2020-09-28   773     
حکومەتی ئەمریکا پلانی داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا بە بەرپرسە عێراقییەکان راگەیاندووە.
ئاوێنه: رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بڵاویکردووەتەوە، شەوی شەممە، 26ی ئەم مانگە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پلانی وڵاتەکەی بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی بەغدا بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاندووە.
میدیا ئەمریکییەکە نووسیویەتی، هێشتا دیارنییە ئیدارەی ترەمپ واژۆی لەسەر بڕیاری کشاندنەوەی باڵیۆزخانەکە کردبێت، هەروەها دیاریش نییە چ شتێك ئەگەری هەیە وا لە ترەمپ بکات بڕیارەکە هەڵپەسێرێت، بەڵام ئەگەر کۆشکی سپی بڕیارەکە جێبەجێ بکات، ئەوا داخستنی باڵیۆزخانەکە لەماوەی 90 رۆژدا ئەنجامدەدرێت.
لەدوو رۆژی رابردوودا، واشنتن هۆشداری دایە بەغدا لە ئەگەری سنووردارنەکردن و کۆتایینەهێنان بە هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەوا ئیدارەی ترەمپ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دادەخات، هەنگاوێکە هەندێ شیکاری سیاسی بە ئەگەری دەستپێکی شەڕی ئەمریکا دژ بەو گرووپانە تەماشای دەکەن.