بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رانیە: لەبارێکی زۆر ناهەموارداین و نەخۆشانی کۆرۆنا رودەکەنە کلینیکە تایبەتیەکان
  2020-08-15       657       
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی شاری رانیە رایگەیاند، رێژەی توشبوان لە دەڤەری راپەڕین گەیشتوەتە لوتکە و رۆژبەڕۆژ لە زیادبوندایە، خزمەتگوزاری تەندروستیش لەم سنورەدا لە بارێکی "زۆر ناهەموار و ناگونجاودایە"، بۆیە نەخۆشانی کۆرۆنا بۆ وەرگرتنی چارەسەر بە ناچاری رو لە نۆرینگە تایبەتیەکان دەکەن.

ئاوێنه‌: دکتۆرعەلی سوارە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی شاری رانیە بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، "لەکاتێکدا حکومەتی ناوەندی گەمەیەکی سیاسی قێزەون لەگەڵ هەرێمدا دەکات زۆربەی پزیشکان بەهۆی نەدانی موچەکانیان بایکۆتی دەوامیان کردوە، شایستە داراییەکانی خەڵک و قوتی خەڵک بڕدراوە، پزیشک و کارمەندانی پزیشکی لە ماوەی 8 مانگدا موچەیەک و 3 ڕوبعە موچەیان وەرگرتوە، رۆژانەش روبەڕوی مانگرتنی پزیشکان دەبینەوە وەک پژیشکانی پلە بەند و خولاو و پزیشکە دێرینەکان کە نۆرینگەی تایبەتیشیان نیە، بۆیەش خزمەتگوزاریەکان لە زۆربەی بنکە و مەڵبەندەکانی تەندروستی ڕاگیراون و روبەڕوی گرفتی زۆر بوینەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، رێژەی توشبوان لە دەڤەری راپەڕین گەیشتوەتە لوتکە و رۆژبەڕۆژ لە زیادبوندایە، خزمەتگوزاری تەندروستیش لەم سنورەدا لە بارێکی زۆر ناهەموار و ناگونجاودایە، بۆیە نەخۆشانی کۆرۆنا بۆ وەرگرتنی چارەسەر بە ناچاری رو لە نۆرینگە تایبەتیەکان دەکەن لەکاتێکدا باری ئابوری و دارایی خەڵک لەم دۆخەی ئێستادا باش نیە.

لەبارەی گیانلەدەستدانی هونەر رەسوڵ، پەیامنێری گەلی کوردستان کە هەفتەی رابردو لە خۆپیشاندانەکان گیانلەدەستدا، "هونەر رەسوڵ بۆ رۆماڵکردنی خۆپیشاندانەکان لەوێ ئامادەبوە و لە نێو قەرەباڵغی خۆپیشاندەراندا توشی کۆلاپس بوە گەیەنراوەتە فریاگوزاری رانیە، بەڵام بەر لە گەیشتنی گیانیلەدەستدا بو دوای رەوانەکردنی بۆ پزیشکی دادی سلێمانیش پشتڕاستکرایەوە بە جەڵتەی دڵ گیانی لە دەستداوە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رانیە باسی لەوەشکرد، "لە دەڤەری راپەڕین کەرتی تایبەتمان نیە و تەنها یەک نەخۆشخانەی تایبەتمان هەیە کە نەشتەرگەری تێدا دەکرێت، هیچ نەخۆشێکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تایبەتی نەخەوێنراوە لەم دەڤەرە".

ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە دو بنکەی نەخۆشیە گوازراوەکانمان هەیە کە نەخۆشانی کۆرۆنا لەخۆدەگرن، بنکەیەکیان لە شاری ڕانیە و ئەوی تریان لە قەڵادزەیە، نزیکەی 200 نەخۆش لەم بنکە چارەسەریان بۆ دەکرێت".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 20 هەزار و دو كەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بون، لەو ژمارەیەش 11 هەزار و 28 نەخۆش چاكبونەتەوە و 712 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×