریش قەرزبكەین بۆئەوەی بتوانین تەواوی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدەین."

بەپێی قسەی رێباز حەملان، "ئەوەی هەیە تا ئێستا حكومەتی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە كە ئەوەش قسەیەو نەبوە بە كردار، ئەویش ئەوەیە كە تەنیا 300 ملیار دینار مانگانە بنێرێت و ئێمەش كە ئامادەییمان دەربڕیوە نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بدەینە بەغدا، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بۆ ئێمە سودی نابێت، ئەگەر زیادی نەكەن."

هەروەها وتیشی"بۆیە ئێمە قسەكەمان ئەوەیە ئەو بڕەمان بۆ زیاتر بكەن بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ ئەو بەشەی كە دەمێنێتەوە لە داهاتی ناوخۆ و لەگەڵ داهاتی نەوت موچەی موچەخۆرانی پێ دابین بكەین."  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×