کۆمپانیایەک پرۆسەی گواستنەوەی نەوتی گەرمیان "قۆرخ" دەکات
  2020-12-20       1893       

ئا: ئاراز محەمەد

 

دو ئەندام پەرلەمانی کوردستان دەڵێن"گواستنەوەی نەوتی گازپرۆم لەسنوری گەرمیان قۆرغکراوە"و بەرپرسی کۆمپانیای گواستنەوەكەش دەڵێت "سەرلەبەری قسەکانیان ناڕاستە."

 

کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی جارێکی تر، گواستنەوەی ئەو نەوتە خاوەی لە بلۆکی گەرمیان بەرهەمی دەهێنێت، پرۆسەی تەندەرینی بۆ دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش، تەندەری ناردوە بۆ زیاتر لە ۱٥ کۆمپانیا، کە توانای ئەنجامدانی ئەو کارەیان هەیە.

 

لەوبارەیەوە عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئاوێنە وتی "بەپێی زانیاری ئێمە وادەی کۆمپانیای گوێزەرەوەی نەوتەکە تەواو دەبێت و زیاتر لە (١٢) کۆمپانیا بەشداریان کردوە لەتەندەرینی ئەمساڵدا، بەڵام هەندێک هەوڵ هەیە بۆ پەکخستنی پرۆسەی تەندەرینەكە. "

وتیشی"ئێمە دەزانین بەشێوەیەک هەوڵ هەیە بۆ بەلاڕێدابردنی تەندەرینەکەو شێوەیەک لەقۆرخکاری هەیە، هەر بۆیە دەمانەوێت کارێکی یاسایی بکرێت."

ئەو ئەندام پەرلەمانە راشیگەیاند"لایەنی پەیوەندیدارمان لە حکومەت ئاگادارکردوەتەوە کە ئەم دەستێوەردانە قبوڵکراو نییە، لە ئەگەری ھەر دەستێوردانێکدا ڕێکاری یاسایی و ھەر رێکارێکی پێوست، دەگرینەبەر. "

وتیشی"پێویستە گواستنەوەی نەوتی خاو یان فرۆشتنی ھەر بەرھەمێک لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت، بە کێبڕکێی ڕاستەقینە بێت، ئەم جۆرە لە قۆرخکاری لە ڕابردودا زیانی دەیان ملیۆن دۆلاری لە داھاتی نەوت داوە، بێ ئەوەی کۆمپانیاکان ناچاربکرێن بەشێک لەو داھاتەی دەستیان دەکەوێت بیخەنە خزمەتی ناوچەکەو رێگاوبانەکانیان."

گواستنەوەی نەوتی خاوی بلۆکی گەرمیانی گازپرۆمی روسی، چەند ساڵێکە لەلایەن کۆمپانیای (بلاک پوڵ) کە کۆمپانیایەکی ناوخۆییەو خاوەنداری دەکرێت لەلایەن بازرگانێکی گەرمیانیەوە، ئەنجام دەدرێت سەرباری ئەوەی پرۆسەی تەندەرین و مونافەسەش ساڵانە دوبارە دەبێتەوە.

کۆمپانیای بلاک پوڵ کۆمپانیایەکی ناوخۆییەو کاری گواستنەوەی نەوتی هەردو بلۆکی گەرمیان لەساڵی (٢٠١٦)و چیاسورخ لەساڵی (٢٠١٨) دەکات لەسنوری ئیدارەی گەرمیان و خاوەندارێتی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرمایەدارێک بەناوی (دانا حاجی ساڵەح).

لەوبارەیەوە خاوەنی کۆمپانیای بلاک پوڵ، دانای حاجی ساڵح بۆ ئاوێنە وتی"ئێمە کاری یاساییمان کردوەو ساڵانە تەندەرین دەکرێتەوەو ئێمەش بەشداری دەکەین و رەنگە ئەمساڵ کە دو ڕۆژی تر تەندەرینە بۆ ئێمە دەرنەچێت. "

وتیشی"کاری ئێمە یاساییەو وردەکاری و زانیارییەکان لەوەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە."

بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە ئەو کۆمپانیای کە پار ساڵ پرۆسەی تەندەرینی بۆ دەرچو ناوی EOT بو، دواتر گازپرۆم بەبیانوی چەند کێشەیەکی تەکنیکی نەگەشتوەتە ڕێکكەوتن لەگەڵی بۆ گواستنەوەی نەوتەکە.

