یەكێك لەو دو هاوڵاتییە كوردەی كە لەلایەن سوپای توركیا لەهەلیكۆپتەرەوە فڕێدرانە خوارەوە گیانی سپارد
  2020-09-30       1668       

یەكێك لەو دو هاوڵاتییە كوردەی كە نزیكەی سێ هەفتە لەمەوبەر لەلایەن سوپای توركیاوە، دوای دەستگیركردنیان، لە ناوچەیەكی باكوری كوردستان فڕێدرانە خوارەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە گیانی لەدەستداو تەرمەكەی بەخاكسپێردرا.

ئاوێنە: دو هاوڵاتی كورد بە ناوەکانی سەرڤەت تورگوت و عوسمان شیبان لە ١١ی ئەم مانگە لە ناوچەی "شاخێ"ی سەربە شاری وان لە باكوری كوردستان دەستگیر کرابون و دوای دو رۆژ لە دیارنەمانیان، لە نەخۆشخانە بینرانەوە، دواتر بە پشتبەستن بە راپۆرتی نەخۆشخانە، ئاشکرا بو کە تورگوت و شیبان لە هەلیکۆپتەرەوە خراونەتە خوارەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فوڕات، سەروەت تورگوتی ٥٥ ساڵان و باوکی ٧ منداڵ، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە بە هۆی سەختی برینەکانیەوە، گیانی سپارد و خانەوادەکەی، تەرمی ناوبراویان لە ناوەندی پزیشکیی دورسون ئۆداباشیی زانکۆی سەدە لە شاری وان وەرگرت. 

هاوکات بۆ وەرگرتنی تەرمی سەروەت تورگوت، هەر یەک لە نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و بەڕێوەبەرانی رێکخستنەکانی هەدەپە و مستەفا ئاڤجی هاوسەرۆکی شارەوانی وان کە دور خراوەتەوە و قەیوم لە پۆستەکەی جێگیر کراوە و چەندین هاوڵاتی تر لەگەڵ خانەوادەی تورگوت لە بەردەم نەخۆشخانە گردبونەوە.

دوای وەرگرتنەوەی، تەرمی ناوبراو بە کاروانێک بەرەو گۆڕستانی "یەنی مەحەلە"ی ناوچەی ئارتێمەتا بەڕێکرا، بەڵام هێزە ئەمنیەکان و پۆلیسی تورکیا، رێگەیان بە هاتوچۆی ناو گۆڕستانەکە نەداو تەنها رێگە بە کەسانی نزیک لە خانەوادەی سەروەت تورگوت درا کە بچنە ناو گۆڕستانەکەوە.

تەرمی سەروەت تورگوت دوای بەجێگەیاندنی ئەرکە ئایینیەکان بەخاک سپێردرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×