2020-09-16   728     
حكومەتی عێراق میكانیزمێكی نوێ بۆ كۆتایی هێنان بە فەرمانبەرانی بندیوار دادەنێت، وتەبێژی سەرۆك وەزیرانیش رایدەگەیەنێت: لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی جیاكردنەوەی فەرمانبەرانی راستەقینە لە بندیوارەكان كراوە.
ئاوێنە: ئەحمەد مەلا تەڵاڵ وتەبێژی سەرۆكی حكومەتی عێراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاشكراكردو رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دانانی میكانیزمێكی نوێ كراوە بۆ كۆتایی هێنان بە دیاردەی بندیوارەكان.
وتیشی:” ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی چۆنیەتی دڵنیابوون لە فەرمانبەران و ژمارەی راستەقینەیان كردووە، بۆئەوەی لە بندیوارەكان جیابكرێنەوە، ئەمەش هەنگاوی یەكەم دەبێت بۆ نەهێشتنی دیاردەی بندیواری.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ ئاماژەی بەوەشكرد، مستەفا كازمی لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ پێكهێنانی تیمێكی تایبەت كە میكانیزمێكی نوێ پێشكەش بكەن بۆ تەواوكردنی داتاكانی فەرمانبەرانی دەوڵەت و چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی بوونەتە هۆی جیانەكردنەوەی فەرمانبەرانی راستەقینە لە بندیوارەكان.