دواتر کۆمپانیای Rain flood  دەستنیشان کراوە بۆ گواستنەوەی نەوتەکە، بەڵام ئەم کۆمپانیایەش لەگەڵ شۆفێری بارهەڵگرەکان توشی کێشە دەبێت و دواتر گازپرۆم بەبێ ئەنجامدانی پرۆسەی تەندەرین ماوەی کارکردنی (بلاک پوڵ) بۆ ساڵێکی تر درێژدەکاتەوە.

سەبارەت بە رەتکردنەوەی هەردو کۆمپانیای  (E O T)و (Rain flood)و گومانی دەستتێخستنی کۆمپاینای (بلاک پوڵ) لە کێشەکانیاندا بەمەبەستی وەدەرنانیان و قۆرخکردنی پرۆسەکە، دانای حاجی ساڵح وتی"کۆمپانیای رەین فلۆد نرخی گواستنەوەی نەوتی نزم کردبویەوە بۆ (١٧) هەزار بۆ هەر تەنێک کە شۆفێرەکان ئەو پارەیەیان پێ کەمبوەو ناڕەزاییان دەربڕیوەو دواتر مۆڵەتی کۆمپانیای ئێمە درێژکراوەتەوە کە هەر تەنێک بە (٢٤) دۆلار دیاریمان کردوە، بەو شێوەیە ساڵێک کات بۆ ئێمە درێژکراوەتەوە. "

سەبارەت بەوەی کە کۆمپانیای (بلاک پوڵ) ساڵانە بەچەند ناوێک و کۆمپانیایەکی جیاواز بەشداری پرۆسەی تەندەرین دەکات و هەموشیان دەگەڕێنەوە بۆ کۆمپانیای ناوبراو، دانای حاجی ساڵح وتی "هەمو ئەو قسانە هەڵەن، من ئێستا نازانم چەند کۆمپانیا بەشدارە، ئەگەر ئەو گومانە راست بوایە دەبوایە بمزانیایە، هەمو کۆمپانیاکانیش پشتگیری یەكەی ئیداری و ئاسایشی گەرمیانیان هەیە بۆ پرۆسەی تەندەرین، خۆناکرێت من تەکلیف بۆ (١٥) کۆمپانیا بکەم کە بەشداری تەندەرین بکەن، هەمو کۆمپانیاکان بەڕێوبەری خۆیان هەیە، خۆناکرێت هەمویان بەڕێوبەرەکەیان دانای حاجی ساڵح بێت."

لەدوای ساڵی (٢٠١٥)وە هەمو ساڵێک تەندەرینی گواستنەوەی نەوتەکە بۆ کۆمپانیای  (بلاک پوڵ) دەبێت و ئەوەش گومانی لەقۆرخکردنی ئەو سێکتەرە دروستکردوە، بەتایبەت دوای ئەوەی دو ئەندام پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەیان بەو بابەتە کردوە.

پرۆسەی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت لەسنوری گەرمیان، زۆرجار کێشەی تێدەکەوێت و تائێستاش لەسنوری بلۆکی گەرمیان جارێک تەقە لەپاسێکی گواستنەوەی کارمەندانی کۆمپانیای گازپرۆم کراوەو جارێکی تریش  پارچەی مین (تەرەقەی مین) لەسەر ڕێگای هاتوچۆی کۆپانیاکە دانراوە، زۆرجاریش هاوڵاتیان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسلەوە دەکەن کە بەرپرسانی سنورەکە دەستیان لەدەرهێنان و گواستنەوەی نەوت و داهاتەکەیدا هەیەو کۆمپانیاکانی ئەو بوارەش زۆجار لەلایەن حزب و بەرپرسانەوە پشتیوانی دەکرێن.

ئاوێنە ئەوەشی زانیوە پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان خۆی سەرپەرشتی پرۆسەی تەندەرینی کردوە بۆ گواستنەوەی نەوتی خاوی بلۆکی گەرمیان، بەڵام زیاتر لە ساڵێکە، هەمو کاروبارەکانی گواستنەوەکە، کەوتۆتەوە دەست کۆمپانیای گازپرۆمی ڕوسی کە خاوەندارێتی بلۆکی سەرقەڵا دەکات لەناحیەی سەرقەڵای سنوری قەزای کفری.

بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا ۱۷ کۆمپانیا تەندەری بۆ ڕۆشتوەو کێبڕکێیەکی بەهێز دروست بوە بۆ بردنەوەی گرێبەستەکە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×