کەمتەرخەميی مێژوو لەئاست قوربانیيەکانيدا، "فاتەڕەش" بەنمونە
  2020-11-30       2922       


نوسین و ئامادەکردنی: مانو بەرزنجی و جوان عومەر ئەحمەد
پێداچونەوەی: ڕێبوار حەمە تۆفیق


بە درێژایی مێژوو لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا هەزاران جار گوێبیستی ناو و پێداهەڵدانی جۆراوجۆری ژنانی بوێر و سەرکردەی ئازا بوین. ژنی داهێنەر، جەنگاوەرى وه‌ها کە لە هەموو نەهامەتيیەکانی میلەتەکەيدا شان بە شان و (هەندێ جاریش زیاتر لە پیاوان) بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیانيان له‌ شان ناوه‌‌ و لە پاڵ دایکایەتی و بەڕێوەبردنی خێزاندا، ئەرکی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان و سەرکردایەتی گەورەیان لە ئەستۆ گرتووە. هەر لە نووسین و ئەدەب و چالاكى ڕۆشنبيرييه‌وه‌ تا دەگاتە جەنگ و... جێدەستيان ديار بووه‌، به‌ڵام مەخابن زۆریان بە ونی ماونەتەوە، یاخود بە جۆرێک له‌ جۆره‌كان کار لەسەر سڕینەوە و ونکردنیان کراوە!؟
چەندین ناوی دیاری ژنانی کورد هەن کە نەوەیەک بە شانازيیەوە بۆ نەوەی دوای خۆی دەيگێڕیتەوە. کێ لە ئێمە چیرۆکی خانزادی میری سۆران، عادیلە خانم، حەپسەخانی نەقیب و چەندین ژنی پێشەنگی تری نەبیستووە؟ گەر بە وردی چاوێک بە هەموو ئەو سەرچاوانەی گەڕیدە بێگانانه‌ندا بگێرین كه‌ لەسەر بارودۆخی ڕامیاری، دۆز و مێژووی کورديان نووسيوه‌ و سەردانی كوردستانیان کردووە، بە ڕوونی ئه‌وه‌ دەبینین كه‌ چۆن ژنی کورد بووه‌ته‌ جێگای سەرەنجيان و سه‌دان سەرچاوەی گرنگ و دیار هەن كه‌ ئاماژە بە ئازایی و بوێری و سەرکردەيى ژنی کورد دەکەن كه‌ سەرباری بوونی ئەو هەموو ململانێ و بەربەستە ڕامیاری و کەلتوری و ئاینیيانەی كه‌ لە بەردەم ژناندا هەبووه‌، به‌ڵام هيچ يه‌ك له‌مانه‌ ڕێگر نه‌بوون له‌وه‌ى كه‌ ناوى ئه‌م ژنانه‌ بۆ هه‌تاهه‌تايه‌ له‌ مێژوودا به‌ نه‌مرى بمێننه‌وه‌. لێره‌دا چه‌ند نموونه‌يه‌ك له‌و ژنانه‌ وه‌ك نموونه‌ى خه‌روارێك ده‌هێنينه‌وه‌:
١- دەوڵەت خانمی لوڕستانی: 
دەوڵەت خانم هاوسەری عیزەدین محەمەدی لوڕستانی بووه‌. پاش كۆچىدوايى هاوسەرەکەی له‌ ساڵی ٧١٦ كۆچى دەسەڵاتی ناوچەکەی گرتووه‌تە دەست و بۆ ماوەیەک سەرکردایەتی وڵاتی کردووه‌ و دواتر بە هۆی دژایەتیکردنیيەوە لە لایەن چەن هۆز و تیرەیەکی ناوچەکەوە، ناچار کراوه‌ بەرپرسیاریەتیيەکەی ڕادەستی براکەی بکات بە ناوی عیزەدین حسێنه‌وه‌.(١)
٢- حەیران خانم:
حەیران کچی کەریم خانی دەبنلیيه‌. لە شاری نەخجوانی وڵاتی قەوقازی ئێستا چاوی بە ژيان هەڵێناوە، یەکێک بووە لە خانمە ڕۆشنبیر و هۆزانەوانانه‌ى کورد کە هۆنراوەکانی بە زمای فارسی نوسیوە، نمونەیەک لە هۆنراوەی حەیران خانم:
میان جملە مهرویان ئوی سردفتر خوبان
رخت جون کوی خورباسد، بودزلف کجت جوکان
جمال تو بود کلشن، کلشن خوبی
 خوبی، خوبی یوسف جە یوسف یوسف کەنعان
دوچشم مست توضالم، جە ضالم، ضالم کافر
چە کافر، کافر ڕهزن، جە ڕهزن، ڕهزن ایمان(٢)

٣- سری خانم:
ساڵی (١٨١٤زاينى به‌رانبه‌ر به‌ ١٢٣٠ كۆچى) له‌ دیار بەکر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. یەکێک بووه‌ لەو ژنە شاعیرە بە ناوبانگ و بە سەلیقانه‌ى کورد کە هۆنراوەکانی بە هەردوو زمانی فارسی و تورکی بوون.(٣)
٤- شا خاتون:
ژنێكى بوێر و سەرکردەى بەتوانا بووه‌ له‌ بەدلیس کە پاش کۆچی هاوسەرەکەی (شەمسەدین حاکمی بەدلیس) حوکمی ناوچەکەی گرتووه‌ته‌ دەست. وەک لە (شەرەفنامە)دا ئاماژەی بۆ كراوە، شاخاتون ڕۆلێکی ئێجگار گرنگی لە بەڕێوەبردنی کارەکانی دەوڵەتدا بینیوە هەتا ئەوکاتەی کوڕەکەی (ئەمیر ئیبراهیم) گەورە دەبێت و دەسەڵاتەکانی خۆی ڕادەستی ئەو دەکات.
٥- شەهدە دینەوەری:
بە شانازی ژنان(فخر النساء) ناو براوه‌. لە شاری بەغداد لە دایک بووە و یەکێک لووه‌ له‌و ژنە ڕۆشنبیر و خاوەن هەڵوێست و پێنوس دیارانه‌ى سەردەمەكه‌ى. نووسەرانی دیاری وەک: ئەبی خەتاب ناسر، نەعابی و تەڵحە بن محەمەد گه‌واهى لەسەر زیرەکی تواناکانی ئەم خانمە دەدەن. شەهدە خانم لە ٥٧٤ كۆچيدا کۆچی دوایی کردووە.
٦- مەستورە خانمی ئەردەڵانى:
مە‌ستورە‌ی ئە‌ر‌دە‌ڵان، کە ناوى تەواوى (ماھ شە‌رە‌ف خانم حەسەن محەمەد) شاعیر و مێژونوسی کورد، لە ساڵى ١٨٠٣ لە شارى سنە لە بنەماڵەی قادرییەکان لە دایکبووە، باوکی مەستورە لە‌ پیاوە‌ رە‌سە‌نە‌کانی شارى سنە‌ بووە‌ و هەوڵیداوە کچەکەى بخوێنێت هەر بە هاوکاری باوکىەوە شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی کوردی و فارسیدا په‌یدا کردووه‌.
نمونەیەکی تری ژنی زانا شاعير و نووسەر و مێژوونووس و سەرکردە بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵاندا، کە مێژوی دەسەڵاتی ئەردەڵانیيەکانی نوسیوەتەوە و شاعیر و سەرکردەیەکی دیار بووە بۆ میرنشینەکەی. لە ڕۆژى ٩/١٢/١٨٤٧ لە تەمەنى (٤٤) ساڵى لەشارى سلێمانى کۆچى دوایى کردووە و لە گردى سەیوان بەخاک سپێرراوە.
٧- مەیان خاتوون:
مەیان خاتوون لە ساڵی ١٨٧٤ لە شنگال لەدایک بووە. کچی عەبدی بەگی ئیزدیيە کە ماوەیەک میری ئێزدیان بووه‌. دایکی کچی میر جاسم بەگی خانەدانی ئێزديیانە. مەیا خاتون لەناو خێزانێکی خانەدانی ئێزدی لەدایک بووە. لە هه‌ژده‌ ساڵیدا لەگەڵ عەلی بەگ کە دواتر بوو بە میری ئیزدیيەکان، هاوسەرگیری کردووه‌. لە ساڵی ١٨٩٢ بۆ ١٨٩٣ مەیان خاتوون و عەلی بەگ ڕووبەڕووی هێرشی عوسمانيیەکان بوونەوە و لایەن عومەر وەهبی پاشای عوسمانیيەکان دەستگیرکراون و داوایان لێ کراوه‌ كه‌ ئایینەکەیان بۆ‌ ئیسلام بگۆڕن.
جۆن گوست(نووسەری کتێبی کوردانی ئێزدی) لە کتێبەکەیدا باس لە کاراکتەری مەیان خاتوون و عەلی بەگ و ڕووداوەکانی ئەو کاتە دەکات و دەڵێت: لەگەڵ هەموو زۆرداری و چەوساندن و ئەشکەنجەیەکدا عەلی بەگ و مەیان خاتوون ڕازی نەبوون ئایینەکەیان بگۆڕن و بەو هۆیەوە بۆ باکوور ئەنادۆڵ دوورخراونه‌ته‌وە. پاش مەرگی هاوسەرەکەی دەسەڵاتی گرتە دەست بووە بە یەکەم میر ژنی کاریگەر و دیاری ئێزیدیيەکان، هەروەک مێژوونووس (سەدیق دەملوجی) دەنووسێت: ژنێکی بەهێز، کاریگەر، خاوەن پەیڤ و پەیامی کاریگەر لە ناو ئێزیديیەکاندا، دەسەڵاتێکی هێندە دیاری هەبووه،‌ وەک ئەوەی بڵێيت هیچ هیزێک نیيە بەرەنگاری بێتەوە.(٤)
ئه‌مانه‌ و سه‌دان ژنى تر نموونه‌ى ديارى کاریگەری ژنی کوردن كه‌ نه‌ك تەنها لە نووسین و هۆنراوە و سەرکردایەتی و جەنگاوەریدا به‌ناوبانگ بوون، بەڵکو لە بڵاوبونەوەی ئاینەکانيشدا پێشەوابوون و بە هەمان شێوە خاوەنی کەسایەتييه‌كی دیار بوون و لە هەریەک لە ئاینەکانی ئیسلام، کریستیان، یارسانی، ئێزیدی و جولەکەدا، نموونەی دیاريان (ئەسینات بارزانی)يه‌ کە لە سەدەی ١٧ زاینیدا ژیاوە(١٥٩٠-١٦٧٠) یەکەم بانگخوازی ژن بووە لە مێژووی جولەکەدا و کاریگەرى دیاری لەسەر ئاینی جولەکە و ژنانی کورديش هه‌بووه‌.(٥)
ژنە ئازاد و بەجەرگ، سەرکردە و چاونەترس (فاته‌ڕه‌ش) یەکێکی ترە لە ژنە ئازا و ونناوه‌كان لە مێژووی کورددا، ئەوەی لێرە مەبەستمانە هەڵدانەوەی مێژووی (فاته‌ڕه‌ش)ـە. ژنێک پڕ لە وزە چاونەترس سەرکردە و سەرکەش، ژنێک کە بە داخەوە ئێمەی کورد کەمترین زانیاریمان لەسەری هەیە، بگرە زۆرینەمان ڕەنگە هەر نەیناسین یاخود ناوێکی ئاوامان بەرگوێ نەکەوتبێت، ئەوەش لەبەر نەبوونی سەرچاوە و کەمی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم خاتوونەيه‌ کە هاوشێوه‌ى چه‌ندين ناوى تر بە هۆکاری جیاجیا و لە ژێر بیانوی پارچەپارچە بوونمان پاراوێز خراون.


