ئامێرێکی نوێ لە نەخۆشخانەی عەلی ناجی کاری پێدەکرێت
  2020-10-17       1371       


بۆزیاتر دڵنیابون لەبونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرگری لەشی هاووڵاتیان لەناو نەخۆشخانەی علی ناجی ئامێرێکی نوێ کاری پێدەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکەی دەردەچێت.

ئاوێنە - زریان محەمەد: سەروەت ساڵح، تەکنیکاری تاقیگە و سەرپەرشتیاری ئامێری ڤایدس لەنەخۆشخانەی علی ناجی تایبەت بە کۆرۆنا بە ئاوێنەی ڕاگه‌یاند " لەئێستادا لەنەخۆشخانەی علی ناجی بەئامێری VIDAS لەڕێگەی وەرگرتنی خوێنەوە بەشێک لەپشکنینی کۆرۆنا ڤایرۆس ئەنجام دەدەین کە بونی ڤایرۆسەکە یان تێ پەڕاندنی ڤایرۆسەکە یان بەرگری لەشی کەسەکەمان بۆ دیاری دەکات".

وتیشی" هەموو هاوڵاتیەک دەتوانێت ئەو پشکنینەی بۆ بکرێت کاتێک لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە لە نەخۆشخانەی عەلی ناجی بۆی دەنوسرێت، وە ئامێرەکە لە زۆربەی ووڵاتانی پێشکەوتو بەکار دێت بۆ دەستنیشانکردنی IgG و IgM".

لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەووڵاتانی دراوسێ لەشاری سلێمانی نەخۆشخانەی عەلی ناجی تایبەتکرا بەپشکنین بۆ ئەو کەسانەی گومانی نەخۆشیەکەیان لێ دەکرێت لەئێستاشدا زۆرترین هاووڵاتی سەردانی دەکەن.

سەرخێڵ ئاراس، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەلی ناجی بە ئاوێنەی ڕاگەیاند "ڕۆژانە نەخۆشخانەکەمان پێشوازی لەو هاووڵاتیانە دەکات کە گومانیان لەخۆیان هەیە یان نیشانەکانی کۆرۆنایان هەیەلەڕێگەی سواب لە لوتەوە یان وەرگرتنی خوێن پشکنینیان بۆ دەکرێت".

ڕاشیگەیاند "لەئێستادا ئامێرێکی تایبەتمان هەیە لەڕێگەی خوێنەوە بەماوەیەکی کەم ئەوەمان پێدەڵێت کەسەکە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە یان کۆتای بە ڤایرۆسەکە هێناوە یان دەتوانێت پلازما ببەخشێت".

ئاماژەی بەوەشدا" لەئێستادا هاوڵاتیان زۆر ڕومان تێدەکەن بەهۆی ئەم ئامێرەوە وەئێمەش پشکنین بۆ زۆرترین هاووڵاتیان دەکەین تا دڵنیاببنەوە لەسەلامەتی و تەندروستیان".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەلی ناجی داوا لەهاووڵاتیان دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی ببن و دەمامک بەکار بهێنن و لەقەرەباڵغی خۆیان بەدوربگرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×