حەیدەر عەبادی: لەگەڵ رێككەوتنی شنگال نین
  2020-10-22       946       

حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ئیئتیلافی نەسر، رایگەیاند، لەگەڵ سیاسیەتی حكومەتی عێراقدا نین لە مامەڵەكردنی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان لەوانە رێككەوتنی شنگال.

ئاوێنە: بەپێی لاپەڕەی رەسمی ئیئتیلافی نەسر لەفەیسبوك، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق لە لێدوانێكدا رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە"لەگەڵ سیاسەتی حكومەتی ئێساتدا نین لە مامەڵەكردنیدا لەگەڵ دۆسییە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەوانە رێككەوتنی شنگال و پێمانوایە ئەو رێككەوتنە ناڕونی و سازشی تێدایە، ئەمەش نابێتە مایەی دامەزراندین پەیوەندی رون و پتەو و كێشەكەش چارەسەر ناكات."

لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"نابێت ئەم قسەیەم وا لێكبدرێتەوە كە توندم بەرامبەر بە كورد، نەخێر، من لەگەڵ چارەسەری دەستوریی دادپەروەردام بۆ مسۆگەركردنی پێكەوەژیان و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموان. من دوژمنی كورد نیم، لەگەڵ گەلی كورد و خەباتە مێژوییەكەی و داخوازییە رەواكانیدام، من تەنیا داواو ئەركی دەستوری خۆم بەجێهێنا لە پاراستنی یەكێتی و سەروەری دەوڵەت و بەدیهێنانی دادپەروەری و یەكسانی بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی دەوڵەت بە جیاوازییە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكانیانەوە."

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا سەبارەت بە پەنابردنی حكومەتەكەی مستەفا كازمی بۆ قەرزكردن، وتویەتی"قەرزكردن، پارێزراوترین چارەسەر نییە، بەڵكو سیاسەتێكی كارەساتبارە كە بەرەو داڕوخانی دارایی ملدەنێت."

هەروەها وتوشیەتی"حكومەتەكەی كازمی لەبەردەم چەند ئاڵنگارییەكی ئابوری جەوهەریدایە، دەبێت خەرجی رێكبخاتەوەو بەهەدەردان نەهێڵێت و داهاتەكان زیادبكات و بڕیاری ئابوری ئازاردەرو ئازایانە دەربكات، ئەگەرنا ناتوانرێت كاریگەرییەكانی ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت."

هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش رایگەیاندوە، ئێمە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەمان كردبو لەپێناو دەرچونمان لە قوڕگی قەیرانەكەو دەستبەركردنی هێنانەدی هاوكێشەیەكی حوكمڕانی نوێ ك بتوانێت روبەڕوی قەیران ببێتەوە. بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نایەت، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەر دۆخدا قبوڵ بكەین، بەبێ چەند مەرجێك كە سەلامەتی و پاكی و دادپەروەری هەڵبژاردن مسۆگەر بكەن، هەڵبژاردنەكە سەرەنجامێكی خراپی بۆ دەوڵەت دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×