فاتەڕەش یان فاتەنێر و گارە فاتم خاتوون (قەرەفاتم) کێیە؟
ئەوەی جێی پرسیارە و تا ئێستا وه‌ڵامه‌كه‌ى بە لێڵی ماوەتەوە ئەو پرسياره‌كه‌يه‌ كه‌ ئايا قەرەفاتم کێ بووە؟ ناوی دروستی ئەم کەڵە ژنە چی بووە؟ و کچی کێ بووە؟ لەڕیگەی گەڕان و سیرجە دیجیتاڵييه‌کانەوە ئەوەی بەردەست دەکەوێت تەواو مێژوویەکی جیاواز و خواستخوازی ئارتیکڵەکانە، کە هەرکەسە و بە خواستی خۆی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی بابەتێک یان دوانی شێواندووە، لێ ئەوەی گرنگ بووە بۆ ئێمە شتێک بدۆزینەوە سەبارەت بە (فاته‌ڕه‌شی) کوردان نەک (قەرەفاتمی) تورکانه‌، بەڵام کاتێک بەدووی وشەی (قەرەفاتم، Kara Fatma) دەگەرێيت بەدڵنیایەوە وێنە و مێژوو کەسێکت پێشان دەدەن کە تەواو جیاوازە و دوور و نزیک نە پەیوەندی بە فاته‌ڕه‌شی کوردانەوە هەیە نە بە مێژووی قارەمانێتی فاته‌ڕه‌شه‌وه‌، تەنیا هەوڵێکی فاشیستانەی تورکەکانە بۆ بزرکردنی ناوی (فاته‌ڕه‌ش)ی کوردان و شێواندنی بە ژنێکی تورک. ئەرکی ئێمە لێرەدا ئەوەیە ئەوەی دەستمان کەوتووە بە زمانە جیاوازەکان لەگەڵ تەواوی ئەو نووسینانەی لەسەر فاتە ڕه‌شی کوردان تۆمارکراون، لە دەمارگیری بخەینەڕوو.

فاتەڕەش(٦)
هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ ئەوەی سەرچاوەیەکی دروستمان دەستکەوێت سەبارەت بە فاتەڕەش، بەداخەوە هەموو هەوەڵەکانمان بێئاکام مايه‌وه‌و چەند جارێک زیاتر پەیوەندیمان کرد بە ئینستۆتی شاری (ماراش)(٨)ەوە، ئەويش هیچی لێ کەسک نەبوو. دوای ماوەیەک، وەڵامیان داینەوە و وتیان تەنها ئەوەندە زانیاریمان لەسەر فاته‌ڕه‌ش هەیە کە لە ماڵپەری ماراشدا نووسیومانە.(٩) لە ڕاستیدا زانیاريیەکانی ئەوانیش نەک جێگەی دڵخۆشی نەبوو، بەڵکو جێگەی دەستخۆشیش نەبوو، ئەوەی کەمێک دڵى خۆش کردین ماڵپەڕه‌ مێژووييه‌كانى بولگاریا بوو، بەتایبەت ماڵپەڕی گۆڤاری (liternet) كه‌ لەوێدا بەم شێوەیە فاته‌ڕه‌شی کوردان دەناسێنیت و دەڵیت: قەرەفاتیمە کێیە؟ فاته‌ڕه‌ش بە زمانی کوردی (Fata Reş) بە ئنگلیزی پێى دەڵێن (Black Fatima) ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئێمە ئه‌وه‌ بوو کە بە کوردی ئاماژە بۆ ناوه‌کەی دەکات و بە تیپی لاتینی دەنووسێت: فاته‌ڕه‌ش، کچی حاجی عوسمان بێ (بەگ)ـه‌ و ناوی دروستی فاته‌ڕه‌ش (Asiye)يه‌. هەرچەندە فاته‌ڕه‌ش لە فاتیمەوە هاتووە کورتکراوەتەوە بۆ فاتە، خۆ ئەگەر وەک ئەوان ئاماژە بەناوی ڕاسته‌قینەی دەکەن دوور نیيە (عایشە) نەبێت و کرابێت بە ئایشێ، چونکە لە نێو کورداندا عایشە هەر بە ئایشێ بانگ کراوە، جگەلەوە لە شوینی لەدایکبوونی لە گوندی  تۆکمەکلی هەر بە (گارا فاتم خاتوون) ناویان هێناوە نەک قەرە فاتم  ،هەروەها بۆ ڕۆژی لە دایکبوونیشی هەمان کێشەمان بۆ دروست دەبێت لە تەواوی سەرچاوەکاندا کەس گرنگی بە ساڵ و ڕۆژی لەدایکبوون و ناوی ڕاستینەی فاته‌ڕه‌ش ناكه‌ن و ئەوەی بەردەست دەکەوێت کە فاتەڕەش لە ساڵی ١٨٢٠ لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراش لە دایک بووە. زۆربەی ئەو تۆمارەنەی لەسەر فاتەڕەش نووسراوە نەیانتوانیوە بە دروستی تەمەنی دیاری بکەن و هەندێک بە ٤٠ ساڵ و هەندێک نزیک بە ٥٠ ساڵ تەمەنی فاتەڕەشیان خەمڵاندووە. بۆیە دەکرێت ساڵی ١٨٢٠ بە نزیکترین ساڵی لەدایکبوونی دەستنیشان بکەین.

وێنەی فاتەڕەش لەسەر دەفرێک کە بە زمانی فەرەنسی لەسەری نووسراوه‌
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا ناو و ساڵی لەدایکبوونی فاته‌ڕه‌ش لە هیچ شوێنکدا نەبینراوە و نەزانراوە ڕه‌نگه‌ لە بەڵگەنامەکانی ئیمپراتۆری عوسمانلیدا شتێكمان دەستمان کەوێت، ئەوەش کارێکی گران و قورسە. هەرچەندە چەند بەڵگەنامەیەکمان دەستکەوت کە ئاماژە بە فاته‌ڕه‌ش دەکه‌ن و بە ئەلفابێى ئارامی نووسراون و لەیەک دوو لەو کوردە تورکناسانەمان پرسیار کرد تا بۆمان بکەن بە کوردی، بە بیانووی جۆراوجۆرا کۆمەکیان نەکردين، بەڵام دەتوانین بە مەزندە و بە پێوەری ئەو ڕۆژنامە ئەوروپیانەی لەسەر فاته‌ڕه‌ش نووسیویانە لەگەڵ هەندێک لە گرافیک فۆتۆکانیدا بگەینە ئەو بڕوایەی کە فاته‌ڕه‌ش لەسەرەتاکانی سەدەی نۆزدا لە نێوان ١٨٠٠ بۆ ١٨٢٠ لە چیاکانی کوردستان لە شاری ماراشی باکووری کوردستان لە دایک بووە. ئەوەندەی ئێستا لەبەر دەستە دەیخه‌ینە بەر دیدی خوێنەر، ئەو ئەرکەی تر کە ماوە بە هیواین خوێندکارەکانی زانکۆ و کەسانی شارەزا شان بدەنە بەر ساغكردنه‌وه‌ى ئه‌م مێژووە دابڕاوەی کورد و بیگەڕێنەوە بۆ نەتەوەکەیان.
لە سەنتەری ئەدەبی (bernamegeh) دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش لە کوردانی باشوورە و لە شاری (ڕواندز) لە دایک بووە. پاشان هاتوونەتە چیاکانی ماراش. ڕەنگە ئەم بۆچوونەش دروست بێت. ئەگەر لە کاتی میر محەمەدی سۆرانەوە بە یاوەری ئەوان هاتبێتنە ماراش و لە کاتی سەردانی میر محەمەد (پاشا کۆرە) بۆ ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٨٣٧دا ئەوا فاتەڕەش تەمەنی تەنها حه‌ڤده ساڵان بووە، بەو پێەش بێت لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا و لە ساڵی ١٨٥٣دا بەشداری جەنگی کرایمی کردووە.


وێنەی یەکێك لە پیاوەکانی فاتەڕەش(٧)
فاته‌ڕه‌ش لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەوروپی و ئەمه‌ریکیيەکاندا ناوی هاتووە و ئاماژى بۆ كراوه، بەڵام لەلایەن کورد خۆيه‌وه‌ بۆ یەکەمجار کامەران بەدرخان لە پەرتووکی (Der Adler von Kurdistan) کە لەگەڵ نووسەری ئەڵمانی Herbert Ortel نووسیویانە(٨) ئاماژه‌يان به‌ ناوی فاته‌ڕه‌ش كردووه‌. لە دوای ئەویش محەمەد ئەمین زەکی بەگ لە پەرتووکی (مشاهیر الکراد و کوردستان) لە بەرگی دوویدا (شهیرات النساء) لەلاپەرە ٤٧١ بە دنیایەک هەڵەوە ئاماژه‌ى بۆ كردووه‌. ئەوەش بە ڕاستی لە پەرتووکێکی مێژووی وەها بەپێزدا کارەساتە، جگە لەوانە هەندێک لە نووسەرە کوردەکان هەروا به‌ سەرپێی ناویان هێناوە، به‌ڵام بەبێ هیچ بنەمایەک و سەرچاوەیەکی دروست.
 ١٦٧ ساڵ بەر لە ئێستا ژنێکی کورد بەشداری جەنگێکی خوێناوی کردووە جێگەی داخە لەنێو کورداندا نووسینەوە و تۆمارکردنی ڕووداوەکان بوونی نەبووە و نەنووسراوەتەوە، هەربۆیە ساغکردنەوە و گەیشتن بە زانیاری دروست کارەکەمان زۆر قورستر دەکات. ئێمە خۆمان مێژووی خۆمان تۆمارە نەکەین و نەتەوەیکی تر بۆمان بهۆنێتەوە! کورد وتەنی (دۆم بێت و کڵاش بۆ خۆی بچنێت) دەبێت چۆن بیهۆنێتەوە! بەتایبەت لەلایەن تورکەکانەوە ئەگەر ئەو ڕۆژنامە فەرەنسی و ئینگلزيیانە نەبوونایە ئەوەی ئێستا تۆ دەیخوێنیتەوە ئەوەشمان نەدەبوو، چونکە هەر لەو سەردەمەشدا ڕق و کینەی تورکەکان بەرانبەر بەو ژنە کوردە دەردەکەوێت و دەیان درۆ و پڕوپاگەندەیان بەناوی فاتەڕەشەوە هۆنیوەتەوە و هەوڵێکی زۆریان داوە لە بەها و ئازایەتی ئەو ژنە کەم بکەنەوە. لە شوێنێکدا لە ئاینی ئیسلام دەریان کردووە و بە ئێزدی ناویان هێناوە! لە جێگەیەکی تر دەڵین: بەشداری جەنگەکەی نەکردووە لەکاتێکدا یەک لە براکانی فاتەڕەش لەو جەنگەدا کوژراوه! ئەگەر تەنها ناوێک بووبێت و بەشداری ئەو جەنگەی نەکردبێت ئه‌ى بۆ براکەی دەکوژرێت! يان بۆچى ئەو قوربانیيانە دراوە! ئەگەر ئەم ژنە هەر بەڕاستی ئەوەندە قارەمان نەبووە، ئه‌ى بۆچى ئەو هەموو ڕۆژنامە بیانی و ئەوروپييانە گرنگیيان پێ داوە!؟
کاپتن (Somerset Calthorpe) دەڵێت: ئەم ژنە جادووگەرە ئەستەمە بتوانیت لە چاوەکانی بڕوانیت بەڕاستی سەرکردەیە، کەس لە فەرمانی دەرناچێت و کەسیش ناتوانێت فەرمانی پێ بکات، زۆر سەرکەش و زۆر جادوگەرە. دەیان گرافیک فۆتۆی فاتەڕەش هەیە کە مەیدانی لە ناو جەنگەکەدا کێشراوە نەک خەیاڵ بێت. هەوڵ دەدەین زۆرینەی ئەو وێنانەی بەردەستمان کەوتووە لێرەوە نیشانی خوێنەری بدەین.

