"نازانم بۆ دەبێت نوێنەرانی مەسیحی لەپەرلەمانی کوردستان هەر خەڵكی دهۆك‌و هەولێر بن؟"
  2020-12-27       1424       

ئا: ئاوێنە



5 كورسی پەرلەمانی كوردستان تەرخانە بۆ كۆتای مەسیحییەكان، بەڵام لەساڵی 1992ەوە تا ئێستا ئەو مەسیحیانەی چونەتە پەرلەمانەوە هیچ كامیان خەڵكی سلێمانی نەبون.



رەنگە پۆلێنكردن‌و پێناسەكردنی "سریان‌و ئاسوری‌و كلدان"ە مەسیحییەكان كارێكی هەروا سانا نەبێت، بەڵام زۆربەی مێژوونووسان لەسەر ئەوە كۆكن كە لەڕووی ئتنییەوە هەموویان نەتەوەیەكن، بەڵام هەریەكەیان نەریت‌و تقوسێكی كەنیسی‌و تائیفی جیاواز لەچەند قۆناغێكی مێژوویدا لەیەكتری ترازاندون، هەرچەندە زۆربەی مەسیحییەكانی كوردستان سەر بەكەنیسەی كلدانی كاسۆلیكیین، بەڵام بەشێكی بەرچاویشیان سەر بەكەنیسەی ئەرسەزۆكسن، کە لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی كوردستان‌و عیراقدا بەچەند لیستێک بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی کۆتا كێبڕکێیانە.


تا ئێستا ئەو مەسیحییانەی کە سەر بەلیستی "رافیدەین"‌و ئەنجومەنی كلدانی سریانی ئاشوری‌و رۆڵەكانی نەهرێن بون، جگە لەکاندیدی سەربەخۆی ئەرمەنەکان زیاتر چونەتە پەرلەمانی کوردستانەوە، نوێنەرایەتی مەسیحییەکانیان کردوە، كە بەلای بەشێک لەمەسیحییەکانەوە ئەوان لەپەرلەماندا نوێنەرایەتی پارتی‌و ناوچەیەکی دیاریکراو دەكەن زیاتر لەمەسیحییەكان، بەسەرنجدان لەوەی لەهەموو مەسەلە گرنگەكانی وەك درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی‌و كێشەی دەستور‌و چەندین مەسەلەی هەستیاری دیكەدا پشتیوانیان لەلیستەكانی دەسەڵات بەگشتی‌و پارتی بەتایبەتی كردوە.


داتایەک نییە لەکوردستاندا تا بزانرێت ژمارەی دەنگدەرانی مەسیحی چەندەو لیستەکان تەنها لەسەر رێژەی بەدەستهێنانی دەنگەكانیان حساب دەكەن، هاوکات ژمارەیەک لەمەسیحیەكان دەنگ بەپارتی دەدەن، بەتایبەتی بەو كاندیدە مەسیحیانەی كە لەناو لیستی پارتیدان.


زۆربەی مەسیحییەکان ئەوە بەڕەوا نازانن كە حیزبێكی كوردستان هەوڵبدات دەنگ بەلایەنێكی مەسیحی بدات‌و مەسیحییەك بەدەنگی كورد دەربچێت، چەندین جار یۆنادم كەنای کەسایەتی ناسراوی سیاسی ئاشوری‌و سەرۆکی فارکسیۆنی رافیدەین لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە کە "هیوادارین ئەو هەواڵانە راست نەبن باس لەوە دەكەن لەدەنگدانی تایبەتدا پارتی فەرمانی داوە بەئەندامانی خۆی دەنگ بەلیستێكی دیاریكراوی مەسیحی نزیك لەخۆی بدرێت".


راشیگەیاندوە کە "هیوادارن حیزبەكانی دەسەڵات دەستوەرنەدەنە دەنگدەرانی كۆتاوە، تا ئەو رێژە دەنگەی دەیهێنن دەنگی راستەقینەی گەلەكەی خۆان بێت‌و ئیرادەی میللەتەكەیان بێت‌و بتوانن نوێنەرایەتی خەڵكی خۆیان بكەن".


 
ئەمە لەكاتێكدایە كە لەهەڵبژاردنەکانی رابردودا بەردەوام هەردوو لیستی پارتی دیموكراتنی كوردستان‌و لیستی ئازادی حیزبی شیوعی كوردستان چەند كانیدێكی مەسیحیان لەخۆگرتووە.


قەشە ئەیمەن، قەشەی كەنیسەی مار یوسف لەسلێمانی پێشتر بەئاوێنەی راگەیاندوە كە ئەوان وەكو مەسیحییەكان هیواو خەونیان بەدیهێنانی ئاشتی‌و بەرزكردنەوەی ئاستی ئابوری‌و كلتورییانە لەهەرێمی كوردستان، ناوبراو نیگەرانی خۆیشی بەرامبەر بەوەش ناشارێتەوە كە تا ئێستا ئەو مەسیحیانەی چونەتە پەرلەمانەوە بەكۆتا لەساڵی 1992ەوە تا ئێستا هیچ كامیان خەڵكی سلێمانی نەبوون، ئەو وتی "100 خێزانی مەسیحی رەسەنی شاری سلێمانی هەن، بۆچی نوێنەرایەتی لەپەرلەماندا هەر دەبێت بۆ مەسیحییەكانی دهۆك‌و عەینكاوەو هەولێر بێت‌و سلێمانی تیا نەبێت؟! پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت".


قەشە ئەیمەن ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەوانەی بەكۆتای مەسیحی دەچنە پەرلەمانەوە زیاتر نوێنەرایەتی حیزبەكانیان دەكەن نەك ئایین‌و تائیفەكەیان، نیگەرانی خۆشی بەرامبەر پەرتەوازەیی مەسیحییەكان نەشاردەوە كە لەزۆربەی رووداوە چارەنوسسازو گرنگەكاندا یەكدەست نین.


لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە بۆچی وەك پیاوانی ئایینی موسڵمان لەکوردستاندا هەوڵی چونە پەرلەمان نادەن بۆ ئەوەی باشتر نوێنەرایەتی مەسیحییەكان بكەن، قەشە ئەیمەن وتی "كاری من نوێژ‌و دوعا خوێندنە نەك سیاسەت، من بەخزمەتی كەنیسەوە خەریكم‌و تێكەڵ بەسیاسەت نابم".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×