ئاسورییەكان‌و كورد: سەدان ساڵ پێكەوەژیان
  2020-11-30       1274       

ئا: ئاوێنە


ئاسورییەكان‌و كورد، دو پێكهاتەی دێرینی كوردستانن، كە هەرچەندە جارو بار روداوی دڵتەزێن كەوتوەتە نێوانیانەوە، بەڵام سەدان ساڵە بەشێوەیەكی ئاشتیانە پێكەوە دەژین.


ئاسورییەكان‌و كورد بەحوكمی ئەوەی سەدان ساڵە پێكەوە لەسەر زەمینی کوردستان دەژین، جگە لەئایینەكەیان زۆربەی دابونەریت‌و جلوبەرگ‌و كلتوری كۆمەڵاتی‌و رێكخستنی جڤاكییان لەكورد دەچێت، بەئەندازەیەك تێكەڵاوی یەكتر بون، كە زۆرجار جیاكردنەوەیان زەحمەتە.


ئاسورییەكان لەزۆربەی شارەكانی هەمو كوردستان هەن، بەڵام بەشێوەیەكی سەرەكی شوێنی نیشتەجێ‌ بونیان لەناوچەكانی دیانا‌و هەریرو بادینان چڕ بوەتەوەو لەو ناوچانەشدا پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی پتەویان لەگەڵ كورد هەبوەو هەردولا بەشداری خۆشی‌و ناخۆشیەكانی یەكتریان كردوەو لەبۆنە ئاینی‌وو كۆمەڵایەتیەكاندا وەك ئاهەنگی بوك گواستنەوەو جەژن‌و پرسەو كۆمەڵێك بۆنەی دیكەو هاموشۆی یەكتریان كردوە‌و تەنانەت رویداوە كە كەسی موسڵمان كچی مەسیحی هێناوەو بەپێچەوانەوەش رویداوە.


ئاسورییەكانی مەڵبەندی رەسەنییان ناوچەی هەكارییە، بەدوای جەنگی جیهانی یەكەمدا، روەو رۆژهەڵات‌و باشوری كوردستان ئاوارە بون، ئاسورییەكان بە"نەستۆری"ش ناودەبرێن، بەهۆی پەیڕەویكردن لەتەعالیم‌و بیروڕا ئاینییەكانی "نەستۆر"ی پاتریاركی سەدەی پێنجەمی قوستەنتینەی پایتەختی رۆمی بێزەنتییەوە كە پێیوابوو "عیسای مەسیح خاوەنی دوو سروشتە: یەكێكیان كوڕی خودایەو ئەوی دیشیان كوڕی مرۆڤە، مریەمیش دایكی خوداوەند نییەو دایكی مرۆڤە". یەكێك لەخەسڵەتە دیارەكانی ئەم كەنیسە رۆژهەلاتییە ئەوە بووە لەساڵی 1480ەوە تا 1975 پۆستی پاتریاركیی كەنیسە بەمیراتی لەمامەوە بۆ برازاكانی پەتریاك دەمایەوە‌و پاتریارك دەسەڵاتی دیینی‌و دنیایی هەبوو، لەكەنیسەكانیانیشیاندا تەنها خاچ دادەنێن‌و گرنگی بەئەیقونەو وێنە نادرێت.


هەرچەندە میر به‌درخان له‌ناوه‌ڕاستی‌ سه‌ده‌ی‌ نۆزده‌هه‌مدا كوشتاری‌ لێكردن، میری‌ ره‌واندز‌و سواره‌ی‌ حه‌میدییه‌ش له‌ساڵانی‌ كۆتایی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عوسمانیدا به‌هه‌مانشێوه‌‌و له‌وانه‌ش تراژیدیاتر له‌شوباتی‌ 1918دا سمایل ئاغای‌ شكاك "سمكۆ" له‌سه‌روه‌ختی‌ داوه‌تی‌ مار شه‌معون بنیامینی‌ پاتریاركیاندا له‌"كۆنه‌شار" له‌ده‌می‌ خوداحافیزیدا له‌دواوه‌ گوله‌یه‌كی‌ پێوه‌ نا‌و كوشتی‌‌و له‌1933یشدا "به‌كر سدقی‌" به‌وپه‌ڕی‌ زه‌بروزه‌نگه‌وه‌ راپه‌ڕینه‌كه‌یانی‌ له‌سمێلدا سه‌ركوت‌ كرد. به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا به‌درێژایی‌ سێ‌ ده‌یه‌ی‌ نیوه‌ی‌ دوەمی سه‌ده‌ی‌ بیسته‌م ئاشورییەکان به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو به‌شدارییه‌كی‌ كارایان له‌هه‌ڵگیرسانی‌ شۆڕشی‌ كورددا كردووه‌و پڕیشكی‌ ئاگری‌ شه‌ڕ‌و كاولكاری‌‌و ئه‌نفالیش ده‌یان گوندی‌ ئه‌وانیشی‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ دهۆك‌و دیاناو هه‌ریرو باتاسدا گرتووه‌ته‌وه‌.


لەم ساڵانەی رابردودا بنكەی پارتریاركی كەنیسەی ئاشوری لەكالیفۆرنیای ئەمەریكاوە گواسترایەوە بۆ هەولێری پایتەختی كوردستان‌و پاش كۆچی دوایی پاتریاک ماردنخای چوارەم، بۆ یەکەمینجار لەهەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانکردنی پاتریاک ئەنجامدرا‌و مار گۆرگیس سلێوای سێیەم وەک جێگرەوەی دەست نیشانکرا .


پارتریاركی ئێستای كەنیسەی ئاشوری لەجیهان لەبنەرەتدا دایک‌و باوکی خەڵکی پارێزگای دهۆکن‌و ئەم پاتریارکە رابەرایەتی 600 هەزار ئاشوری لەجیهان دەکات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×