وێنەیەکی فاتەڕەش لە ڕۆژنامە بیانييه‌کاندا

زێدى له‌دايكبوونى فاته‌ڕه‌ش:
ماراش (Maraş) یان گورگوم، یەکێکە لە پارێزگاکانی باکوری کوردستان. لە ١٠ شارۆچکە و ٦٤ شارەدێ و ٤٧٦ گوند پێک هاتووە. لە ئێستادا یەک ملیۆن و نزیکەی ٣٧ هەزار کەسی لێ دەژی، ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٤ هەزار ٤٠٠ کیلۆمەتر دووجایە، مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٢٠٠ بۆ ١٤٠٠ سەردەمی هیتيیەکان ئەم شارە بە مارکاش(Marqas) ناسراوە دواتر لەسەردەمی ئاشوريیەکاندا بە گورگوم لە ٦١٢ هەتا ٦٦٠ دواتر مادەکان لە ٥٥٠ بۆ ٦١٢ هەتا سەردەمی ڕۆمانیيەکان دەکرێت بە گیمەنیک (Kahramanmaraş) لە سەردەمی هاتنی ئیسلام و دەسەڵاتی عەسمانیيەکان ناوەکەی گۆڕرا بە ماراش (marash) دواجار تورکەکان گۆڕيیان بە کاهرەمانماراش. ماراش تاکە هەرێم بوو کە لە ژێر دەسەڵاتی زولقادریيەکاندا مابووه‌وه‌ و ئیمپراتۆری عوسمانی نەیتوانی بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە (Dulkadirids) زولقادریيەکان یەکێک بوون لە میرنشینە دیارەکانی ناوچەکە و خاوەنی هێز و دەسەڵات بوون. میرنشینەکەیان لە (١٥٢٢-١٨٦٤) بەردەوام بوو، عەبدولقادری باوک ئەمیر بووە و پاشان کوڕاوکوڕ حوکمی میرنشینیان بەدەست بووە، ئەمیر عەلی بەگ دوا ئەمیری میرنشینی زولقادریان بووە. ساڵی ١٨٢١ عوسمانیيەکان هەوڵی داگیرکردنی شاری ماراشیان دا، لە دوای دوو ساڵ ململانێ بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٨٢٢ کۆتایی بە دەسەلاتی عەلی بەگ هێنرا. ساڵی ١٨٣٠ عوسمانيیەکان هەوڵی لکاندنی شاری ماراشیان دا بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە تا ساڵی ١٨٦٤ململانێ و شه‌ڕ و پێكدادان لە نێوان زولقادریيەکان و عوسمانیيەکان بەردەوام بوو لە دوای ئەو ڕۆژه‌وه‌ ماراش بە دیاربەکر و حەلەبەوە لێکدران و بوونە یەک هەرێمی یەکگرتوو.(٩)


ماراش ساڵی ١٨٧٩

لە ٢٢/٢/١٩١٩ بۆ ٣٠/١٠/١٩١٩ ماراش لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانيیەکاندا بووە، پاش ئەوانیش فەرەنسيیەکان داگیریان کردووە، ئەویش پاش جینۆسایدی ئەرمەنیيەکان لە ساڵی ١٩١٨.(١٠)
لەماڵپەری تایبەتی (cezmyurtsever) دەڵیت لە مانگی ٩ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٧ ڕێم کەوتە گوندی تۆکمەکڵی (Tokmaklı) بۆ زەماوەندی ژنخوازی بەڕێکەوت چاوم بەکەسێک کەوت ناوی حمزە بوو باسی گۆری فاتەرەشی کرد کە ئیستا بۆتە گەرەکێک ناوی ( Beylik) بووە ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی سبەی زەە بمباتە سەر گۆرى فاتەڕەش هەرچەندە خەڵکی ئەو ناوچه‌یە دەیانوت (گارا فاتم خاتوون) بۆ ڕۆژی دوایی چوومە خزمەت حمزە، بە پرسیار ماڵەکەیانم دۆزیەوە لەو کاتەشدا چەند کەسێک لەو ناوە بوون، یەک لەوانە ئامینە بارین (Emine Barın) ژنێکی بەتەمەنی گوندەکە بوو. ئەو وتی: گۆرەکەی فاتەڕەش لەوبەر چەمەکەوەیە لەلای دارسنەوبەرەکان لە بایلیک وەختی خۆی گۆرەکەیمان هەڵداوەتەوە ئەم خەنجەرەمان دۆزیوه‌تەوە ئێستا لە ماڵەکەی مندایە. هەندێك سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن کە کەسێکی رووسی بەدوای زێر و خشڵدا گەڕاوە و گۆڕەکەی فاتەڕەشی هەڵداوەتەوە و تەنها کڵاوێکی ئاسانینی جەنگی دۆزیوەتەوە.


دوامەنزڵگای فاتەڕەش، وێنەی (ئامینە بارینە) کە خەنجەرەکەی فاتەڕەشی بەدەستەوەیە

دڵخوازەکەی فاته‌ڕه‌ش و زیندانی قاندیا (Kandiye Zindanlarında) و بەشداریکردنی لە جەنگی کرایمدا:
 هەندێک لە خەڵکی ناوچەکە هۆکاری چوونی فاته‌ڕه‌ش بۆ جەنگی کرایم دەگەڕێننەوە بۆ زیندانيکردنی دڵخوازەکەی، ئەو هەموو جەفایەش بۆ ئەوی کێشاوە هەر هۆکاری وەفا و خۆشەویستی بووە كه‌ ئەو بڕیارە سەخت و ترسناکەی پێ داوە و بەشداری لە خوێناویترین جەنگی سەدەی نۆزده‌دا کردووە. فاتەڕەش کاتێک دڵخوازەکەی (هاوژین)کەی کە خۆی باشبوزاق(١١) (Başıbozuk) بووە لەبەر سەرکێشی و جێبەجێنەکردنی فەرمانەکانی سوڵتان لەلایەن سوڵتانەوە لە زیندانی (Kandiye) زیندانی دەکرێت. کاتێک فاته‌ڕه‌ش لە ماراشەوە بەڕێ دەکەوێت بۆ (Üsküdar) هەواڵ دەگات بە سوڵتان. باش ئەوەی سوڵتان لە کۆشکەکەی خۆیدا دەیبینێت، مەرجی سوڵتان بۆ ئازدکردنی هاوژینەکەی فاتەڕەش بەژداريکردنە لە جەنگی کرایم و گرتنی ناوچەیەک کە بۆ ئەوان بووە بە مەتەڵ و بە هیچ کلیلێک بۆیان نەکراوه‌ته‌وە. فاتەڕەش بەمەرجەکەی سوڵتان ڕازی دەبێت و سوڵتان ڕەوانەی شاری ئەدرنە (Edirne)ی دەکات، لەویش دەبوو چاوەڕوان بێت تا بێنێرن بۆ کەنارەکانی ڕووباری (Donau) کە لەو کاتەدا عوسمانييه‌کان سەرقاڵی ئەو جەنگە بوون.


وێنەی باشی بوزوق لە دوای ساڵی ١٨٨٣ (١٢)

فاته‌ڕه‌ش و ئەسپسوارەکانی بەهەر شارێکدا تێپەڕ دەبوون، دەیانبینی ژنێک ڕابەرایەتی ئەو هێزە دەکات سەرسام دەبوون! هەر بۆ نموونە لە یەکێک لە تۆمارەکاندا بەم شێوەیە باس لە دیمەنی فاته‌ڕه‌ش دەکرێت کاتێک دەگاتە شاری (Üsküdar) دەستێک جلی کوردی لەبەردابووە، فاقیانەدار لەگەڵ شەرواڵێکی سپی و جوتێک قەڵتاغی زەرد لە پێکانيدا بووە، دوو دەمانجەی لەناوه‌ڕاستی پشتێنەکەیدا و ڕمێکی بەدەستەوە بووە. داومێنى ڕمەکەى بە دەستمالێک پێچرابوو، سەرپۆش سپی بەنێوچەوانیەوە بەستووە نە لە تەربوش دەچوو نە لە عەمامەی عەرەبەکان، تایبەت بە کورد خۆی بووە. هیچ جۆرە خشڵێک بە دەست و گەردنیەوە نەدەبینرا. لەتەنیشتیەوە و شانبەشانی فاتەڕەش، براکەی و دوو ئەسپسواری تریش لە پشتی فاته‌ڕه‌شەوە دەڕۆشتن.
لێرەدا دەبێت ئاماژە بە شتێکی تر بكه‌ين ئەویش (بیلالەڕەش)ی برای فاته‌ڕه‌شە هەرچەندە لە زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە دڵخوازەکەی دەکەن لەلایەن سوڵتانەوە دەستبەسەر کرابێت، هاوکات ئاماژەش بە بیلالی برای دەکەن و گوایە دڵخوازی نەبووە، بەڵکو بیلالی برای بووە. لە پێناو ئازادکردنی براکەیدا بەشداری شەڕی کرایمی کردووە. ئەم بۆچوونە زۆر دوورە لە ڕاستیيەوە، چونکە بیلالەڕەش لە ساڵی ١٨٤٠ کۆچی دوایی کردووە، لەدوای خۆی باکۆئاغا سەرۆکایەتی هۆزەکەی کردووە. لەبەرئەوەی باکۆئاغا شارەزایی تەواوی لە بەڕێوەبردندا نەبووە، دەریان کردووە و عەلی ئاغای کوڕی بیلالەڕەشیان کردووتە سەرۆک هۆز. عەلی ئاغاش دوای ٥ ساڵ لە حوکمڕانی، کۆچی دوایی دەکات. لەدوای ئەویش فاتەڕەش جێگەی دەگرێتەوە و سەرۆکایەتی هۆزکەی دەکات. زیاتر لە ٤٠٠٠ هەزار چەکدار لە ژێر فەرمانی فاتەڕەشدا بووه‌. لەبەر ئازایەتی و ژێهاتی فاته‌ڕه‌ش و بەشداريکردنی لەو جەنگە خوێناوییەدا سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم خەڵاتی ئازایەتی بەخشيوه‌ته‌ فاته‌ڕه‌ش و هەروەها لە ڕێکەوتی ١٨/٩/١٨٦٣ بڕیاری بەرزکردنەوە موچەی خانەنشینی فاته‌ڕه‌شی لە سوپای عوسمانی بۆ سه‌د قروش داوه‌.


