نوێترین زانیاری له‌سه‌ر دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 10 ئاشکرا کرا
  2020-10-28       1211       
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی سێ وه‌زاره‌تی مانگی 10ی ئه‌مساڵی ئاماده‌كردووه‌ و له‌ ئێستاشدا سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كانیه‌تی بۆ دابینكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی تر.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگه‌یاندووه‌: لە ئێستادا مووچەی تەنیا سێ وەزارەت ئامادەیە و حکومەت سەرقاڵی کۆکردنەوەی داهاتەکانییەتی بۆ دابەشکردنی مووچە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر هەیە لێبڕینی مووچەی ئەم مانگە لە 10% یان کەمتربێت، بەڵام لەبەر ئەوەی داهاتی بەردەم حکومەت روون نییە، بۆیە بڕیاری کۆتایی نەدراوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم لە مانگی تشرینی یەکەمدان و بە درێژایی ئەمساڵیش تەنها مووچەی مانگەکانی یه‌ك و دوو و سێ و نۆیان وەرگرتووە.

سەرەڕای ئەوەی مووچەی مانگی شوبات و ئازار بە لێبڕینی ٪21ەوە دابەشکراون و مووچەی مانگی ئەیلولیش بە لێبڕینی ٪18ەوە، مووچەی هەریەک لە مانگەکانی چوار و پێنج و شه‌ش و حه‌وت و هه‌شت دابەشنەکران و حکومەتی هەرێمیش رایگەیاند، بۆ هاوتاکردنەوە لەگەڵ بەغدا لەبری مووچەی مانگی چوار مووچەی مانگی نۆ دابەشدەکەن و مووچەکانی دیکە پاشەکەوت دەکرێت، ئەوە جگە لەوەی حکومەت لە وادەی خۆی و بە 30 رۆژ جارێک مووچە دابەشناکات.


سەرچاوە: NRT
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×