هەڵگیرسانی جەنگی کرایم:
لەدوای شۆڕشەکانی ناوه‌ڕاستی سەدەی ١٩ لە ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا و بریتانیادا چەند سپیچیکی توندیان دژی عوسمانييەکان دا و لەهەمانکاتیشدا مەترسی بەهێز بون و پەلکێشانی هەر دوو دەسەڵاتی عوسمانی ڕوسیيەکانیان لەسەر بوو کە ئەویش دژی بەرژەوەندیيەکانی ئەوروپا بوو. پاش ئەوەی سوپای عوسمانی لە شاری مۆڵدیڤیا لە لایەن ڕوسەکانەوە تێک دەشکێنرێت، بە ناچاری سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم هاوپەیمانی لەگەڵ فەرەنسا و بریتانیادا دەبەستێت. کاتێک ڕوسیاش بەو هاوپەیمانیەی زانی، زۆر بەڕاشکاوی بە وڵاتە ئەورپيیەکانی ڕاگەیاند کە ئەوە خاکی پیرۆزە و کەس بۆی نيیە بێتە ناوی و داگیری بکات، هەرچەندە هەوڵی دا لە ڕێگەی دانوساندنی دیبلۆماسیيەوە کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. هەر بۆیە لە ٢١/٧/١٨٥٣ سوپای ڕوسی دەستى گرت بەسەر هەر دوو شاری (Walachije و Moldavië)دا دژی تورکەکان، ئەوەش لەلایەن عوسمانيیەکانەوە جێگەی قبوڵ نەبوو کاتێکیش سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم ئاگاداری ئەو هەواڵە کرایەوە، لە ١٦/١٠/١٨٥٣ بڕیاری جەنگی بە فەرمی دژی ڕوسەکان دەرکرد، هەر لەو سەروبەندەدا ڕوسەکانیش لە ١/١١/١٨٥٣ بڕیاری جەنگیان دا، ئەوەش بووە سەرەتای جەنگی کرایم (Crimean War) کە بە خوێناویترین جەنگی سەدەی ١٩ هەژمار دەکرێت.

سەرەتا سوپاکەی عەبدولمەجیدی یەکەم بەسەرکردایەتی (عومەر لوتفی پاشا) سەرکەوتنی باشی لە هەر دوو هەرێمی (Oltenitsa en Chetate) بەدەست هێنا، ئەم سەرکەوتنەش وای لە سوڵتان کرد کەمێک لە خۆی بایی بێت و ئەو جەنگە بە (جەنگی پیرۆز) ناو بەرێت و بانگەوازی (جیهاد)دا و داوای کۆمەکی سەربازی و دارایی كرد لەم جەنگەدا سووری و میسری و عەرەب و تونسی و مەراکشی و کورد بەشداریيان تێدا کرد کە دزی و تاڵانی سەرچاوەی بژێوييان بوو.

لەکاتی جەنگەکەدا، شاری (Varna) ی بولگاریا بۆ کۆکردنەوەی هێزە تورک و هاوپەیمانەکانی هەڵبژێررا، بەدیاریکراوی فەرەنسا و بریتانیا و خۆئامادەکردنی بۆ جەنگی کرایم کۆتایی مانگی ٥ی ساڵی ١٨٥٤ کەشتیيە جەنگييه‌كان گەیشتنە کەنارەکانی شاری ڤارنا و یەکەم کەشتی ٣٠ هەزار سەربازی فەرەنسی و ٢٥ هەزار سەربازی بریتانی و ١٠ هەزار سەربازی عوسمانی. هێزەکەی فەرەنسا لەلایەن (Saint-Arno) سەرۆکایەتی دەکرا و هێزەکەی بریتانیا لەلایەن (Lord Raglan) عومەر پاشاش سەرۆکایەتی هێزە تورکەکانی دەکرد. یەک لە باڵەخانە گەورەکانی شاری ڤارنا کرایە سەرکردایەتی سوپا هاوبەشەکە و لەوێوە بڕیار دەدرا. لەو کاتەی هێزی هاوپەیمانی و تورکەکان لە شاری ڤارنا بوون، ڤارنا بەدەستی نەخۆشی کۆلێراوە دەیناڵاند. هەرچەندە لە باشووری فەرنساوە ڤاکسینیان وەرگرتبوو، بەڵام گەرمای مانگی حه‌وت ئەوەندەی تر کارەساتی خوڵقاند، ڕۆژانە سەدان کەس نەخۆش دەکەوتن، بەشێوەیەک جێگە نەمابوو بۆ نەخۆش، بۆيه‌ بڕیاریان دا لەناو سەربازگەکان نەخۆشخانەی تایبەت بکەنەوە و لە تەنیشت هەر نەخۆشخانەیەکیشه‌وه‌ گۆڕستانێک دروست بکەن، چونکە ڕێژەی مردن زۆر زیادی کردبوو.  لەساتەوەختی کۆلێرا و نەخۆشیدا، ئاگرێکی گەورە لە یەکێك لە چێشتخانەکانی کەنارەکانی شاری ڤارنا بەناوی (Atanas Papazoogl) کەوتەوە و بەهۆی ئەو ئاگرەوە کۆگای هێزەکانی فەرەنسا کە ڕێژەیەکی زۆر واین (شەراب) و جگەرەی تێدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کۆگایەکی تر کە سیخناخ کرابوو بە کەتان و کحول سووتان و ئەوەندەی تر ئاگرەکە تەشەنەی سەند و تەواوی کۆگای خۆراک و چێشتخانەکان سووتان. ڕوسە ئۆرتەدۆکسەکانیان بەو ئاگرکەوتنەوەیە تاوانبار کرد، بەڵام یەک لە فەرنسیيە شایەتحاڵەکان پیاوێکی یۆنانی سەرخۆشی بینيبوو كه‌ مۆمەکەی ده‌ستى نزیکی کحولەکە کردووه‌تەوە و بەو هۆیەوە ئاگرەکە کەوتووه‌تەوە. سەرەڕای نەخۆشی کۆلێرا و ئاگرکەوتەنەوە دووبارە خۆیان ئامادەکردەوە بۆ جەنگ لە ٨ی مانگی سێپتەمبەری ساڵی ١٨٥٤ زیاتر لە ٣٤ کەشتی جەنگی و ٥٥ کەشتی مامناوەند و ٣٠٠ کەشتی بارهەڵگری جەنگی ڕەوانەی کرایم کرا و لە ١٥/٣/١٨٥٦ کۆتایی بەو جەنگە خوێناویە هات.


ئەدمیراڵ ئەدۆلف ساڵدا (Adolf Slade)، (Mushaver Pasha) لە پەرتووکی (تورکیا و جەنگی قروم یان کرایم) (A Tale of Historical Events) ساڵی ١٨٦٧ دەڵێت: جیهادیستەکان تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ٦٠ ساڵان بگرە گەورەتریش بوون، زۆر بە گڕوتینی جیهادانەوە بەشداریان لەو جەنگەدا دەکرد و‌ زیدی خۆیان جێهشتبوو بوو بۆ ئەو جەنگەی سولتان عەبدولمەجید ناوی نابوو (جەنگی پیرۆز) ئەمانە جیاواز بوون بە جلوبەرگی خۆماڵييانه‌وه‌ بەشدارى جەنگەکەیان دەکرد و زۆر سەرنجراکیش و تایبەت بوون دەمانچە و خەنجەر و شمشێریان پێ بوو، هەندێکیان ئاڵایەکی ڕەنگاوڕەنگى تایبەتیان کردبوو بە نێزەی ڕمەکانیانەوە كه‌ بەهیچ شێوەیەک لەو سوپایە نەدەچوون کە بەجلوبەرگی فه‌رميى سەربازيیەوە بەشداریان لە جەنگی ڤینا (Vienna) ده‌کرد.

خوانی ئێوارەی سەرکردەکانی جەنگی کرایم لە شاری ڤارنا

سەرچاوەکان و هەندێک لە باس خواست سەبارەت بە فاته‌ڕه‌شی کوردان:
ئەدمیراڵ سڵادا (Admiraal Slade) دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش بەجلوبەرگێکی ژنانەی ئاڵوواڵای کوردانەوە و سەرنجراکێشه‌وه‌ بوو و پڕ چەک دەمانچە و شیر و ڕمێکی درێژ بەدەستەکانیاوە بوو، پێشڕەوی هەموویان بوو، ئەسپێکی ڕەسەنی عەرەبی دەهاژوو، لە دەستی ڕاست و چەپیدا پێرڕە پیاوەکانى لەتەکی بوون و چەکدارەکانی تريش بەدوایدا دەڕۆشتن. هەندێک ئەسپسوار و هەندێک پیاده‌، سەرجەمیان جلوبەرگی سەرنجڕاکیش و هەندێکیان ژنەکانیان لە پشتیانەوە بوون و بەشانازیيەوە بە شەقامەکانی ئەستەنبوڵدا تێپەڕ دەبوون کە ئەوان وەک ژنە تورکەکان ڕووخساریان دانەپۆشرابوو، نە پەچە و نە عەبایان پێوە نەبوو. سەرنجی ڕێبوارەکانی سەر شەقامەکانی ئەستەنبوڵیان بۆ لاى خۆيان ڕاکیشابوو، چونکە هەرگیز ژنێکی موسڵمانیان نەبینووە ڕووخساری دیار بێت، بەڵام ئەوان بە شانازی و حورمەتەوە شەقامەکانی ئەستەنبوڵیان دەبڕی ڕووخساریشیان دانەپۆشراو بوو.

وێنەی ئەدمیراڵ ساڵادە ١٨٠٤-١٨٧٧ کە لەلای تورەکان بە مشەڕەف پاشا ناسراوە

ماریا یۆنگ (Marian Young) بەشێوازێکی فرە ڕەنگی ترێفی (وصف) فاته‌ڕه‌ش دەکات و لە پەرتووکی (Our Camp in Turkey and the Way to Reach It 1854) به‌م شێوه‌يه‌ دەیناسێنیت: ئەم ژنە ئامازۆنە(١٣)(Amazon) کوردە هیچ شتێکی ژنانەی سەرنجڕاکێش نەبوو وەک ژنە کوردەکان. تەمەنی ٥٠ ساڵێک دیار بوو بە ڕوونی بۆت ئاشکرا نەدەبوو كه‌ تەمەنی چەندە، بەهۆی سەرکێشييەکانی ژیانیەوە لە پیاوێکی شەڕەنگێزی ناشرینی دڵ ڕەق و ئەسمەر ده‌چوو كه‌ لە بنی پێکانی تا دانەکانی چەک و تەنفەنگ شیر و خەنجەر بوو، کتومت لە پیاو دەچوو، چاونەترس بێ سڵکردنەوە بڕیاری دەداو داوای دەکرد لە هیچ نەدەترسا. ئەم ژنە ئەمازۆنە سەرکردایەتی کۆمەڵێک پیاوی دەکرد كه‌ بەگشتی زۆر زۆر سەرنجراکیش بوون. پیاوەکان میهرەبان و دەم بەخەندە بوون، بەڕاستی ئەسپەکانیان زۆر ڕەسەن و جوان بوون. بە بڕوای من ئەم ئاژەڵانەی ڕۆژهەڵات و کوردەکان تایبەت و ڕەسەن بوون ئەویش بەشانازیيەوە لە سوارەکانی خۆی دەڕوانی.

ئیلوسترید لۆندەن نیوس (Illustrated London News) لە ساڵی ١٨٥٤ لە ژمارە ٣٦٣ ڕۆژنامەکەدا گرافیکی وێنەکەی کردووە و سێ ڕاپۆرتی دەربارەی (فاته‌ڕه‌شی) کوردان نووسیووە و دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش ژنێکی ڕووخسار دانەپۆشرا بوو کە لەو کاتەدا هەموو ژنەکان ڕووخساریان بە پەچە داپۆشرابوو. هیچ جۆرە خشڵ و زێڕ و ملوانکەیەکی پێوە نەبوو. ئەسپێکی ماندوو هیلاک و لاواز دەرکەوتەی پێ بوو، بەڵام هێجگار جوان پرچ و کلک درێژ سنگ بەرز و ملی بۆ زەوی شۆرکردبووه‌وە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەسپی ڕەسەنی کوردی لە کوردستان ئاوا پەروەردەی دەکەن.

 


وێنەی فاتەڕه‌ش لەیەکەم لاپەرەی ڕۆژنامەی (Illustrated) لە ساڵی ١٨٥٤ دا

ڕۆژنامەی لا ئیلوسترەیشن (La Illustration) بابەتێکی لەسەر (فاته‌ڕه‌شی) کوردان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و دەڵیت: فاته‌ڕه‌ش ئامازۆنێکی نوێیە (The new Amazon) کۆتا ڕۆژەکانمان لە ئەستەنبوڵ (القسطنطينية) (Constantinopel) بینیمان شتێکی نوێمان بینی و ئێمە گەواهی ئەوە دەدەین کە مەیدانی لە شەقامەکانی ئەستەنبوڵ ئەوەی بینیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین نەبینراوە! بینیمان شەقامەکانی ئەستەنبوڵ خرۆشابوو لە خەڵک و بە تامه‌زرۆە سەیری ژنێکی بەهێز ئۆرنلیۆ(١٤)(Orléans)يان ده‌كرد كه‌ ئەویش فاته‌ڕه‌ش بوو، فاته‌ڕه‌شی شاری (ماراش) کە بەجلوبەرگێکی زۆر تایبەت و جوانەوە بوو لەگەڵ ٥٠٠ ژنی کوردا(١٥) لە شەقامەکانی ئەستەنبوڵ پێشبڕکێیان دەکرد، سەرجەمیان چەکدار بوون بەشێوەیەک بوون کە هەرگیز شتی وا نەبیراوە جۆشی هەموو موسڵمانەکانیان گه‌ياندبووه‌ لوتکە، بەتایبەت ژنە موسڵمانەکان.(١٦)
کاپتن سۆرمریست کاڵتۆرپ (Somerset Calthorpe) كه‌ لە یاریدەدەری لۆرد ڕاگلانس بووە (one of Lord Raglan's assistants) و لەلایەن حکومەتی فەرەنسیيەوە لە جەنگی قروم یان کرایمن (CrimeanWar) وەک شێوەکارێکی جەنگ دامەزرابوو، لەنامەکەیدا (Letters from Headquarters, or the Realities of the Crimean War 1857)  دەڵێت: دوێنی لە هۆراس فیرنا (Horace Verne) چاوم بە فاته‌ڕه‌ش کەوت لەگەڵ ٥٠ لە پیاوەکانی، چەند سەرسام بووم بەم ژنە جادووگەرە، بڕواناکەن چەند بەهێز و خاوەن دەسەڵات بوو، هیچ کام لە پیاوەکانی لەژێر فەرمانیدا دەرنەدەچوون، دیارە ئەوەش پەیوەندەی بە ئاین و ئەو هێزە ئاسمانی و لێهاتوويیەوه‌ى پەیامبەرانەوە هەیە کە لە فاته‌ڕه‌شدا هەبوو.
لە تۆمارێکی تردا، لە ٢٧ی مارس فاته‌ڕه‌ش لەلایەن وەزیری جەنگ سەرئاسکەر(سەرعەسکەر/ Serasker) حەسەن ڕەزا پاشا (Hassan Riza Pasha) پێشوازی لێ کرا لە کۆشکی (DolmabahcePalace) چاوی کەوت بە سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم (Sultan AbdulMajid) دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ سوڵتان لەلایەن موفتی کۆشکەوە بڕیاریان دا قەرەفاتم ڕەوانەی
(Donaufront) مەیدانی جەنگەکە بکەن.


فاتەرەش لە رۆژنامەی نیۆرک تایمسی ئەمریکی ساڵی ١٨٨٧

لەدوای ئەو دیدارە فاته‌ڕه‌ش سەرنجی تەواوی ئەورپييه‌کانی و تورک و ڕۆژنامەنووس و گرافیستەکان و سەربازە بیانی و عوسمانييه‌کانی بۆ خۆی ڕاکێشا و هەر یەک لە ڕۆژنامەی L'Illustration, Journal Universel فەرەنسی و ڕۆژنامەی The Illustrated London News ئینگلزی بەریتانی و ڕۆژنامەی La Ilustracion, periodico universal ئیسپانی فاته‌ڕه‌ش بووە سەرباس و پەڕەی یەکەمی ڕۆژنامە ئەورپييه‌کانی داگیر کرد.
لە ٥/٤/١٨٥٤ فاته‌ڕه‌ش و هێزەکەی لە (Edirne) بەڕێ دەکەون و سەرەتای مانگی ٥ی هەمان ساڵ دەگەنە (Donaufront) بۆ ئەوەی بەشداری ئەو جەنگە بکەن. له‌ سەرەتای مانگی ٧ی ساڵی ١٨٥٤ لەژێر فەرمانی ئەفسەرە فەرەنسيیەکاندا هێزەکانیان لە شومن (Shumen ) بۆ فارنا (Varna) دەگوێزنەوە، هەڵبەت لەم جەنگەدا فەرەنسی و ئینگلیزەکان بەشداریان کردووە و کۆمەکی سوپای عوسمانيیان دژی ڕووسەکان کردووە. دوای ئەوەی هێزەکان دابەش دەکەن بەسەر سێ لیوادا، فاته‌ڕه‌ش و هێزەکەی دەکەوێتە ژێر فەرمانی جەنەڕاڵ یوسف (LeGénéral Yusuf) لەلایەن فەرەنسیيەکانەوە پشتگیری دەکرێت بۆ هەر ڕۆژەی ٥ قروش لەگەڵ ئالیک بۆ ئاژەڵەکانی پێ دەدرێت.
مارا یۆنگ (Marian Young) لە شوێنکدا کە بە ڕوونی دیارە چارەی فاته‌ڕه‌شی نەویستووە، دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش پبشتگۆێ خرابوو، چونکە فەرمانەکانی وەک پێویست جێبەجێ نەدەکرد. ئەوەی سەیرە لەلام بۆ جەنەڕاڵ جۆرج براون (George Brown) ئەم ژنە ناشرین و پیاوە پیسانه‌ى بانگێشتی نانخواردن کردبوو لە کەمپەکە بۆ ئەوەندە سەرسامی ئەم ژنە ئێسک قورسە بوون!
ئەوەی ڕاستی بێت دەبێت ئاماژەی پێ بدەین هەر لە ڕێبوارەکانی سەرشەقامەکانی ئەستەنبوڵەوە تا جەنەڕاڵە ئینگلیز و فەرەنسيیەکان و چەکدارەکانیش شێوەکار و ڕۆژنامەنووسەکان هەمووی سەرسامی ئازایەتی و چاونەترسی فاته‌ڕه‌ش بوون، كه‌ چۆن هێزێکی ئاگرین و ژنێکی سەرکەش و بەتوانا چاونەترس بووە، بەشێوەیەک سەرسامی ئەم ژنە بوون جەنەڕاڵە ئەورپييه‌کان کە تا دەگاتە ئەو ئاستەی قۆماندانە تورکەکان دژایەتی فاته‌ڕه‌ش بکەن و ئیرەیی پێ بەرن، چونکە زیاد لە پێویست بێگانەکان بایەخیان داوه‌ بە فاته‌ڕه‌ش. ئەوەتا ماریا یۆنگ لە پەرتووکەکەی خۆیدا دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش خۆی لە ڕێزەکانی سوپادا نەدەبینی نە دەچووە ژێر فەرمانی سەرپەل و جەنەڕاڵەکانەوە هیچ بەرگێکی یونیفۆرمی سەربازی نەدەپۆشی نە خۆی نە پیاوەکانی ژنێکی یاخی سەرکەش بوو ڕووخساری ترسناک و ناشرین و دڵڕەق بوو. ڕۆژنامەنووسە ئەورپييه‌کان بە پێچەوانەوە باسی دەکەن و دەڵێن: فاته‌ڕه‌ش ژنێکی میهرەبان و سەرکردەیەکی بەهێز بوو سەرکردایەتی هێزێكی پڕ چەکی دەکرد، هێزیک کە هەموومانی سەرسام کردبوو بە سوارچاکی و چەک و جلوبەرگەکانیان لە هەندێک شوێندا، دەڵین: سەربازە کوردەکانمان دەبينی بە ئەسپەکانیان به‌جۆرێك غارغارێنيان دەکرد کە زۆر شێتانە بوو، چۆن بەو خێراییە خۆیان هەڵدەدایە خوارەوە بۆ سەرزەوی و دووبارە بەرز دەبوونەوە دەچوونەوە سەر ئەسپەکانیان! ئەمەمان بەس لە کوردەکاندا بینيوە لە نەتەواکانی تردا بەدیمان نەکردووە.

تەواوی ڕۆژنامە ئەوروپی و ئەمریکيیەکان بە شانازی و سەرسامیيەوە باسی فاته‌ڕه‌ش دەکەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە فاته‌ڕه‌ش کوردە و لە کوردستانەوە هاتووە. لەسەرجەم ئه‌و چاوپێکەوتن و دیدار بانگێشتانه‌ى کە بۆ فاته‌ڕه‌ش ڕێکخراوە، باسی جلوبەرگە ناوازە ڕەنگاوڕەنگەکەی کوردان دەکەن. تەواوی تۆمارەکان سەبارەت بە فاته‌ڕه‌ش (بە نووسراو و تۆمارەکانی سوڵتانیشەوە) دان بەو ڕاستیيەدا دەنێن کە فاته‌ڕه‌ش لە کوردستانەوە هاتووە. هەندێک دەڵێن خۆی و ٣٠٠ چەکدار لە هۆزەکەی خۆی، هەندێکيش دەڵین ٥٠٠ چەکداری پیاوی لەگەڵ بووە. تەنها لەیەک شوێندا باس لە ٥٠٠ ژنی کورد دەکه‌ن كە نمایشتی سەربازيیان لە ئەستەنبوڵدا کردووە، جگە لەوە هەموو نووسراوەکان باسی لە سەرکردایەتی ژنێکی کورد دەکات کە پێشڕەوی ٣٠٠ چەکداری پیاوی کردووە  كه‌ لەژێر فەرمانیدا بوون و ئامادەی فیداکاری بوون بۆ خانمەکەیان، کە نەپێشتر نە لە ئیستادا ژنێک نەبووە سەرکردایەتی هێزیکی چەکداری پیاوان بکات و لەژێر فەرمانیدا بن كه‌ ڕووخساریشى دانەپۆشى بێت. هەربۆ نموونە ڕۆژنامەی (The Illustrated 1854) ژمارە ٣٦٣ دا دەڵێت: فاته‌ڕه‌ش سەرکردایەتی هێزێکی پڕ چەکی دەکرد زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێش خەنجەری ئەلبانی و ڕمی ئەفغانی هەندێکیان تەفەنگی بریتانیيان پێ بووە، کە پێدەچێت لە کۆمپانیاکانی بیرمینگهامی (Birmingham) بریتانیيەوە دەستیان کەوتبێت. ڕم و شمشیر و جلوبەرگی کوردانە پیادە و ئەسپ سواری لێهاتوو کە بەشێوەیەک دەڕۆشتن تەواوی ژن و منداڵ و ڕێبوارەکانی ئەستنەبوڵیان سەرسام کردبوو، بەتایبەت ژنە تورکەکان لەماڵەکانیان دەهاتنە دەرەوە سەیری فاته‌ڕه‌ش و جەنگاوەرەنیان دەکرد. ئه‌م ديمه‌نه‌ بۆ ئه‌وان زۆر نامۆ بوو! چۆن ژنێک سەرکردایەتی هیزێک ده‌کات كه‌ سەرجەمیان پیاو بن و ئه‌ويش ڕووخساری دانەپۆشى بێت و هیچ پابەندبونێکی ئاینی تێدا نەبێت وەک (حیجاب و نیقاب) جلوبەرگی کوردانە و سەربەرزانە به‌بێ ترس بە شەقامەکاندا بڕوات!


فاتەڕەش  له‌ ئەستەنبوڵ
لە ساڵی ١٨٨٧ سەرلەنوێ فاته‌ڕه‌ش سەردانی شاری ئەستەنبوڵی دەکات و ڕۆژنامەی (The Pall Mall Gazette) بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی خۆێدا بەم شێوەیە باسی دەکات و دەڵێت: (Kara Fatma "The Amazon) واتا فاته‌ڕه‌ش سوپەر پاڵەوان دووبارە هاتەوە بۆ ئەستەنبوڵ بە ڕووخسار و پێستێکی وشکهەڵهاتوو بە گۆنایەوە نیشانەی برین جێمابوو دەستێک جلوبەرگی پیاوانەی نیشتمانی کوردانەی لەبەردا بوو، بە ڕەفتار و جوڵە و بە هێزی هەر لە ژنێکی ٤٠ ساڵان دەچوو نەک ژنێک تەمەنی ٧٥ ساڵ. شمشێرێکی درێژی بە بەردی تایبەت نەخشێنراو وەک شێوازی کازاکێکانى لەشانی کردبوو، هەروەها مەدالیایی ئازایەتی لەسەر سنگی دابوو کە لەلایەن سوڵتانەوە پێ بەخشرابوو. لە جەنگی کرایم شاڵێکی سەرلەشکری سوپای عوسمانى لە شانیيەوە بۆ کەمەری بەستبوو، کە ئەوشاڵە تایبەت بووە بە سەرلەشکر و سەرهەنگەکانی سوپا. بە بڕوای ئێمە بەم شێوەیە ڕۆشتن بە کۆڵانەکانی ئەستەنبوڵدا زۆر سەرنجڕاکیش بوو، هەموو بیریان لەو کاتە دەکردەوە کە فاته‌ڕه‌ش خۆیی و چەکدارەکانی یەکەمجار هاتنە ناو ئەستەنبوڵەوە چوونە ئەو کەمپەی کە جەنەڕاڵ (Lespinas) لێ بوو لە ناوچەی (Dobrogea) جێگیر کرابوون کاتێک جەنەڕاڵ (Lespinas) لە پڕ گوێی لە مۆزیک و گۆرانی و تەپڵ و دەهۆڵ و زوڕنا دەبێت لە چادرگەکەی خۆی ڕادەپەڕیت و پرسیاری ئەوە دەکات، ئەو هێزە کێن؟ ئەوانە سەربە چ نەتەوەیەکن هاتوونەتە ئەم کەمپەوە!؟ هەموویان سەرسام بوون بە ڕەفتار و جلوبەرگ و مۆزیک و سوارچاکی ئەو هێزە و کەسیان نەیاندەتوانی ئەو مەتەڵە هەڵبهێنن و کۆدی نەتەوەی ئەو سوارچاکانە بدۆزنەوە لە پڕ ئەسپسوارێکی ڕەنگين کە ژنێک بوو بەدوایدا ٣٠٠ چەکدار وەک شێت بەخیراییه‌کی زۆر ترسناک لە ئەسپەکانیان دەهاتنەخوارێ و پێکانیان بەر زەوی نەدەکەوتوو بە قەڵەمبازێک دەچوونەوە سەر پشتی ئەسپەکانیان. پێشڕەوەکەیان ژنێک بوو ژنێکی گەنم ڕەنگ چاوەکانی زیت و بە وریاییکی زۆرەوە سەیری ئەملاوئەو لای خۆی دەکرد. لەچاوەکانیدا هەموو شتێکت دەخوێندەوە، ڕێک پاڵەوان بوو پاڵەوانێکی بێوێنە دەچوو کاتێک گه‌یشتە بەردەم جەنەڕڵ (Lespinas) و لە زینی ئەسپەکەی خۆی فڕێ دایە خوارێ و سڵاوێکی سەربازيیانەی لە جەنەڕاڵ کرد و لەرێگەی وەرگێرەکەیەوە پێى وت: من هاتووم لەگەڵ ڕوسەکان بجەنگم. جەنەڕاڵ لیسپیانس بەخۆشحاڵیيەوە وتی: هەموو کەمپەکە لە خزمەتی ئەم کوردە ئازایانەدا دەبێت و فەرمانی دا هەرچی پێویست بوو بيخه‌نه‌ خزمەت فاته‌ڕه‌شه‌وه‌. هەر ئەو شەوە جێگەی حەوانەوەیان لە کەمپی سەربازە فەرەنسييه‌کان لە ئەستەنبوڵ بۆ تەرخان کردن، بەڵام فاته‌ڕه‌ش بەو هاوکارییە کامەران نەبوو هەر بۆیە بە جەنەڕاڵی وت: ئێمە لە ژێر فەرمانی هیچ کەسدا نابین و نەبووین کەس ناتوانێت فەرمانمان بەسەردا بکات هەر بۆیە سبەینانێکی زوو جەنەراڵ هەموو جەنگاوەرە کوردەکانی بینی بە سەر زینی ئەسپەکانەوە بوون كه‌ چوونە گردێک نزیکی کەمپەکە و لەوێدا ڕەشماڵیان هەڵدا و لە دوورەوە ئاشقی ئەو مۆزیکە خۆش نایابە بوو کە کوردەکان دەیان چڕی. هاتنی فاته‌ڕه‌ش دووبارە بۆ ئەستەنبوڵ سەرەتای جەنگی کرایمی بیری خەڵکی سەر شەقامەکان دەخستەوە بۆیە بە تامەزرۆوە لە فاته‌ڕه‌شیان دەڕوانی هەوڵیان دەدا بیدوێنن و قسەی لەگەڵ بکەن.(١٧)

دواجاریش لە گۆڤاری لێتەرنێتی (liternet)ی بولگارييه‌كاندا و لە په‌راوێزی بابەتێکی درێژدا لەسەر فاته‌ڕه‌شی به‌م شێوه‌يه‌ نووسراوه: فاته‌ڕه‌ش لە ئەدەب و مێژووی بولگارييه‌کاندا ناوێکی نەناسراوە، تەنها لە شوێنکدا ناوی هاتووە ئەویش لە پەرتووکی بیرەوەرێکانی هرێستۆ ستامبۆلسکی (Hristo Stambolski) ساڵی ١٩٧٢: ٣٨ ستامبۆڵسکی.. لە زاری ستامبۆڵسکيیەوە فاته‌ڕه‌ش و چەکدارەکانی ژنێکی تورەی سەرکەش قینلەدڵ و دڵڕەق و شەڕانگێز بوو، جارێک لە کەمپی (Kulbokluk) ڕاهێنانی دەکرد لەسەر تیرهاوێژ و نیشانەپێکان لەوکاتەدا باپیرە (Nenko) کە خەڵکی شاری (Sheynovo) بووە فاته‌ڕه‌ش نیشانەکەی بە باپیرە نینکۆ پێکا و لەخوێنی خۆيدا گەوزاندی هەتا مرد.


ستامبۆلسکی

شێواندنی ناوی فاته‌ڕه‌ش لەلایەن تورکەکانەوە بە فاته‌ڕه‌شی تورکی
زۆرن ئه‌وانه‌ى كه‌ هەوڵی شێواندنی فاته‌ڕه‌شی کوردانیان داوە، بەتایبەت لە سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورکدا ژنێکیان دروست کرد بە هەمان ناوه‌وه‌ وەک سەرکردە و قارەمانی جەنگ نیشانیان دەدا. ڕۆژنامە و گۆڤارەکان زۆریان لەسەر دەنووسی و وێنەکانیان لە کوچە و کۆڵانەکاندا بڵاو دەکردەوە، ئەم کارەش هەر بۆ ئەوە بوو تا فاته‌ڕه‌شی کوردان لێڵ و بزر بکەن و ناوی لە بيری خەڵکیدا نه‌هێڵن، چونکە لە دوای مەرگی فاته‌ڕه‌ش بە دەیان ساڵیش لەناو تورکەکاندا باس هەر باسی قارەمانێتی فاته‌ڕه‌شی کوردان بووە، هەر بۆ ئەوەش قەرەفاتمیان هێنایە مەیدانەوە و تا ئاستی پێویست نەک لەلای تورکەکان بگرە لەلای کوردەکانیش فاته‌ڕه‌شیان شیواند. محەمەد بایراک لە کتێبەکەیدا بە ناوی (ژنی کورد) بە ڕوونی ئاماژە بە بوێری و ئازایەتی و جیاوازی کاره‌کتەری ژنی کورد و فاته‌ڕه‌ش بە نموونەی جەربەزەیی و ئازایی و سەربەخۆی دەهێنێتەوە و دەڵێت: تورکەکان هەوڵی شاردنەوەی ئەم توانای ژنە کوردەیان داوە و ویستویانە لەنێو کەلتوری خۆیاندا بزری بکەن، هەروەها دەڵێت: بەدرێژایی مێژووی ئیمپراتۆی عوسمانی ژنێک نەبووە بەشداری لە جەنگدا کردبێت جگە لە فاته‌ڕه‌ش.
لەدوای ئەو ناو و ناوبانگەی بەخشرایە فاته‌ڕه‌شی کوردان هەر لە شازادەی کوردستان و ئامازۆنی نوێی کورد و ورنلیۆ ژنێک لە زێر و...هد، جگە لە خەڵاتی ئازایەتی لەلایەن سوڵتانەوە و سەدان وتار و دیدار لە سەردەمی خۆیدا لەگەڵ فاتەڕەش و جیاوازی جێندەری و مافی ژنان و لە نێوان تورک و کوردا سەدان بەڵگەنامە بەتەواوەتی لە مێژووی ئیمپراتۆری عوسمانی و مێژووی جیهاندا چەسپا کە ژنە کوردێک پاڵەوانی جەنگی کرایم بووە نەک ژنە تورکێک. ئەمە بۆ تورکە فاشیستەکان جێگەی قبوڵ نەبووە، بۆیە زوو کەوتنە خۆیان و لە سەردەمی ئەتاتورک (مستەفا کەمال) فاته‌ڕه‌شێکی درۆینەیان دروست کرد و ناو و وێنەیان بەتەواوی تورکیادا بڵاوکردووە و داستانی درۆینەی زۆریان بۆ چنیيەوە تا لە هزر و بیرەوەری تاک بە تاکی تورکیادا فاته‌ڕه‌شی کوردان لەبیر بەرنەوە و بەشێوەیەک ناوی فاته‌ڕه‌شیان شێواند کەجێگەی داخە بە دەگەمن کوردەکان خۆشیان بۆیان جیا دەکرێتەوە و کێ پاڵەوانی ڕاسته‌قینەیە! هەر بۆ نموونە مۆزەخانەی کوردی لە وڵاتی سوید (Kurdish Exile Museum) هەروەها ماڵپەری مێژووی کورد (saradistribution) کە ماڵپەرێکی مێژووی کوردییە لە تۆمارێكيدا وێنەی قەرەفاتمی تورکییان داناوە بە کورد ناساندویانە بەشێوەیەک تێکەڵيان کردووە و وێنەی فۆتۆگرافی قەرەفاتمی تورکان و نیگارەکانی فاته‌ڕه‌شی کوردانیان پێکەوە داناوە! لەکاتێکدا سەردەمی فاته‌ڕه‌شی کوردان و قەرەفاتمی تورکان ٦٥ ساڵ زیاترە ئەوکات بۆ دەردەکەویت پیلانەکانی تورک بۆ سڕینەوە مێژووى نەتەوەیەکی وەک کورد چۆن سەرکەوتوو بووە.(١٨)
فاته‌ڕه‌شی تورکەکان ناوی تەواوی فاتیمە سەحەر ئیردەن (Fatma Seher Erden) لە ساڵی ١٨٨٨ لە شاری داگیرکراوی باکووری کوردستان لە ئێرزڕووم لەدایک بووە. لە دوای ڕووخانی عوسمانلی و لە سەرەتای جەنگی جیهانی لە ساڵی ١٩١٩ دەچێتە سیڤاس ئەو شوێنەی کە مستەفا کەمال گۆنگرەی تێدا دەبەستێت و لەگەڵ مستەفا کەمال پەیوەندی دەگرێت و دەبێتە دۆستی لەپاش ئەوە مستەفا گەماڵ گروپێکی ٤٥ ژنی بۆ ڕێک دەخات و فاتمە سەحەر دەکاتە سەرۆکی گروپەکە ئیتر لەدوای گەورەکردن و ڕێکلامی جۆراوجۆر بەخواستی ئەوەی لە مێژووی تورکدا ژنێک هەبێت هاوشیێوەی فاته‌ڕه‌شی کوردان، چونکە ئەوان باش ئەوە دەزانن تەواوی ڕۆژنامە ئەوروپی و ئەمریکييه‌کان فاته‌ڕه‌شیان بە کورد ناساندووە زیدی یەکەمی فاته‌ڕه‌شیان بە کوردستان و چیاکانی کوردستان ناوبردووە لە ڕۆژنامەیەک نیيە لەو ڕۆژنامانە نەڵێن: فاتەڕەش شازادەکەی کوردستان هەر بۆیە بە بەرنامە فاتمە سەحەری تورکیيان گەورە کرد و لە هەندێک شوێندا دەڵێن: بەشداری جەنگی گریکەکانی (یۆنان)ى کردووە سەرکردایەتی ٧٠٠ چەکداری پیاوی کردووە هەتا توانیان فاتمەسەحەر بکەنە ژنە پاڵەوانێکی درۆینەی تورک، هەرچەندە لە ماڵپەڕی بەتلیسی ئەویش بە کوردی ئەرزەڕووم دەناسێنن، بەڵام وەک خۆم هیچی شتێکی ئەوتۆم بەرچاو نەکەوتەوە جگە لەوەی لە شارێکی کوردی وەک شاری ئەرزەڕوومی باکووری کوردستان لە دایک بووە.

 


وێنەی قەرەفاتم (فاتمە سەحەر) لە دوو سەردەمی جیاوازدا

خۆشبەختانە هیچ ڕۆژنامەیەکی ئەوروپی و ئەمریکی ناویان نەهێناوە بەشێوەیەکی تر ئەوەندە گرنگیان پێ نەداوە، هەروەها لە ساڵی ١٩٢٠ خەڵاتی ژنی ئازایان پێ بەخشی هاوکات چی بۆ فاته‌ڕه‌ش کراوە هەمان شتیان بۆ فاتمەسەحەر دووبارە کردووەته‌وه‌ بەوەشەوە نەوەستان لە ٢٧/٤/٢٠١٧ دا زنجیرە درامایەکیان بە ناوی (قەرەفاتم) لە ٢٥ زنجیرە تۆمار کرد بەوەش ئەوەندەی تر گرەوی درۆینەی خۆیان بردەوە و فاته‌ڕه‌شی کوردان و شازادەکەی کوردستانیان لە هزری تاک بەتاکی کوردا کاڵ کردەوە بەشێوەیەک کاریان لەسەر کرد ئەستمە کە باسی قەرەفاتم بکرێت و ئەو درامایە نەیەتە خەیاڵ تورکەکانەوە.
لێرەدا ئەوەی ماوە بیڵێين خواستی ئێمە گەڕاندنەوەی فاته‌ڕه‌ش بوو بۆ زێدی یەکەمی خۆی کە کوردستانە، کوردە لە بەرئەوەی تورکەکان هەوڵێکی زۆریان داوه‌ تا لە کلتوری خۆیاندا بە تورکى بكه‌ن و بیتوێننەوە، كه‌ ئه‌م کارەیان بۆ نەکراوە و سەری نەگرتووه‌، پاشان هاتوون و دەڵێن: فاته‌ڕه‌ش سەر بە یەک لە هۆزە تورکمانەکانە بە ناوی هۆزی (سینمیلی)يه‌وه‌ (کە بە دیدی ئەوان هۆزێکی تورکمانیيە) هەربۆیە بەپپێ تەواوی ئەو بەڵگانەی خستمانە ڕوو فاته‌ڕه‌ش دوور یان نزیک دڵۆپێک خوێنی تورکی یان تورکمانی لە جەستەییدا نەبووە نە لە هۆزی تورکی و نە تورکمانی لە دایک نەبووە، بەڵکو لە چیاکانی کوردستان و لە دایک و بابێکی کورد لەکوردستان لەدایکبووە،، بەڵگەش بۆ کوردبوونی فاتەڕەش ئەوەندە بەسە کە سوڵتان عەبدولمەجید پێى دەڵیت: تۆ بەو هەموو ئازایەتیيەوە بۆ تورکی نازانیت!؟ وەڵامی فاتەڕەشیش بێسڵکردنەوە دەڵێت: ئەگەر تۆ کوردی بزانیت پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت. نەک هەر تورک و تورکمان نەبووە، بەڵکو زمانی تورکیشی نەزانیوە! بەپێچەوانەوە لە پەرتووکەکەی کامەران بەدرخاندا ئاماژە بەوە كراوه‌ کە فاته‌ڕه‌ش جگە لەوەی بە سوڵتانی وتووە: ئەگەر تۆ کوردی بزانیت پێویست نیيە بە تورکی قسە بکەیت بەڵکو دەڵێت: ئەگەر تۆ تورکت بناسیبایە، بە تورکی قسەت نەدەکرد.
کەواتە فاتەڕەشی کوردان بەپێی ئەو بەڵگەنامانە ناوی ڕاسته‌قینەی فاته‌ڕه‌ش (Asiye)يه‌ وەک لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد. لە ڕۆژنامەی (L' ILLUSTRATION 1854 N 581 KARA FATIMA, L' HEROÏNE DU KURDISTAN ) بە قەرەفاتم  پاڵەوانی کوردستان ئاماژەی بەناوی کردووە. هەروەها لە ڕۆژنامەی (Pall Mall Gazette, November 1887) بە ئامازۆن واتا پاڵەوان ناوی هێنراوە. لەسەر هەندێک لە گرافیک فۆتۆکان هەندێك لە ڕۆژنامە فەرەنسييه‌كان بە (le princesse kurde) ناوی هێنراوە واتا شازادەکەی کوردستان.
بەپێی تەواوی بەڵگەنامە و ڕۆژنامە بیانی و تورکی جیهانێکان (فاتەڕەش) کورد بووە لە چیاکانی ماراشە وە هاتووە وەک یەکەم ژن لە میژووی سوپای عوسمانی بەشداری خوێناویترین جەنگی کردووە  لە سەدەی ١٩ کە ئەويش جەنگی کرایم بووە. به‌ هيواى ئه‌وه‌ى ئه‌م نووسينه‌ ده‌روازه‌يه‌ك بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ى زۆرتر له‌ ژيانى ئه‌م نێوداره‌ى كورد و ده‌يان كه‌سايه‌تى و زانا و هه‌ڵكه‌وتووى تر كه‌ هێشتا له‌ لاپه‌ڕه‌كانى ميژوودا وه‌كو پێويست تۆمار نه‌كراون و ژيانيان به‌ ناديارى ماوه‌ته‌وه‌.

چەند وێنەیەکی تری فاتەڕەش و جەنگی کرایم:

په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
(١) مشاهير الکرد وکردستان في العهد الاسلامي، محمد امين زکي بک، ترجمة: سانحة زکي بک،جزء الثاني، الطبع: ١٩٤٥ بغداد الناشر: مطبعة النقيض الاهلية، بغداد
(٢) تاریخ خوی محەمەد ئەمین ریاحی لاپەڕە ٢٧٥
(٣) داستانی زری خانم لە پەرتوکی دکتۆر محەمەد حسێن پاپلی ئێزیدی بە ناوی شازادە حمام بە زمانی فارسی. و الدر المنثور في طبقات ربات الخدور و المشاهير النساء، تالیف زينب فواز
(٤) Survival among the kurds, history of the Yezidies 1993 
(٥) ژنی کورد لە مێژوی جولەکەدا، ئەسینات بارزانی، جوان عومەر (ئاوێنه‌)
(٦) The.illustrated-news London.12.6.1854
(٧) ئەم وێنەیە لەلایەن (Neuville) کێشراوە، ساڵی ١٨٦٧ لەلایەن ( Le Tour du Monde) لە پاریس بڵاوکراوەتەوە.
(٨) Der Adler von Kurdistan  Kamuran Aali Bedir-Khan, Herbert Oertel   Voggenreiter, 1937 - 144 pagina's
(٩)  وەڵامی نامەکەی ئەنیستوتی شاری ماراش:
 Maraş Avucumda marasavucumda@gmail.com
Ma 26-10-2020 21:21 Merhaba, Kara Fatma'yla ilgili bildiğim her şeyi, ilgili yazılar altına ekledim. Gerçek kimliğine dair daha fazla bilgim yoktur malesef...
(١٠)Caroline (2005). Osman's Dream: The History of the Ottoman Empire
بەدرێژایی مێژوو دوژمنانی کورد ئەوەی لە بەرژوەندی خۆیان بووە کردویانە بەناوی خۆیانەوە بەپێچەوانەشەوە ئەوانی تریان خستووه‌تە ئەستۆی ئێمە بڕوانە (سوارەی حەمیديیان) و کۆمەڵکوژی ئەرمەنييه‌کان هەموو هەوڵێکیان دا تا کۆمەڵکوژی ئەرمەنیيه‌کان بخەنە ئەستۆی کورد، هەرچەندە پریشکی ئەو ئاگرە ئێمەشی سووتاند، بەڵام نەیاتوانی ئەو کارە دزێوە دژە مرۆڤایەتيیە بەسەر کورددا بچەسپێنن. یەکەم دەوڵەت و دەوڵەتدار نەبووین، دووەمیش ئەوەی سوارەی حەمیديیان کردوویانە دژی ئەرمەنييه‌کان پەچەکرداری (دەشناک)کەکان بووە کە دەستیان لە کوردەکان نەدەپاراست و سەدان ژن و پیاو و منداڵی کوردیان ئەتک کرد، دواجار کە سوپای عوسمانييه‌کان هاتن بۆ بەرگریکردن لە تورەکەکان، دووبارە کوردەکان وەک هەمیشە بێکەس و تەنيا مانەوە، بۆیە بەناچاری چەند سەرۆک هۆزێکی کورد داوایان لە سوڵتان حەمید کرد تا کۆمەکی سەربازيیان بکات و سەر و ماڵیان لە چەتەکانی (دەشناک) بپارێزن سوڵتانیش ئەو داوایەی قبوڵ کرد و ئەوانەش بوون بە سوارەی حەمیدیيان لە تۆڵەی ئەو کارەساتەی بەسەر ژن و کچ و پیر و پیاوی کوردیان هێنابوو لە ئەرمەنييه‌کان تۆڵەی خۆیان سەندەوە. هەرچەندە نامەوێت بە وشەیەکیش پشتگیری و شەرعييه‌ت بەو کارەی بده‌م كه‌ کردووەیانە.
(١١)  باشی بوزوق (Başıbozuk) بەزمانی تورکی و لە سەردەمی سوڵتانەکانی عوسمانیدا بەو کەسانە وتراوه‌ كه‌ بە جۆرێک سەربازی نیزامی نەبوون و لە سوپای عوسمانیدا بوون، زۆرینەی ئەو باشی بوزوقانە کورد و ئەڵبان و شرکس بوون بەگشتیش بە هەموو ئەوانە وتراوە کە تورک نەبوون. ئەم باشی بوزوقانە بە ئازایەتی و چاونەترسی ناسراوبوون و هەندێک جار بۆ سوپای عوسمانیش بەڵا و کێشە بوون بەتایبەتیش کوردەکان، هەروەها باشی بوزوق لەڕاستیدا نازناوێکی خراپیان هەبووە و پیشە و کاریان چەتەیی و ڕاووڕووت و دزی و سەرکێشی بووە.
(١٢) 19/12/2019The Kurdish national movement: its origins and development, pg. 45
(١٣) لەهەندێک شوێندا وشەی ئامازۆن یان ئامازۆنی نوێ (The new Amazon) و ئۆرنلیۆ (Orléans) بەکار هاتووە بۆ فاته‌ڕه‌ش بەگرنگی دەزانین کە سەبارەت بەهەردوو وشە ڕوونکردنەوەیەک بدەین. ئامازۆن (Amazon) واتای سوپەر پاڵەوان، پاڵەوانێکی نموونەی (SuperHeroes) لەهەمان کاتیشدا ناوچيیەکە لە بەرازیل.
(١٤) هەرچەندە ناوی شارێکە لە فەرەنسا بەڵام چاوگی وشەکە گریکیە و بۆ ناوی کچان بەکار هاتووە واتا کچێک یان ژنێک لە زێر (gold)
(١٥) ئەبێت لێرەدا ئەوە ڕاستبکەینەوە کە ئەو ڕۆژنامەیە زانیاریەکانی یان لە کاتی تایپکردندا لە بری ٥٠٠ چەکدار ئاماژەیان بە ٥٠٠ ژنی کورد کردووە، ئەوەی شایەنی باس بێت فاته‌ڕه‌ش تەنها دوو کچە کارگوزاری لەگەڵدابووە، هەندێك لە پیاوەکانیش خێزانەکەی خۆیان پێ بووە و لە پشتی خۆیانەوە لەسەر ئەسپەکان بوون نەک ٥٠٠ ژن.
(١٦) ئەم ژنە کوردانە بەرۆحێکی فەناتیزمەوە (Fanatisme) چیاکانی کوردستانیان جێ هێشتبوو پاڵنەر و ئامادەین تەنها بۆ ئەوە بوو لەژێر ئاڵای پەیامبەرەکەیاندا لە چیاکانی کوردستانەوە لە ئاشتی و ئاراميیەوە بەشداری ئەو جەنگە بکەن (LaIlustracion1854a) ژمارە
(١٧) ڕۆژنامەی پاڵ ماڵی ڕۆژی سێشەمە ١٣/١٠/١٨٨٧ ژمارە ٧٠٤٣  he Pall Mall Gazette, Thursday 13 oktober 1887, nummer 7043)
(١٨) لێرەدا دەمەوێت ئەوه‌تان بیر بخەمەوە کە ئەمە تەنها یەکەم پیلانی تورکان نەبووە لە سەردەمی مستەفا ئەتاتورکدا، بگرە پێشتریش هەمان کاریان کردووە لەگەڵ (سمکۆی شکاکدا) هەر بۆ نموونە لێرەدا باسی ئەو نامەیە دەکەین کە لە یادداشتەکانی (ڕەفیق حیلمی) بەرگی دووەم، لاپەرە ٣٨٧ هاتووه‌: قۆماندانی جەنگ (به‌سری بەگ) سەرۆک ئەرکانی جەنگ بە ئیمزای خۆیەوە ناردویەتی بۆ (بوز دەمیر) لە ڕواندز (بوز دەمیر) لە ژێر ناوی (وثیقەی ژمارە ٩ لە دەفتەری یادداشتەکان نووسیویەتی) سیمتقۆ هەڵبەت مەبەستی (سمکۆی شکاکە) تورک و ئێرانييه‌کان بەو جۆرە ناویان بردووە! دەنووسێت: سمکۆی شکاک کابرایەکی فێڵبازە، بەهۆی زیرەکی خۆیەوە ئەو خەنجەرەی هەڵی گرتووە بۆ کاتی خۆی دەیوەشێنێت، ئەم کابرایە بیری سەربەخۆیی لە کەللەيدایە. هەروەها دەڵێت: سمکۆ لە ناو هۆزە کوردەکاندا پلەو پایەی گەورە بووە. دەسەڵاتی پەیدا کردووە کە ئەوەش بۆ حکومەتی میللی ئێمە واتا (حکومەتی مستەفا کەمال) دەست نادات. تێکچوونمان لەگەڵیدا بۆ ئێمە باش نيیە. لە ئێستادا ئەگەر ئێوە بتوانن مەبەستی (بوز دەمیرە) هەوڵی ئەوە بدەن و پڕوپاگەندی بڵاو بکەنەوە لەناو عەشایرەکاندا و هانیان بدەن ببن بە دوژمنی سمکۆ(ئینگلزەکانیش هەر هەمان ڕێگەیان گرتبووە بەر لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفیدا) بەڕاستی بەوە خزمەتێکی گەورە بۆ حکومەت جێبەجێ دەکەن، بڵاوی بکەنەوە کە سمکۆ بە پارەی ئینگلز ئەم شۆڕشە دەکات بۆ قازانجی خۆی و ئینگلز خوێنی کوردەکان دەڕێژێت. ئەمە کاری ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستای تورک بووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×